هەواڵ

-

یه‌كێتی له‌نێوان شكست‌و سه‌ركه‌وتندا ‌

هیوا سه‌رهه‌نگ،هۆڵه‌ندا‌
12/6/2013 10:25:12 AM 511 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

نه‌ ژیان بێ هه‌ورازو نشێوی ده‌بێت‌و نه‌ خه‌باتی میلله‌تانیش بێ گرفت‌و قوربانیدان‌و تێكۆشان ده‌بێت، له‌خۆڕاگری‌و به‌رخودان‌و رێكردن به‌سه‌ختی‌و دژواریه‌كانیشدا به‌رده‌وامی درێژه‌دان به‌بوون ده‌سازێت، له‌نێو تێهه‌ڵكێشی ئه‌م پڕۆسانه‌شه‌وه‌ حزب یان هه‌ر رێكخراوه‌یه‌كی داڕێژراو له‌سه‌ر بنه‌ما پته‌وه‌كانی رێكخستن‌و خاوه‌ن به‌رنامه‌یه‌كی دروست‌و گونجاو به‌زه‌مینه‌ی بارودۆخێك كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هۆكاره‌ خۆیی‌و بابه‌تییه‌كانی تیا به‌هه‌ند وه‌رگیرابێت، هه‌رگیز مه‌یلسازی بۆ نشوستی گه‌وره‌ تیا ناسازێت‌و درشت‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌ هاوكێشه‌كانی خودو گشت‌و كه‌نار هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، ده‌نا نشوست له‌تێنه‌گه‌یشتن‌و پێناسه‌كردنی نه‌گونجاوی قۆناغه‌كاندایه‌، ئا لێره‌وه‌ ده‌چمه‌ سه‌ر ئه‌و بێنه‌و به‌رێیه‌ی ئه‌م دواییه‌و به‌تایبه‌ت پاش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان (21/9/2013)، كه‌ ئاستی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌و ئاقاره‌دا نه‌بوو كه‌ هه‌ندێك چاوه‌ڕوانی ده‌كرد بێ لێكدانه‌وه‌ی دروستی بارودۆخه‌كه‌و پێشبینییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان، هه‌ربۆیه‌ ده‌كرێت پرسیار له‌وه‌دا بێت ئایا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان تووشی نشوست بووه‌؟ ئایا به‌رنامه‌كانی یه‌كێتی نێشتمانی كوردستان شكستی هێناوه‌؟ ئایا بۆچوون‌و رێنمایی‌و سیاسه‌ته‌كانی (مامی گه‌وره‌مان) له‌مه‌ر كۆمه‌ڵی كورده‌واری‌و چۆنیه‌تی پێشكه‌وتن‌و پێشخستنی عه‌قڵیه‌تی كوردی ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی نه‌داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بشكێته‌وه‌؟ ئه‌مه‌و پرسیارگه‌لێكی تر كه‌ ده‌كرێت وردترو قووڵتر بیریان لێبكرێته‌وه‌و پاشان بڕیار له‌سه‌ر ئاینده‌و یه‌كێتی‌و یان باشتر یه‌كێتی به‌ره‌و كوێ ببرێت.
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌رنامه‌ی یه‌كێتی
سه‌رنج له‌وه‌دایه‌ ئایا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌موو پێشهات‌و ده‌ره‌نجامێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر به‌رنامه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌و ئه‌و بوارانه‌ی (مام) پێداگری له‌سه‌ر ده‌كردن‌و داكۆكی لێده‌كردن‌و ده‌یویست كۆمه‌ڵی كوردی به‌و ئاراسته‌یه‌دا بڕوات كه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌به‌رنامه‌كانیدا ئاماژه‌ی پێداون، پێم سه‌یره‌ تا ئاستی رووناكبیرانیش بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ بزانرێت له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و كاری چالاكی یه‌كێتیدا، په‌ی به‌ڕاستییه‌كان به‌رن‌و بزانرێت كه‌ ئایا یه‌كێتی له‌چه‌سپاندنی به‌رنامه‌و دروشمه‌كانیدا تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك كورتی هێناوه‌، باڵاترین ویست‌و دروشمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌دیموكراتیكردنی كۆمه‌ڵی كورده‌واری بوو، ئایا ناوچه‌ی سه‌وز تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنی له‌م هه‌نگاوه‌دا به‌ده‌ستهێناوه‌؟ بیری ئازادو ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی‌و هه‌موو ئازادییه‌كانی تریش كه‌ بوار له‌به‌رده‌م ده‌نگی ئۆپۆزسیۆندا فراوان ده‌كه‌ن له‌ناوچه‌یه‌كدا فراون بووه‌، خۆ گه‌ر بڕوابوون به‌دیموكراسیی نه‌بوایه‌ ده‌شیا یه‌كێتی وه‌ك هێزێكی مێژوویی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و كرده‌ كه‌ هه‌ر بیر له‌بوونی خۆی‌و لاوازو نه‌مانی به‌رامبه‌ر بكردایه‌ته‌وه‌، هێنده‌ كه‌مته‌رخه‌م بێت خۆی بكاته‌ قوربانی هیچ!؟ ده‌شێ ئه‌و ئازادی‌و دیموكراسییه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا ره‌خساوه‌ لای خودی یه‌كێتی‌و به‌تایبه‌ت سه‌رۆك‌و رابه‌ره‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كه‌ی سه‌دان هێنده‌ی خۆشییه‌ كاتییه‌كانی دیكتاتۆریه‌ت بڵندو پیرۆزتر نه‌بێت!؟ رێزم بۆ هه‌ندێك له‌و بیركردنه‌وه‌ بچووكانه‌ی كه‌ وا تێده‌گه‌ن كه‌ هه‌ر ده‌بێت یه‌كێتی ده‌سه‌ڵاتدار بێت‌و هه‌تاهه‌تایه‌، ئه‌ی ئه‌و دیموكراسییه‌ی به‌ڵێن ده‌درایه‌ میلله‌ت، ئه‌ی ئه‌و هه‌وڵ‌و خه‌باتانه‌ی به‌سه‌رپه‌رشتی مامی گه‌وره‌ رێكده‌خران.
سوودوه‌رگرتن له‌هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕییه‌كان
پرسیار له‌وه‌دایه‌ له‌كوێی وڵاتانی دیموكراسی ئه‌م دنیایه‌دا به‌ته‌نیا پارتێك بۆ هه‌میشه‌ ده‌بێت جڵه‌وگیری ده‌سه‌ڵات بێت، دوور له‌سازدانی هه‌ڵبژاردنی دروست‌و دوور له‌ساخته‌و به‌كارهێنانی توندوتیژی، ئه‌مه‌ ئه‌و پڕۆسه‌ سه‌ركه‌وتووه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو كادرو ئه‌ندام‌و دۆسته‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی پێ گۆش بكه‌ین‌و راستییه‌كان وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نرێته‌ رێكخستنه‌كان، مزگێنی سه‌ركه‌وتن‌و به‌رجه‌سته‌بوون‌و پیاده‌كردنی به‌رنامه‌كانی یه‌كێتی له‌ناوچه‌ی سه‌وز بدرێت به‌ئه‌ندامان‌و هه‌موو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، ره‌نگه‌ ئۆپۆزسیۆنێك هێنده‌ی ئێمه‌ نه‌توانێت كۆمه‌ڵ بگۆڕێت به‌ره‌و پێشكه‌وتن، وه‌لێ ده‌كرێت هه‌مان ئۆپۆزسیۆنیش سوودی له‌و هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕییانه‌ وه‌رگرتبێت كه‌ له‌پراكتیزه‌كردنی به‌رنامه‌كانماندا كردوومانه‌ یاخود له‌خراپ به‌كارهێنانی یه‌كێك له‌ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ده‌زگایه‌كی دیاریكراودا، هه‌ربۆیه‌ ده‌كرێت ئۆپۆزسیۆن بچێته‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتیش وه‌ربگرێت، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا دروستی له‌به‌خۆدا چوونه‌وه‌كاندایه‌و گه‌یشتنی ئۆپۆزسیۆنیش به‌و ئاسته‌ی ئه‌وه‌ی له‌تیۆریدا ده‌وترێت جودایه‌ له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی به‌كرده‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure