هەواڵ

-

پارێزگای نوێ؟ ‌

ستران عه‌بدوڵڵا
1/24/2014 10:03:45 AM 504 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەعیراق كەس دژی هیچ كەسێك و هیچ شتێك دژی شتێكی تر نییە، بەڵام ئەگەر بخوازی شتێك بێ كاریگەری بكەیت، قەرەباڵغییەكی لەدەور، دروست بكە تا هیچ تایبەتمەندییەكی نەمێنێت.
بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە بڕیارێكی لە شوێنی خۆی بوو، هەم بۆ جوبرانێكی هەڵەبجە و لێقەومانەكانی لە كوردستان و هەمیش بۆ قەرەبووكردنەوەیەكی مەعنەوی لە ئاستی عیراقدا. بەمە هەڵەبجەییەكان شادو خەندان بوون و ئەم بڕیارەی حكومەتی عیراقییان بە هەنگاوێكی چۆنایەتی دانا لە رێی قەرەبووكردنەوەدا.
بەڵام ئێستا بە دوو بڕیاری تر پێچە بە دەورەیان لە هەڵەبجە كرد.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بێ هیچ گەڵاڵەیەكی میللی كە خواستی خورماتوویی و تەلەعفەرییەكانی لەسەر بێت و بێ ئامادەكردنی فەزای گشتی وڵات بڕیاری دوو پارێزگای تریان رەوانەی نێوەندیی سیاسیی كرد.
ئەم بڕیارە رەچەتەیە بۆ تەنگژەی نوێ لە عیراقدا كە توركمانی شیعەو كوردی كوردستان و سوننەی سەڵاحەدین و مووسڵ دەگرێتەوە. ئەمە جگە لەو ئیلتباسە دەستوورییەی لەسەر بنچینەی مادەی 140ی دەستووری عیراق دروستی دەكات. بە پارێزگا بوونی خورماتوو كە هێشتا كورد و توركمان و عەرەب لەسەر ئاڵۆزی كەركوك نەگەیشتونەتە گەڵاڵەنامەیەك، بە پارێزگابوونی تەلەعفەر لە ژینگەی مووسڵدا كە خەیاڵدانی عروبی مووسڵ نەیتوانیووە سەودا لەگەڵ پرسی مەخمور و شەنگال بكات، بۆ ئاڵۆزكردنی مەلەفی ناوچە دابڕێنراوەكان و بەلاڕێدابردنی دۆسێی گەشەكردنی ئیدارییە لە عیراقدا بە گوێرەی پێداویستییەكانی دابەشكردنی دەسەڵاتی لامەركەزی لە عیراقی سەدەی بیست و یەكدا. ئەمە جگە لەوەی بێ بایەخكردنی دۆسێی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیە كە لەگەڵ نەجەفدا دوو كۆنترین قەزای دامەزراوی مەملەكەتی عیراقی نوێن لە سەدەی بیستدا. جا نەجەفی پیرۆز كە ئێستا پارێزگایەو شایانی ئەم پێگەیەیە، چاوەڕێی دەستی خوشكی دێرینی دەكرد، نەك ئەوی ئێستا كە ویستی گۆڕانكاری ئیداری لە عیراقی فیدڕاڵیدا پەك دەخات و نە تەلەعفەر و نە خورماتووش كەڵكی گەشەكردن و ئاوەدانی لێ نابینن. كێ ئەم رەچەتەیەی نووسیووە لێی بپرسن، رەنگە جوابی ئەوەشی لابێت بۆچی تا دێ دۆخی عیراق ئاڵۆزتر دەبێت.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure