هەواڵ

-

ده‌بێ ژماره‌ یه‌ك بین ‌

شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌
10/19/2013 3:02:52 AM 597 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

سروشتی مرۆڤ وایه‌ هه‌میشه‌ له‌هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كه‌ ده‌یكات له‌ژیانیدا، حه‌زده‌كات له‌یه‌كه‌مه‌كان بێت. جا ئه‌م خه‌سڵه‌ت‌و سروشت‌و كاره‌ جوانی بێت، یان جلوبه‌رگ یان خوێندن‌و خوێنده‌واری بێت یان ئازایه‌تی‌و جه‌نگاوه‌ریی بێت یان ده‌وڵه‌مه‌ندی‌و بوونی پێویستییه‌كانی ژیان بێت یان وه‌رزش‌و هونه‌ر بێت، هه‌میشه‌ سروشتی مرۆڤه‌كان وایه‌ كه‌وا له‌یه‌كه‌مه‌كان بێت. كه‌س له‌و باڵاتر نه‌بێ. بۆیه‌ سیاسه‌تیش وایه‌، هه‌میشه‌ مرۆڤ حه‌ز به‌یه‌كه‌مه‌كه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م نه‌بوو، ئه‌وجا دووه‌م. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ ده‌مه‌وێ له‌م بابه‌ته‌ شیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌یه‌كه‌مبوونی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بكه‌ین له‌گۆڕه‌پانی سیاسه‌تكردن له‌كوردستان. ماوه‌یه‌كی زۆر یه‌كێتی هه‌میشه‌ له‌یه‌كه‌مه‌كان بوو، له‌خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی‌و سیاسی، بۆیه‌ كه‌ ئێستا ده‌بینین پله‌كه‌ی داشكاوه‌ بۆ ژماره‌كانی خوار ژماره‌ یه‌ك، ده‌بێ له‌هۆكاره‌كانی بكۆڵینه‌وه‌.
یه‌كێتی‌و
ژماره‌ یه‌ك
دوای ده‌رچوونی باڵی «ریفۆرم» له‌ناو یه‌كێتی به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی، ژماره‌ی یه‌كێتی هاته ‌خواره‌وه‌ بۆ نیوه‌ یان زیاتر له‌نیوه‌. ئه‌مه‌ش هۆكارێكی ته‌كنیكی نه‌بوو، به‌ڵكو هۆكاری لێكترازانی جه‌سته‌یی بوو و له‌چاره‌سه‌ر ده‌رچوو. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێوه‌ری ژماره‌كانی خۆی بمابایه‌، پێویست بوو یه‌كێتی له‌ڕووی ته‌كنیكه‌وه‌ به‌رنامه‌ی باشتری هه‌بوایه‌و ته‌كنیكی گونجاوتری به‌كاربهێنایه‌. له‌هه‌ڵبژاردنی 7/3/2010دا به‌هۆی هه‌ڵه‌ی ته‌كنیكیه‌وه‌ نه‌یتوانی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ركه‌وتویی به‌ڕێوه‌ ببات له‌به‌ده‌ستهێنانی ژماره‌ی كورسییه‌كاندا هه‌ڵه‌ی كرد. له‌هه‌ڵبژاردنی 21/9/2013، دووباره‌ هه‌ڵه‌ی تری كرد. كاتێك یه‌كێتی جودابۆوه‌ له‌لیستی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پارتی. تاكو ئێستا نه‌زانرا ئایا ئه‌م جودابوونه‌وه‌یه‌ بۆ چییه‌؟ ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ نه‌خشه‌ی سیاسی هه‌رێم به‌ئاراسته‌یه‌كی تردا بگۆڕین‌و ژماره‌كانی كه‌ حوكمڕانی كوردستانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ جێگۆڕكێیان پێ بكه‌ین، ئه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نابێت‌و ئه‌و په‌یامه‌ی ئێمه‌ باش نه‌بوو، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كاتێك وتمان به‌جیا داده‌به‌زین‌و هه‌ندێك هه‌نگاوی هه‌نووكه‌یی له‌خیتابی سیاسیدا گیرایه‌به‌ر، زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ درا به‌گوێی خه‌ڵك‌و خه‌ڵكه‌ تۆراوو په‌راوێزخراوه‌كانی یه‌كێتی به‌ئاگاهاتنه‌وه‌و به‌ره‌و ڕووی یه‌كێتی هاتنه‌وه‌، ئه‌وه‌ وای له‌سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی كرد زوو به‌ر له‌وه‌ی به‌خێرهاتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بكاته‌وه‌، له‌چه‌ند جووڵه‌یه‌كی نه‌خوازراوی میدیایی‌و په‌رله‌مانیدا هه‌مووی به‌جارێك له‌ده‌ریایه‌ك بێئومێدی قاعیده‌كه‌ی خۆی بكاته‌وه‌. به‌مه‌ نه‌ك تازه‌ هاتووه‌كانی رانه‌گرت له‌لای خۆی، به‌ڵكو ژماره‌یه‌كی تریشی له‌گه‌ڵ خۆی برده‌ ده‌ره‌وه‌ی زۆنی یه‌كێتی.
ململانێ
ته‌نها هی دوو هێزه‌
سروشتی ململانێ وایه‌ هه‌میشه‌ دوو هێز به‌رامبه‌ری یه‌ك ده‌بن نه‌وه‌ك سێ هێز. جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م‌و دووه‌م زۆر وڵاتی كردبووه‌ یه‌ك به‌ره‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی سیاسی‌و دیپلۆماسییان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌بێ. هه‌روه‌ها هه‌رگیز نه‌بووه‌ له‌یه‌ك كاتدا سێ تیپ به‌یه‌كه‌وه‌ یاریی بكه‌ن له‌گۆڕه‌پانێك. یه‌كێتی كاتێك له‌لیستی پارتی جودا بۆوه‌، نه‌بووه‌ ئه‌و لیسته‌ی كه‌ جاران له‌هه‌موو هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان باڵای ده‌كردو هێزه‌كانی تر ده‌كه‌وتنه‌ نێوانی پارتی‌و یه‌كێتی بچووك ده‌بوونه‌وه‌. ئه‌مجاره‌ ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له‌پێنج حزبه‌ گه‌وره‌كه‌، پارتی‌و یه‌كێتی‌و گۆڕان‌و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ، دووانیان ده‌نگیان زیادی كردووه‌، سیانیان ده‌نگیان كه‌می كردووه‌. هۆكاره‌كه‌ ده‌توانین بڵێن به‌مشێوه‌یه‌یه‌. یه‌كێتی نه‌یتوانی له‌به‌رامبه‌ر پارتی ببێته‌ ركابه‌رێكی سه‌ره‌كیی خه‌ڵكی ناڕازی له‌پارتی، هه‌موو ویسته‌كانی خۆی له‌لیستی یه‌كێتیدا ببینێته‌وه‌. له‌هه‌مان كاتدا نه‌بووه‌ ئه‌و هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌ش كه‌ به‌رامبه‌ر به‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و ئۆپۆزسیۆن كه‌وا خه‌ڵكی دژ به‌ئۆپۆزسیۆن هه‌موو ویسته‌كانی خۆی له‌لیستی یه‌كێتیدا ببینێته‌وه‌. خه‌ڵك له‌هه‌ولێرو زۆنی زه‌رد توندبوونی له‌یه‌كێتی ده‌وێ به‌رامبه‌ر به‌پارتی، یه‌كێتی ئه‌وه‌ی نه‌كرد. له‌ناوچه‌ی زۆنی سه‌وز زیاتر وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌كتیڤی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری زیاتری ده‌ویست، ئه‌ویشی لێنه‌بینییه‌وه‌، چونكه‌ له‌وسه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ پارتییه‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی كرده‌ هی خۆی‌و پارتی. یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نه‌یتوانی ئه‌م وتاره‌ به‌لادا بخات‌و به‌شی خۆی لێبكاته‌وه‌.
ده‌نگم بۆ ژماره‌ یه‌كه‌
هه‌روه‌ك وتمان هه‌میشه‌ مرۆڤ یه‌كه‌می حه‌ز لێیه‌، یه‌كێتییه‌ك تاكو مام جه‌لال هه‌بێ حه‌ز ناكات له‌گه‌ڵ كه‌سی تردا دانیشێ، پارتییه‌ك‌و مه‌سعود بارزانی، گۆڕانێك‌و نه‌وشیروان مسته‌فا. بۆیه‌ خه‌ڵك ئه‌وه‌ی ده‌نگی به‌ده‌سه‌ڵات دا، پارتی پێ ده‌سه‌ڵاتی ژماره‌ یه‌ك‌و به‌هێز بوو، نه‌وه‌ك یه‌كێتی، چونكه‌ یه‌كێتی به‌ته‌واوكه‌ری ده‌سه‌ڵات ده‌زانی نه‌وه‌ك هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كیی ده‌سه‌ڵات. ئه‌وه‌ی حه‌زی به‌ئۆپۆزسیۆن بوو چ ئه‌وانه‌ی هه‌واداری یه‌كێتی بوون، یان یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ، ده‌نگیان به‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دا، چونكه‌ پێیانوایه‌ ئه‌و ژماره‌ یه‌كه‌و هه‌ر ئه‌ویش ئازایانه‌تر ده‌توانێ به‌رگریی له‌مافی خه‌ڵك بكات‌و له‌به‌رده‌م هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی باشتر قوت ده‌بێته‌وه‌.‏
به‌نیسبه‌ت یه‌كێتییه‌وه‌ كاتێك گۆڕان له‌بانگه‌شه‌ی خۆیدا ده‌یوت ده‌نگدان به‌یه‌كێتی ده‌نگدانه‌ به‌پارتی‌و به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كانی گه‌لی كوردستان‌و زاگرۆسی ده‌دیت كه‌ یه‌ك شێوه‌ قسه‌و یه‌ك جۆر وێنه‌یان له‌سه‌ر گۆڕان په‌خش ده‌كرد، ئه‌وكات ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی گۆڕانی لای زۆر له‌یه‌كێتییه‌ تونده‌كان ده‌سه‌لماند، به‌ڵێ قسه‌كه‌ی گۆڕان راسته‌، ده‌نگدان به‌یه‌كێتی ده‌نگدانه‌ به‌پارتی. بۆیه‌ راگه‌یاندنی یه‌كێتی هۆكارێك بوو بۆ ئه‌م شكسته‌.
سروشتی ململانێكه‌
هه‌روه‌ها سروشتی ململانێكه‌ وای شكانده‌وه‌ كه‌وا گۆڕان‌و پارتی باڵا بكه‌ن‌و ببنه‌ هێزی سه‌ره‌كی ململانێ نه‌وه‌ك یه‌كێتی‌و پارتی یان یه‌كێتی‌و گۆڕان. هه‌میشه‌ مرۆڤه‌كانیش سه‌یری دوو تیپه‌ ركابه‌ره‌ به‌هێزه‌كه‌ ده‌كه‌ن، نه‌ك تیپه‌كانی كه‌ له‌سه‌ر سێیه‌م‌و چواره‌م یاریی ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ خه‌ڵك ده‌نگی زیاتر بۆ ژماره‌ یه‌ك بووه‌ نه‌ك ژماره‌ دوو و سێ، بۆیه‌ ده‌نگی یه‌كێتی‌و یه‌كگرتوو‌و كۆمه‌ڵ كه‌میكردووه‌.
له‌وه‌ته‌ی گۆڕانیش دروستبووه‌، جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی به‌ئاسانی له‌نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی جووڵه‌ ده‌كات‌و پێشی نه‌نگی نییه‌. بۆیه‌ ده‌بێت یه‌كێتی له‌مه‌ولا كار له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ژماره‌كه‌ی خۆی بكاته‌وه‌ كه‌ ژماره‌ یه‌كه‌. نه‌وه‌ك به‌ژماره‌كانی خوار ژماره‌ یه‌ك رازی بێت‌و بووه‌ستێ.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure