هەواڵ

-

كێ به‌رپرسه‌ له‌نه‌بوونی‌ پاره‌ له‌سلێمانی‌؟

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
1/17/2014 10:18:11 AM 537 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

كێشه‌ی‌ نه‌بوونی‌ پاره‌ له‌بانكه‌كانی‌ سلێمانی‌ بابه‌تی‌ گه‌رمی میدیاكانی‌ كوردستانه‌، لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیداریش له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌ڵامێكی موقنیعیان بۆ هاووڵاتیان به‌تایبه‌ت فه‌رمانبه‌رانی‌ سنووری‌ سلێمانی‌ پێ‌ نییه‌، به‌تایبه‌ت ناكرێ‌ گرفتی‌ دابینكردنی مووچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ته‌نها له‌سنووری‌ سلێمانی‌ هه‌بێت‌و له‌هه‌ولێرو دهۆك نه‌بێت؟! یان ئه‌گه‌ر گرفته‌كه‌ له‌هه‌ولێریش هه‌یه‌و چاره‌كراوه‌، بۆچی هه‌مان چاره‌سه‌ر سلێمانی‌ ناگرێته‌وه‌؟
ئه‌مانه‌ ئه‌م پرسیارانه‌ن كه‌ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار له‌حكومه‌ت وه‌ڵامێكی شه‌فاف‌و مه‌نتقی پێ‌ نییه‌، به‌پێی‌ زانیارییه‌كان ژماره‌ حسابێكی بانكیی بۆ فرۆشی‌ سوته‌مه‌نی‌‌و نه‌وت‌ له‌بانكی هه‌رێم-هه‌ولێر- كراوەته‌وه‌، پاره‌ی زۆری‌ تێدایه‌و رۆژانه‌ش دێته‌سه‌ری‌، بێگومان ئه‌م داهاتە هی فرۆشتنی نه‌وتی‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌ نه‌ك هه‌ولێر.
بەوتەی هەندێک سەرچاوە کە لە میدیاکانەوە باسدەکرێت لەهه‌ولێر‌و دهۆک له‌م پاره‌یه‌، كورتهێنانی‌ مووچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ پڕده‌كرێتەوە‌، هەر بەپێی ئەو سەرچاوانەش خه‌رجكردنی پاره‌كه‌ له‌لایه‌ن بریكاری‌ وه‌زارەتی داراییه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ تائێستا كێشه‌یان نه‌بووه‌، به‌ڵام دەڵێن سلێمانی له‌م پاره‌یه‌ بێبه‌ش کراوە، له‌كاتێكدا ئه‌م پاره‌یه‌ كه‌ بۆ هه‌ولێرو دهۆك خه‌رج ده‌كرێت، لێده‌ركردن‌و دانانه‌وه‌ی‌ ئه‌م پاره‌یه‌ پێویستی‌ به‌ڕێنمایی‌‌و بڕیارو ده‌سه‌ڵاتی‌ تایبه‌ت هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر خه‌رجكردنی ئه‌م پاره‌یه‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ لێی‌ ئاگادار نییه‌، كه‌واته‌ چ ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌م پاره‌یه‌ خه‌رج ده‌كات‌و چ رێنماییه‌ك رێگه‌ ده‌دات پاره‌ له‌بانكی هه‌رێم بهێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌و دابنرێته‌وه‌ به‌بێ‌ ئاگاداری‌ وه‌زیری‌ دارایی‌؟ ئه‌گه‌ر خه‌رجكردنی ئه‌م پاره‌یەش ‌له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌زیری‌ داراییدایە‌ كه‌واته‌ بۆچی بۆ سلێمانی‌ خه‌رج ناكرێت‌و ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌ناكرێت؟ خۆ ئه‌م ژماره‌ حیسابییه‌ هی داهاتی نەوتە، بۆچی رێگه‌ ده‌درێت له‌م ژماره‌ حیسابییه‌ پاره‌ بدرێت به‌هه‌ولێرو دهۆک، بەڵام نه‌درێت به‌سلێمانی‌؟
به‌پێی‌ چەند زانیارییەک وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ به‌ئیمزای‌ وه‌زیر به‌ر له‌سێ‌ مانگ به‌ڕه‌سمیی‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی‌ له‌م كێشه‌یه‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌، به‌نووسراوی ره‌سمی‌و به‌زاره‌كی چه‌ند جارێك دووپاتكراوه‌ته‌وه‌، واقیعی كێشه‌كه‌یان بۆ روونكراوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانیش باسكراوه‌، كه‌چی تائێستا نه‌توانراوه‌ بڕی‌ پاره‌ی‌ قه‌ره‌بوو بۆ كورتهێنانی‌ پاره‌ی سلێمانی‌ دابین بكرێت!
ده‌بێ‌ ئه‌و راستییه‌ بزانین، بوونی‌ كه‌موكوڕی‌و هه‌ر گرفتێك له‌سنووری‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ رووبه‌ڕووی‌ یه‌كێتی‌ ده‌كرێته‌وه‌، ده‌كرێته‌ مادده‌یه‌كی ئیعلامی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كێتی‌، به‌تایبه‌ت ئێستا له دوو ‌هه‌ڵبژاردن نزیك ده‌بینه‌وه‌و ده‌شێت ئه‌م بارودۆخه‌ش تا كۆتایی‌ مانگی داهاتوو درێژه‌ بكێشێت، پێویستە یه‌كێتی‌ له‌ئاست ئه‌م بارودۆخه‌دا قسه‌ی‌ خۆی‌ هه‌بێت، کاربەدەستانی یه‌كێتی‌ له‌حكومه‌ت راستیی‌ مەسەلەکە بۆ خه‌ڵك‌و به‌تایبه‌تیش خەڵکی سلێمانی‌ وه‌كو خۆی‌ روونبكه‌نه‌وه‌، بێده‌نگ بوون یان وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك کە نه‌توانێت خه‌ڵك قه‌ناعه‌ت پێبكات، واده‌كات به‌رده‌وام خه‌ڵك‌و میدیا رووی ده‌میان له‌یه‌كێتی‌ بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌م كێشه‌یه‌ کە په‌یوه‌ندیی به‌خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ته‌نها داهاتیان، مووچه‌ی‌ حكومه‌ته‌و چاوه‌ڕێی‌ سه‌ری‌ مانگ ده‌كه‌ن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ پێویستییه‌كانیان، ناشكرێت مامۆستایه‌ك له‌هه‌ولێر سه‌ری‌ مانگ مووچه‌كه‌ی‌ خۆی‌ وه‌ربگرێت‌و مامۆستایه‌كی دیكه‌ له‌پێنجوێن وه‌رینه‌گرتبێت، له‌كاتێكدا هه‌ردووكیان فه‌رمانبه‌ری‌ حكومه‌تن.
هه‌رچۆنێك بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌دا ده‌شێت دوو قسه‌ی‌ دیكه‌ بكه‌ین، یه‌كه‌میان ئه‌م بارودۆخه‌ جارێكی دیكه‌ سه‌لماندی هێشتا دوو ئیداره‌یی‌ نه‌ڕه‌ویته‌وه‌و وه‌زاره‌تی دارایی‌ یه‌كی نه‌گرتۆته‌وه‌، تائێستا دوو بانكی هه‌رێم، له‌كوردستان هه‌یه‌، یه‌كێکیان پاره‌ی‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ لێده‌درێت‌و ئه‌وی دیكه‌یان هه‌ولێر، پاره‌ی‌ نه‌وتیش له‌بانكی هه‌رێم- هەولێر هه‌ڵده‌گیرێت.
ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌زیری دارایی‌ كه‌ له‌یه‌كێتییه‌ ته‌نها به‌سه‌ر ئه‌و له‌ 43%یەی سلێمانیدا‌ ده‌شكێت‌و بریكاره‌كه‌شی به‌سه‌ر له‌ 57%كه‌ی‌ هه‌ولێردا.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure