هەواڵ

-

سیناریۆ گه‌شه‌كانی به‌رده‌م یه‌كێتی؟ ‌

مامۆستا جه‌عفه‌ر
10/24/2013 10:41:51 AM 553 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

زۆربه‌ی زۆری چاودێر‌و لێكۆڵیاره‌ سیاسییه‌كان، له‌به‌رده‌م سیناریۆ گه‌ش‌و ژاكاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م، نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌‌و ره‌نگه‌ پێیانوابێت، ئه‌و هێزه‌ی پشكی گه‌وره‌تری له‌كۆی ده‌نگه‌كان به‌ركه‌تووه‌ براوه‌ی یه‌كه‌مه‌‌و ئه‌و تاكه‌ بڕیارده‌ری دانان‌و داڕشتنی سیناریۆكانه‌‌و هێزه‌كانی تر ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزی رووداوه‌كانه‌وه‌. ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ له‌ڕووی ئاسۆیی‌و ستوونیدا، به‌رامبه‌ر یه‌كتری بگرێت، ده‌بینرێت كورت ده‌هێنێت.

ئاسۆی كاری سیاسی
هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی سوید‌و نه‌رویج‌و دانیمارك نین، ته‌نیا ده‌نگه‌كان بخوێنرێته‌وه‌‌و خاوه‌نی به‌رزترین رێژه‌ی ده‌نگه‌كان، ده‌توانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت. له‌و وڵاتانه‌دا كێشه‌ی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی قانون‌و ده‌ستوور‌و دوو ئیداره‌ییان نییه‌!.

یه‌كێتی (18) كورسی هێناوه‌، له‌چاو هه‌ڵبژاردنی (1992) زۆر كه‌می هێناوه‌‌و له‌چاو هه‌ڵبژاردنی (2005) زۆر كه‌می هێناوه‌. ئه‌م خاڵه‌ زۆر گرنگه‌‌و سه‌ركردایه‌تی ئێستا‌و سه‌ركردایه‌تی پاش كۆنگره‌ی چواره‌م، بۆچوون‌و هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌بێت. كێشه‌ی پ.د.ك له‌سلێمانی ئه‌وه‌یه‌ 11%ی ده‌نگه‌كانی هێناوه‌‌و ی.ن.ك 28%ی كۆی ده‌نگه‌كانی هێناوه‌‌و گۆڕان 40%ی كۆی ده‌نگه‌كانی هێناوه‌. كه‌واته‌: ئایا پارتی ده‌توانێت به‌ڕێژه‌ی 11% پێ‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دابگرێت، كه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ نوێنه‌رایه‌تی شاری سلێمانی بكات؟.
پارتی هێزێكی پراگماتییه‌‌و ئه‌و راستییه‌ ده‌زانێت، به‌بێ‌ هاوپه‌یمانی نوێ‌، یان درێژه‌پێدانی هاوپه‌یمانی كۆن، ناتوانرێت سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كانی پارێزگای سلێمانی‌و گه‌رمیان پشتگوێ‌ بخرێت‌و ده‌بێ‌ پ.د.ك به‌جددی بیر له‌ده‌نگ‌و داخوازی‌و ویستی (هه‌رێمی سه‌وز)ی جاران بكاته‌وه‌!.

ئێستا پرسیارێكی زۆر ده‌كرێت‌و هه‌ریه‌كه‌ ده‌یه‌وێت ئاسۆی كاری سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌جوانی ببینێت.
پرسیاری ئه‌م چركه‌ساته‌
پرسیاری ئه‌م چركه‌ساته‌ ئه‌وه‌یه‌:

-ئایا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌شداری له‌كابینه‌ی هه‌شته‌م ده‌كات، یان شانبه‌شانی ئۆپۆزسیۆن، له‌ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا داده‌نیشێت‌و كار بۆ به‌رنامه‌كانی ئێستاو داهاتوو ده‌كات؟.

-ئه‌گه‌ر بڕیاریدا، به‌شداری حكومه‌ت بكات، له‌سه‌ر هه‌مان رێباز‌و به‌رنامه‌ی «هاوپه‌یمانی كوردستانی» كۆنگره‌ی چواره‌م تاجی پیرۆزبایی ره‌وانه‌ی سه‌ری ئه‌م بڕیاره‌ ده‌كات؟.

-ئایا ی.ن.ك ده‌توانێت، له‌گه‌ڵ‌ پارتیدا حكومه‌تێكی هاوبه‌ش‌و هاوپه‌یمان دروست بكات، به‌ڵام به‌چاو به‌ستراوی‌و ده‌م نووقاوی نه‌بێت؟ دروستبوونی هاوپه‌یمانی سنووردار، له‌به‌رنامه‌ی چه‌ند خاڵیدا، به‌مه‌رجێك سه‌د له‌سه‌د به‌قازانجی خه‌ڵكی هه‌ژار‌و ده‌ست كورت بێت‌و هه‌ر زۆر شه‌فاف‌و به‌رچاوبێت، ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵكه‌وه‌ پشتیوانی لێده‌كرێت؟.

-ئایا یه‌كێتی له‌گه‌ڵ‌ گۆڕاندا سه‌د له‌سه‌د رێكده‌كه‌وێت‌و هه‌ردووكیان له‌ناو حكومه‌تی بنكه‌ فراواندا، وه‌كو یه‌ك فراكسیۆن كارده‌كه‌ن؟ چونكه‌ به‌ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی (هه‌رێمی سه‌وز)ی جاران بێت، ئه‌م دوو هێزه‌ زۆرایه‌تییان هه‌یه‌‌و به‌رپرسیارێتی ناوچه‌یه‌كی فراوانیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌م دوو هێزه‌ پێكه‌وه‌ ده‌توانن داكۆكی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی فراوان‌و زۆر‌و زه‌وه‌ندی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بكه‌ن‌و ببنه‌ پشتیوانی ئه‌و ناوچه‌ كوردستانییانه‌، كه‌ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمن. ئه‌م دوو هێزه‌ پێكه‌وه‌ هاوئاهه‌نگ نه‌بن، كێشه‌ی گه‌لی كوردستان زیانی قورسی به‌رده‌كه‌وێت‌و هه‌رێمی كوردستان‌و ئه‌زموونه‌كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌.

ده‌رهاویشته‌‌و ئه‌نجامه‌كان
هه‌ر كه‌سێك به‌وردی ده‌رهاویشته‌‌و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 21/9/2013 بخوێنێته‌وه‌، به‌ئاسانی ده‌گاته‌ بڕوایه‌ك، كه‌ به‌شداری له‌حكومه‌تدا نابێ‌ به‌نرخێكی گران بووه‌ستێت. ده‌بێ‌ ره‌زامه‌ندیی جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ر بێت، نه‌ك ته‌نیا چه‌ند ئه‌ندامێكی (م.س).
هێزێك له‌كابینه‌دا به‌شداری بكات‌و رێژه‌ی 80% ی وه‌زیر‌و وه‌زاره‌ته‌كان به‌ر ئه‌و بكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و وه‌زیرانه‌، ده‌سه‌ڵاتیان وا به‌چڕی پێناسه‌ كرابێت‌و سنووردار كرابێت‌و یه‌كێك له‌وه‌زیره‌كان له‌هه‌موو كۆڕ‌و كۆمه‌ڵێكدا بڵێت: «من ته‌نیا لێپرسراوی ئه‌م چوار دیواره‌م» یان بڵێت: «بریكاره‌كه‌م، دوا بڕیاری وه‌زاره‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌‌و ئه‌و ئیمزای هه‌ر نووسراوێك نه‌كات، ئه‌و نووسراوه‌ له‌هیچ كوێ‌ كاری پێناكرێت»..... تاد.

ئه‌م جۆره‌ به‌شداریكردنه‌، هیچ په‌یوه‌ندیی به‌ئامانجی سیاسی‌و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ نییه‌‌و له‌فه‌رهه‌نگی سیاسیدا شایانی به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه‌یه‌.

راسته‌ ئه‌مڕۆ پارتی 38 كورسی له‌په‌رله‌ماندا به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام یه‌كێتی‌و گۆڕانیش (42) كورسییان هه‌یه‌‌و ئه‌م دوو هێزه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت، ده‌توانن گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به‌گه‌له‌كه‌یان بكه‌ن و بنه‌مای حكومه‌تێكی بنكه‌فراوان دابمه‌زرێنن. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، گه‌ر سه‌ربكه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر‌و رۆحی گرژی باڵاده‌ست بێت، ئه‌وه‌ هه‌لێكی زێڕین له‌ده‌ست ده‌درێت... مێژووش به‌زه‌یی به‌كه‌سدا نایه‌ته‌وه‌.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure