هەواڵ

-

ئه‌نقه‌ره‌و پاكێجی چاكسازییه‌كانی ‌

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
10/19/2013 3:04:43 AM 515 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

پاش 24 سه‌عات له‌ڕاگه‌یاندنی پاكێجی چاكسازییه‌ دیموكراتییه‌كانی ئه‌ردۆگان، هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر به‌رزترین ئاست پشتگیریی كردو به‌هه‌نگاوێكی گرنگی بۆ چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ی كوردی توركیا دانا، ئه‌م پاكێجه‌ دووه‌م پاكێجه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان له‌ماوه‌ی یانزه‌ ساڵدا رایده‌گه‌یه‌نێ‌و پێش ئه‌وه‌ی رایبگه‌یه‌نێ پروپاگه‌نده‌یه‌كی زۆری بۆ كردو ته‌نانه‌ت وتی: پاكێجه‌كه‌ شتی وای تێدا ده‌بێ هه‌ندێ كه‌س سه‌رسام ده‌كا. به‌ڵام پاش راگه‌یاندنی پاكێجه‌كه‌، ده‌ركه‌وت كه‌ به‌های چاكسازییه‌كان زێده‌ڕۆییه‌كی زۆری پێوه‌ كراوه‌و ئه‌و چاكسازییانه‌ هه‌ر شایسته‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ به‌كرچ‌و كاڵ ناوببرێن.
له‌م پاكێجه‌ی چاكسازی، عه‌له‌وییه‌كان به‌ڵێنیان پێدراوه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت زانكۆیه‌ك به‌ناوی حاجی به‌كتاشه‌وه‌، كه‌ دامه‌زرێنه‌ری مه‌زهه‌به‌كه‌یانه‌، داده‌مه‌زرێنێ، مه‌سیحییه‌كانی ماردین كه‌نیسه‌یه‌كی دێرینی خۆیان وه‌رگرتۆته‌وه‌، یۆنانه‌ ئه‌رسه‌دۆكسه‌كانیش رێیان پێدراوه‌ له‌یه‌كێ له‌زانكۆكان كۆلیژێك بكه‌نه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌كورده‌وه‌ هه‌یه‌، پاكێجه‌كه‌ شتێكی جێ بایه‌خی به‌كورد نه‌به‌خشیوه‌، له‌بری ناساندنی زمانی كوردی وه‌ك زمانێكی فه‌رمی، پاكێجه‌كه‌ ته‌نها دانی به‌ 3 پیتی ئه‌لفوبێی كوردیدا ناوه‌ كه‌ له‌ئه‌لفوبێی توركیدا نییه‌و له‌بری ناساندنی زمانی كوردی وه‌ك زمانی خوێندن له‌خوێندنگه‌ حكومییه‌كاندا، پاكێجه‌كه‌ مافی خوێندنی زمانی كوردیی له‌خوێندنگه‌ ناحكومییه‌كان به‌خوێندكارانی كورد داوه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ پاكێجه‌كه‌ هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌لایدا نه‌چووه‌ یاسای سزاكان‌و پێناسه‌ی تیرۆره‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌مێكه‌ داوا ده‌كا پێداچوونه‌وه‌ی پێدا بكرێ، چونكه‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م داوایه‌ هه‌لومه‌رجێكی له‌بار بۆ ئازادكردنی زیندانییه‌ سیاسییه‌كانی كوردو لابردنی ناوی تیرۆریست له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ نایه‌ته‌دی. له‌هه‌مووشی سه‌رنجڕاكێشتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاكێجی چاكسازییه‌كان هێشتا هیچ به‌هایه‌كی یاسایی نییه‌، چونكه‌ ئه‌ردۆگان به‌سه‌رزاره‌كی رایگه‌یاندووه‌و نه‌یخستۆته‌ قاڵبـی پڕۆژه‌یه‌كی نووسراوه‌وه‌، به‌شێكی زۆری چاكسازییه‌كانیش پێویستیان به‌ڕه‌زامه‌ندیی په‌رله‌مانه‌، گرنگترین لایه‌نی چاكسازییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێژه‌یی 10%ی پێویست بۆ چوونه‌ ناو په‌رله‌مان كراوه‌ته‌ 5% به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌بچووككردنه‌وه‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌و له‌سه‌دا پێنجه‌ خۆیشی هه‌ر زۆره‌.
ئه‌مه‌ به‌م مانایه‌ دێ كه‌ پاكێجه‌كه‌ شتێكی ئه‌وتۆی بۆ كوردو مه‌سه‌له‌كه‌ی تێدا نییه‌و كورد چاوه‌ڕوانی زۆر له‌مه‌ زیاتری كردووه‌، مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاڵۆزی وه‌ك مه‌سه‌له‌ی كورد به‌پاكێجێكی كرچ‌و كاڵی چاكسازیی له‌مجۆره‌ چاره‌سه‌ر ناكرێ‌و ته‌نانه‌ت پاكێجێكی وا لێی رانابینرێ بتوانێ رێ بۆ چاره‌سه‌ركردنیش خۆش بكا.
په‌له‌كردنی هه‌رێمی كوردستان له‌پشتگیریكردنی پاكێجه‌كه‌ هیچ بیانوویه‌كی نییه‌و به‌كرده‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ناچار نییه‌ پشتگیریی هه‌موو هه‌نگاوێكی حكومه‌تی توركیا له‌م باره‌یه‌وه‌ بكا. ئه‌مه‌ پێگه‌ی هه‌رێم له‌ناو كوردی باكوور لاواز ده‌كاو به‌كرده‌وه‌ش هیچ قازانجێكی بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی نییه‌. له‌كاتێكدا باكوور پاكێجه‌كه‌ به‌كرچ‌و كاڵ‌و نزمتر له‌ئاستی چاوه‌ڕوانكراو و داواكراو داده‌نێ، پشتگیریكردنی پاكێجه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ به‌م مانایه‌ دێ كه‌ هه‌رێم پشتگیریی پاكێجێك چاكسازیی كرچ‌و كاڵ‌و مایه‌ی مشتومڕ ده‌كا. ره‌نگه‌ ئه‌م چه‌شنه‌ هه‌ڵوێستانه‌ ببنه‌ مایه‌ی لاوازكردنی هێزی دیپلۆماسیی هه‌رێم‌و ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ له‌و گۆشه‌نیگایه‌شه‌وه‌ سه‌یر بكرێ كه‌ هه‌رێم توانای بێلایه‌نی له‌ده‌ستداوه‌و ناتوانێ بۆچوونێكی جیاوازو پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌رببڕێ، كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ ده‌رهاوێشته‌ی نه‌خوازراوی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و بوارێك بۆ لێكدانه‌وه‌ی خراپ ده‌ڕه‌خسێنێ.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure