هەواڵ

-

كورد له‌كۆنفرانسی دووه‌می ژنێڤ ‌

فورید ئەسەسەرد
1/21/2014 1:21:14 AM 488 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

له‌سه‌روبه‌ندی به‌سترانی كۆنفرانسی دووه‌می ژنێڤ سه‌باره‌ت به‌سوریا، هێشتا ئاینده‌ی سیاسیی سوریا به‌ته‌مومژی ماوه‌ته‌وه‌و هێشتا پێگه‌ی كوردی سوریا له‌هاوكێشه‌ی سیاسیدا روون نییه‌. ئه‌زموونی سوریا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌دژواری ده‌ستی پێكردووه‌. لانیكه‌م چوار لایه‌ن، هه‌ر یه‌كێكیان له‌سۆنگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی جیاوازه‌وه‌، ده‌ستیان له‌دژواركردنی ئه‌زموونی كوردی سوریادا هه‌بووه‌. یه‌كه‌میان، ئۆپۆزسیۆنی سوریایه‌ كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌دژی ئه‌وه‌ بووه‌ كورد سه‌ربه‌خۆو له‌ده‌ره‌وه‌ی چه‌تری ئۆپۆزسیۆنی دانپێدانراو كاربكا. ئه‌وی تر توركیایه‌ كه‌ به‌ئه‌سته‌می زانیوه‌ بتوانێ په‌یدابوونی هه‌رێمێكی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆی كوردنشین له‌باكووری سوریا قبوڵ بكاو له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ كه‌وته‌ دژایه‌تیكردنی‌و سه‌پاندنی ئابڵوقه‌ به‌سه‌ریداو دابڕاندنی له‌كوردستانی باكوورو ته‌نانه‌ت دروستكردنی گێچه‌ڵێكی زۆر له‌ڕێی لایه‌نی تره‌وه‌ بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كه‌. لایه‌نی سێیه‌م، گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كانی سه‌ر به‌قاعیده‌یه‌، له‌وانه‌ به‌ره‌ی نوسره‌و داعش، كه‌ كه‌وتنه‌ شه‌ڕفرۆشتن به‌هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌و هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی. لایه‌نی چواره‌م هه‌ندێک گرووپی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ده‌ستێوه‌ردانێكی خراپیان له‌كاروباری كوردی سوریا ده‌ستپێكردو ئه‌جێندایه‌كی ته‌واویان بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر لایه‌نه‌ ملكه‌چ نه‌كردووه‌كاندا داناو له‌دواییشدا هه‌وڵه‌كانیان گه‌یانده‌ ئاستی سه‌پاندنی ئابڵوقه‌ی ئابووری‌و داخستنی سنوور.
پێناچێ كۆنفرانسی دووه‌می ژنیڤ بۆ كوردی سوریا شتێكی وای لێ هه‌ڵبكڕێنرێ كه‌ به‌دیهێنه‌ری ئاوات بێ، هه‌رچه‌ند دوو گرووپه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كورد كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردو ئه‌نجومه‌نی گه‌لی رۆژئاوای كوردستانن، بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردنی كورد هاوهه‌ڵوێست‌و هاوڕان. به‌ڵام هه‌وڵی كورد بۆ به‌شداریكردن به‌شاندێكی سه‌ربه‌خۆ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌لایه‌ن واشنتۆن‌و ئه‌نقه‌ره‌و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌. باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌سوریا رۆبه‌رت فۆرد دژی به‌شداریكردنی كورد نه‌بوو له‌ژنێڤ، به‌ڵام گوشارێكی زۆری خسته‌سه‌ر كورد تا شاندی سه‌ربه‌خۆی نه‌بێ‌و له‌ژێر چه‌تری ئۆپۆزسیۆنی سوریا به‌شداری له‌كۆنفرانسه‌كه‌دا بكات.
ره‌وشی ناوخۆی سوریا له‌سۆنگه‌ی زیادبوونی ژماره‌ی ئه‌كته‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ زۆر ئاڵۆز بووه‌و ئه‌م ئاڵۆزییه‌ كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ئامانجه‌كانی كورد ده‌بێ. سوریا بۆته‌ مه‌یدانی ململانێی ركابه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ هیچ كامێكیان نایه‌وێ نه‌یاره‌كه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێ. زۆر وڵات به‌م ئه‌زموونه‌دا تێپه‌ڕیون. له‌سییه‌كاندا ئیسپانیا له‌ڕه‌وتی جه‌نگی ناوخۆدا بووه‌ مه‌یدانی ململانێی نێوان هیتله‌رو ستالین.
له‌شه‌سته‌كان‌و سه‌ره‌تای حه‌فتاكانیش واشنتۆن‌و مۆسكۆ دووبه‌ره‌كییه‌كانیان بۆ ڤێتنام گواسته‌وه‌. له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووشدا جه‌نگی عیراق- ئێران دوراییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌رگرت‌و له‌سۆنگه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی رۆژئاواو ئیسرائیل‌و یه‌كێتی سۆڤێت‌و كه‌نداوه‌وه‌ ره‌وتێكی تری گرته‌به‌ر.
سیناریۆی ئه‌مڕۆی سوریا دووباره‌كردنه‌وه‌ی سیناریۆكانی پیشووه‌، چونكه‌ سوریا بۆته‌ مه‌یدانی ململانێی دوو به‌ره‌ی نه‌یار، یه‌كێكیان به‌ره‌ی ئه‌مریكاو ئیسرائیل‌و كه‌نداو و توركیایه‌و ئه‌ویتر به‌ره‌ی ئێران‌و روسیاو چینه‌. ئه‌م ململانێیه‌ش وه‌ك چۆن له‌كۆنفرانسی یه‌كه‌می ژنێڤ ره‌نگدانه‌وه‌ی چڕی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سوریا هه‌بوو، ئه‌مجاره‌ش له‌كۆنفرانسی دووه‌می ژنێڤدا به‌شێوه‌یه‌كی چڕتر ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌بێ. ئه‌مه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی ئامانجه‌كانی ئاڵۆز ده‌كاو ده‌رفه‌تێكی زۆر بۆ ده‌ركه‌وتنی مه‌سه‌له‌ی كورد فه‌راهه‌م ناكا.
به‌ڵام گرنگترین كارتی كورد له‌ژنێڤ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌یه‌ده‌ تاكه‌ ناوچه‌ی ئارامی سوریان‌و كوردی سوریا بوونه‌ته‌ به‌شێكی شه‌ڕی جیهانیی دژ به‌تیرۆرو له‌هه‌مان كاتدا تاكه‌ لایه‌نن له‌سوریا كه‌ به‌كه‌مترین هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رۆژئاوادا ده‌كه‌ن. ئه‌م كارته‌ش ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی ژنێڤ به‌هه‌ند وه‌ریبگرن‌و ئه‌گه‌ر كورد بتوانێ به‌لێزانی سوودی لێ وه‌رگرێ، ده‌شێ له‌كاتی پێویستدا ره‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بێ.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure