هەواڵ

-

کۆمێنیتەکانی فاشیزمی نوێ ‌

ئیسماعیل حەمەئەمین‌
10/19/2013 3:01:09 AM 498 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

کۆمێنیتەکانی فاشیزمی نوێ ‌
ئیسماعیل حەمەئەمین‌

بۆ ئەو هاوڕێیانەی کۆمێنت لەماڵپەڕی مندا دەنووسن، ئەوەندە دەڵێم فەیسبوک‌و ماڵپەڕی من بۆ کاری کولتوری‌و ئەدەبی‌و جوان تەرخانە، لەبەرئەوە ئه‌گەر هاتوو لەکۆنتێکستێکی ئەدەبی‌و فیکری‌و بەئەدەب‌و ئەتەکێتدا نەنووسرێت، بەڕای من جێگەی قبوڵ نییەو لای من دەسڕدرێتەوە. لەم ماڵپەڕه‌ی مندا دیالۆگ لەئەخلاقی دیالۆگی دیموکراسیانە جودا نابێتەوە. تەجاوزکردنی شەخسی لەسەر ئەوانەی کۆمێنت لەسەر بابەتە دانراوەکان دەنووسن‌و بەکارهێنانی زمانی تۆمەتباری پەیوەندیی نییە بەدیموکراسییەوە، بەڵکو سەرهەڵدانی فاشیزمێکن لەژێر ناوێکی دیکەدا. ئەمانە زمانێکن تەواو جیاوازن لەکولتوری دیالۆگ‌و گفتوگۆ.
سەرنجی دووەمم بۆ ئازیزان‌و هەوادارانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، کە بزوتنەوەکەی ئێوە وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، لەسەر بنەمای (شەفافیەت‌و دیالۆگ‌و دادپەروەری) دامەزراوە، لەبەرئەوە چاوەڕوانی ئێمە لەو برادەرانە ئەوەیە دیالۆگی جیدی بکەن‌و جێگەی دادگا نەگرنەوەو نەبنە دادوەری ئەخلاقی بەسەر کەسەوە.
زمانی دیالۆگ زمانێکی باڵاو پڕ له‌ڕێزە، تەنانەت تاوانبارانیش لەداگای دیموکراسیدا مافی ژیانی شەخسیان پاریزراوە، بەڵام وەک دیارە ئێمە بەرەو فاشیزمێکی دیکە دەڕۆین، بەوەی کەس نەتوانێت ڕەخنە بگرێت بۆئەوەی بەلایەنگری گەندەڵی تاوانبارت نەکەن، ئەم گوتارە فاشیزمە نوێیە فەیلەسوفێکی وەک (یورگن هابرماز)ی هێنایە قسە، کاتی خۆی بزووتنەوەی ١٩٦٨ی خوێندکارانی ئەڵمانیای بە(چەپی فاشیزم) پێناسەی کرد، هەر کاتیک سەرانی قوتابخانەی فرانکفۆرت ڕەخنەیان لەبزووتنەوەکە بگرتایە، ئەوان خێرا پەلاماریان دەدان‌و بەلایەنگری کۆنزەرڤاتیڤ‌و دواکەتوویی‌و لایەنگری جەنگی ڤێتنام تاوانباریان دەکردن، بەجۆرێک کچەکان دەچنە بەردەم فەیلەسوفیکی گەورەی وەک (ئادۆڕنۆ)و کراسەکانیان دەکەنەوەو مەمکی ڕووتی خۆیان وەک وەڵامدانەوەیەک نیشانی ئەو گەورە بیرمەندە دەدەن. (ئادۆڕنۆ) بە دواکەتوو وەسفدەکەن، دوای چەند مانگێک (ئادۆڕنۆ) دەمرێت‌و ئەم ڕووداوە دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش لەمێژووی ئەم بزووتنەوەیەدا. ئەمڕۆ ئەو دیاردەیە پەیدابووە کە چیتر ناتوانیت ڕەخنە بگریت لەئۆپۆزسیۆن، چونکە لیستی هەڵەکانی پارتی‌و یەکێتی لەدەسەڵاتدا بەسەر تۆدا ساخدەکەنەوە، بەمەرجێک لەحکومەتی داهاتوودا دەبێت بزووتنەوەکە لەگەڵ یەکێک یان هەردوو لیستەکە حکومەت پێکبهێنێت. ئەمەش ئه‌گەر لۆجیکی هەوادارانی ئۆپۆزسیۆن بێت، ئەوا گۆڕان لەگەڵ گەندەڵکاران‌و دزو جەردەدا حکومەت دروستدەکات، دەنا چۆن دەتوانیت لەگەڵ هێزی نادیموکرات‌و گەندەڵدا شەریکە حکومەت بێت؟ کەواتە با زمانی دیالۆگی ئەقڵانی وەها بکات حکومەت دروست بێت، دادگا چالاک بێت، پشکی پەرلەمانی کاری خۆی بکات‌و گەندەڵیش بدرێتە دادگاو گۆڕانکارییەکان لەسوستێم‌و بەرنامەو یاسادا بێت، نەک خۆکردن بەداوەری ئەخلاقی بەسەر کەسەوە. ئەمەی من دەیڵێم دروستکردنی کولتورێکی دیموکراسیانەیه‌، بەڵام ئەم جۆرە زمانەی ئێستا ڕووبەڕووی ئێمەی نووسەران‌و رۆشنبیران دەکرێتەوە، زمانی فاشیزمی نوێیە، جگە لەکەش‌و هەوای شەڕی ناوخۆ هیچیتر بەرهەمناهێنێت.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure