هەواڵ

-

بڕوخێ سه‌رۆكی داهاتوو؟!

هاوار مسته‌فا خان‌
12/6/2013 10:30:17 AM 707 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

پێش ئه‌وه‌ی هیچ كامێك له‌ڕكابه‌ره‌كانی سه‌رۆكایه‌تی میسری دوای 25ی یه‌نایه‌ر ناوی له‌ته‌واوی میدیاكانی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو ده‌نگبداته‌وه‌، هاووڵاتییه‌ك له‌ئه‌كاونتی فه‌یسبووكه‌كه‌ی خۆی به‌فۆنتێكی گه‌وره‌ نووسیی: بڕوخێ سه‌رۆكی داهاتوو؟!
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه‌ ساده‌یه‌ی گه‌نجێكی میسری كه‌ وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێداوه‌ هه‌ر له‌ڕۆژی له‌دایكبوونییه‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ رۆژی هاتنی موباره‌ك بۆ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات تا رۆژی لابردنی، وێنه‌ی موباره‌ك‌ له‌زه‌ینیدا به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك چه‌سپیوه‌ ئیدی به‌لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ بۆ له‌مه‌ودوا كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی‌و جێگای موباره‌ك ده‌گرێته‌وه‌‌، چونكه‌ تازه‌ ئه‌و و ملیۆنانی وه‌ك هاوته‌مه‌نی وی به‌و راده‌یه‌ گه‌یشتوون مه‌ده‌نیترین سه‌رۆكیش ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست ناتوانێت وێنه‌ی موباره‌ك‌و داڕمانی به‌های مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و و دیكتاتۆره‌كانی دیكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌نه‌خشه‌ی داهاتووی ئه‌واندا بسڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ناوی عه‌ره‌بچێتی‌و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ونی ژیاندۆستی‌و ژیانبینی چه‌ندین نه‌وه‌یان له‌گۆڕنا.
وته‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ «بڕوخێ سه‌رۆكی داهاتوو» هه‌ندێك خه‌ڵكی ساده‌ی خسته‌ پێكه‌نینه‌وه‌و هه‌ندێكیشی به‌نووسین‌و دروستكردنی به‌رنامه‌و هێنانی سیاسه‌تمه‌دارو شاره‌زایانی بواری ده‌روونزانی به‌شرۆڤه‌كردنی ئه‌و ده‌ربڕینه‌ سه‌رقاڵكردو ركابه‌ره‌كانی سه‌رۆكایه‌تیش ئه‌وه‌ی له‌ئه‌جێندایاندا نه‌بووبێت وته‌ی ئه‌و گه‌نجه‌و شرۆڤه‌كاران بوو، به‌ڵام بینیمان دوای ته‌نها ساڵێك یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی شۆڕشیش رووخاو كار به‌وه‌ گه‌یشت كه‌س حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌شی نه‌بێ باس له‌وه‌ بكات هاووڵاتیانی میسر پێویستیان به‌چ جۆره‌ سه‌رۆكێك هه‌یه‌ وه‌ك فریادڕه‌سێك له‌ده‌ست «بێكاری‌و برسێتی» رزگاریان بكات؟!
زۆربه‌ی زۆری هاووڵاتیانی ئه‌و وڵاتانه‌ی شه‌مه‌ندۆفێری شۆڕش بۆ ساتێك له‌وێستگه‌كه‌یاندا وه‌ستاو گوزه‌ری كرد، په‌شیمانن له‌وه‌ی فریای شه‌مه‌ندۆفێره‌كه‌ نه‌كه‌وتن تا چیتر له‌چاوه‌ڕوانیدا مه‌ست نه‌بن، وه‌ك ده‌وترێت حیكمه‌تی شه‌مه‌ندۆفێر له‌وه‌دایه‌ چاوه‌ڕوانی هیچ كه‌سێك ناكات ئه‌گه‌ر كه‌سانێك نه‌بن چاوه‌ڕوانی ئه‌و نه‌كه‌ن.
له‌دیدی سیاسه‌تمه‌داره‌كانی رۆژهه‌ڵاتییه‌وه‌، ‌گه‌نجانی فه‌رامۆش‌و بێبه‌ش له‌خۆشییه‌كان هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌ی هێزو توانای له‌بن نه‌هاتوون. به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن بینیومانه‌و بیستوومانه‌ سه‌ركرده‌كان لای گه‌نجان جێگای ئومێد بووبێتن!.
ئه‌گه‌ر وته‌ی پڕ واتای ئه‌و گه‌نجه‌ میسرییه‌ بێنینه‌وه‌ به‌رچاو، كه‌ وتبووی «بڕوخێ سه‌رۆكی داهاتوو» تێده‌گه‌ین كه‌ نه‌ك به‌ته‌نها له‌میسر به‌ڵكو «بێ جیاوازی» له‌زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و موسڵمان نشین، سه‌رۆك بوونه‌وه‌رێكی كاریگه‌ره‌و چه‌ند بوونی وه‌ك كاریزمایه‌ك پێویسته‌ ئه‌وه‌نده‌ش مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ چونكه‌ كاریزمای كلاسیكی ناتوانێ حه‌وت ته‌به‌قه‌ی ئاسمان ببڕێ‌و تا سه‌ر مایه‌ی خۆشبه‌ختی هه‌تاهه‌تایی بێت بۆ نه‌وه‌كانی دوای خۆی.
گۆڕینی ده‌موچاوی سیاسیی له‌ناو پارت‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان‌و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت‌و رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌ی مه‌ده‌نی گه‌ر له‌پێناو گۆڕین‌و پێشخستن‌و داكوتینی سیستم نه‌بێت كاره‌ساتێكی مه‌زنه‌و جگه‌ له‌دوپاتكردنه‌وه‌ی وته‌ی گه‌نجه‌ میسرییه‌كه‌ هیچ چاوه‌ڕوانییه‌كی دیكه‌ی لێناكرێت.
گومان له‌وه‌دا نه‌ماوه‌ كه‌ له‌به‌شه‌ باشوورییه‌كه‌ی كوردستانیش وێڕای ئه‌وه‌ی به‌سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی به‌تایبه‌تی ئه‌و گه‌نجه‌ خوێن گه‌رمانه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی به‌هاری 1991 یان له‌پاڵ پێشمه‌رگه‌و رابه‌رانی شۆڕش به‌رپاكرد زۆرینه‌یان گه‌نج‌و لاوی فیداكاربوون‌و له‌پێناو ئامانجێكی پیرۆز كاروانه‌كه‌یان به‌مڕۆ گه‌یاند. به‌ڵام كاریش به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ له‌نێو نه‌وه‌یه‌كی تازه‌دا پێش وته‌ی گه‌نجه‌ میسرییه‌كه‌ ئومێد له‌سه‌ر سه‌رۆكی داهاتوو كه‌ڵه‌كه‌ نه‌كه‌ن؟
ترسم له‌وه‌ نییه‌ گه‌نجێكی خورتی خۆمان پڕ به‌ده‌می هاوارێكی له‌وجۆره‌ بكات، به‌ڵكو له‌ده‌ترسم هاوارێكی له‌وجۆره‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌تر له‌وه‌ی گه‌نجانی «به‌هاری عه‌ره‌بی» نیشتمان به‌ره‌و وێرانكارییه‌كی مه‌زن به‌رێت‌و كه‌سمان له‌تواناماندا نه‌بێت به‌ر له‌شه‌پۆلی توڕه‌ییان بگرین.
له‌مێژووی دوورو نزیكدا نه‌مانبیستووه‌ دیكتاتۆرێك توانیبێتی میلله‌تی خۆی له‌ناوبه‌رێ، به‌ڵام ده‌یان نموونه‌ی زیندوو هه‌ن كه‌ میلله‌ت توانیویه‌تی دیكتاتۆره‌كانی خۆی راماڵێ.
مارلۆی بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی له‌باره‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نساوه‌ ده‌ڵێت «ئێمه‌ پێویستمان به‌سه‌د ساڵ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تێڕوانینی سه‌ر شۆڕشی فه‌ره‌نسا باشتر بكه‌ین».
كه‌واته‌، پیری‌و گه‌نجێتی گه‌ر بۆ خزمه‌تی ئامانجێكی روون «سیستماتیكی»یانه‌ بخرێته‌گه‌ر، نێوانی دوو نه‌وه‌ی دوو سه‌رده‌می جودایه‌و ده‌كاته‌ هێزو دوو وزه‌ی مه‌زن ده‌به‌خشنه‌ هه‌ر دامه‌ز‌راوه‌یه‌ك كه‌ مومكین نابێت رۆژێك له‌ڕۆژان كه‌سێك «گه‌نج یا پیر» له‌ده‌می ده‌ربچێت‌و بڵێ: بڕوخێ سه‌رۆكی داهاتوو؟!.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure