هەواڵ

-

گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌نگ‌و پێگه‌ بۆ میدیای یه‌كێتی ‌

شوان كه‌ریم‌
2/4/2014 11:48:37 AM 536 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

به‌كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان‌و كورتهێنانی ده‌نگه‌كانی له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌یلولی 2013دا، ی.ن.ك پاشه‌كشه‌ی كرد، یه‌كێك له‌و فاكته‌ره‌ هه‌ره‌ دیارانه‌ی كه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، هه‌ڵه‌ی سیاسیی‌و خه‌مساردیی هه‌ڤاڵانی سه‌ره‌وه‌ له‌مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی بوو، وه‌ك خۆیان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یاندا له‌دوای هه‌ڵبژاردن لێپرسراوێتی ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرت، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ویژدانیشه‌وه‌ له‌هه‌موو هه‌ڵه‌كان وردبینه‌وه‌، زۆر به‌ڕوونی ئه‌و راستیه‌مان به‌رجه‌سته‌ده‌بێت كه‌ ئه‌نجامی ئه‌و دۆخ‌و پێشهاته‌ نه‌خوازراوه‌ به‌شێكیشی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئۆرگانه‌كانی خواره‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌و به‌پێی ئاست‌و نزیكیی له‌هۆكاری پاشه‌كشه‌كه‌ كه‌مته‌رخه‌میی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، میدیای یه‌كێتی وه‌ك رایه‌ڵه‌و پردی به‌ستنه‌وه‌ی نێوان حزب‌و جه‌ماوه‌ر‌و وه‌ك هۆكارێكی ئاڕاسته‌كردن‌و گه‌یاندنی په‌یامی به‌وه‌رگر، به‌ده‌رنییه‌ له‌و كه‌مته‌رخه‌میی‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌ڕابردوودا كراون‌و هۆكارێك بوون له‌به‌رامبه‌ر دروستبوونی ئه‌و دۆخه‌دا، بۆیه‌ پێویسته‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌و ته‌نگه‌ژه‌یه‌و هه‌ڵسانه‌وه‌ی به‌په‌له‌دا، پێداچوونه‌وه‌ به‌و هاوكێشه‌یه‌ی كه‌ هه‌موو گه‌شه‌كردنه‌كان په‌یوه‌ستن به‌ڕێكخستن‌و سه‌رجه‌م پایه‌و ئۆرگانه‌كانی تره‌وه‌، یه‌كێتییه‌ك سومبولی گۆڕانكارییه‌ ریشه‌ییه‌كان بێت، ئه‌وا بێگومان سه‌ركه‌وتن له‌ڕێیه‌، یه‌كێك له‌و ناوه‌نده‌ گرنگانه‌ی كه‌ پێگه‌ی له‌و گۆڕانكارییانه‌ی داهاتوودا بۆ هه‌ستانه‌وه‌و نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ڕیزبه‌ندییه‌كانی پێشه‌وه‌دا كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كییه‌، مه‌كته‌بی راگه‌یاندنه‌ كه‌ ئومێد ده‌خوازم له‌دوای چواره‌مین كۆنگره‌ ناوه‌كه‌ی بگۆڕدرێت به‌ ناوه‌ندی میدیای یه‌كێتی‌و هێنانه‌ئارای فه‌لسه‌فه‌و په‌یام‌و سیاسه‌تێكی نوێ‌و ته‌كنیكێكی نوێ‌و به‌پرۆفشناڵكردنی سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانمان، میدیای یه‌كێتی به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی روونتر ئاڕاسته‌ بكرێت.
بۆخۆی راگه‌یاندن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بریتییه‌ له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروڕای جیاوازو رووداوو پێشهاته‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووریی‌و رۆشنبیریی‌و هه‌واڵه‌ گرنگه‌ ناوخۆیی‌و جیهانییه‌كان، هه‌روه‌ك هه‌واڵه‌ جیاجیاكانی تری په‌روه‌رده‌، وه‌رزش، پاشان سه‌ربازی‌و جه‌نگه‌كان‌و رووداوه‌ سروشتییه‌كان به‌خه‌ڵك‌و له‌ڕێگه‌ی چه‌ند كه‌ناڵێكه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌ئاگابوونی خه‌ڵك له‌سه‌رجه‌م ئه‌و رووداوانه‌‌و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی گونجاوو مه‌به‌ست لێیان تێگه‌یاندن‌و رازیكردنیان بێت‌و لێحالیبوون‌و راكیشانی هه‌رچی زیاتری ژماره‌ی بینه‌رو بیسه‌رو خوێنه‌ر به‌و په‌یامه‌ی كه‌ ئاڕاسته‌یان ده‌كات، هه‌روه‌ك راگه‌یاندن ئامڕازو چالاكییه‌كی په‌یوه‌ندیكردنه‌ بۆ گه‌یاندنی زانیاریی دروست، به‌تایبه‌ت ورده‌كارییه‌كان‌و شیكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كان‌و ئاسان گه‌یشتنیان به‌هاووڵاتیان، به‌و پێیه‌ش رای گشتی ته‌ندروستی لێ پێكدێت.
هه‌وڵدان بۆ گه‌شه‌پێدانی بواره‌كانی راگه‌یاندن كه‌ ته‌كنه‌لۆژیا مه‌وداو سنووره‌كان‌و قه‌باره‌ی میدیای كلاسیكیی تێپه‌ڕاندووه‌و گه‌یاندنی په‌یامه‌كان به‌شیۆه‌یه‌كی ئاسان‌و خێراو گه‌وره‌كردووه‌، به‌جۆرێك مرۆڤ زۆر به‌ئاسانی بیه‌وێت ده‌ستی ده‌گاته‌ زانیارییه‌كان، به‌م شێوه‌یه‌ش راگه‌یاندن له‌دنیای هاوچه‌رخدا رۆڵی زیندوو و كارا ده‌گێڕێت.
كه‌واته‌ ئه‌م پێناسه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی راسته‌ڕێیه‌كان‌و به‌ئاگامان دێنێته‌وه‌ كه‌ زیاتر خۆمان گورجبكه‌ینه‌وه‌، هه‌وڵه‌كانمان چڕتر بكه‌ینه‌وه‌ بۆ خۆ هاویشتنه‌ نێو باوه‌شی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌و لابردنی به‌ربه‌سته‌كان‌و خێراتركردنی هه‌نگاوه‌كان.
شوناسی راگه‌یاندنی یه‌كێتی به‌شێوازێكی سه‌رده‌مییانه‌‌و به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌ زۆر به‌خێرایی هه‌نگاو ده‌نێت دابڕێژینه‌وه‌، به‌مه‌رجی راگرتنی باڵانسی پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانییه‌كان‌و داكۆكیكردن له‌مافه‌كانی هاووڵاتی وه‌ك حزبێكی سۆشیال دیموكرات كه‌ تیایدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌ل‌و هه‌رێمه‌كه‌مان پاشان یه‌كێتی تێدا پارێزراوبێت‌و به‌داڕشتنی پڕۆژه‌یه‌كی تۆكمه‌ بۆ چاكسازیی‌و نوێبوونه‌وه‌ پراكتیزه‌ بكه‌ین. دیاره‌ په‌یامی نوێش به‌بێ ته‌كنیكی نوێ ناگه‌یه‌نرێت، له‌نێو هه‌موو ئه‌و ده‌زگاو كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌ جۆراوجۆره‌ حزبی‌و «سه‌ربه‌خۆ»یانه‌ی ناو هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك ئه‌ستێره‌ پرشنگدارییه‌كه‌ی پێشووی بۆ بگێڕینه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك بینه‌رو بیسه‌رو خوێنه‌ره‌ زویربووه‌كان له‌گه‌ڵ خۆی ئاشتبكاته‌وه‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هێڵ‌و راسته‌ڕێی خۆی‌و پێداچونه‌وه‌‌و هه‌ڵسه‌نگاندن‌و نوێبوونه‌وه‌‌و گۆڕانكاریی ریشه‌ییش بكه‌ینه‌ دروشمی هه‌ستانه‌وه‌ی پاش نووچدان‌و ئه‌وه‌ هه‌وڵی سه‌ركه‌وتن‌و داڕشتنی پلانی داهاتوومان بێت. به‌جۆرێك میدیای كوردی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگه‌ی نوێ ئاڕاسته‌ بكه‌ین‌و راستگۆیی له‌گه‌یاندنی هه‌واڵ‌و په‌یامی یه‌كێتیدا بكه‌ینه‌ مانشێتی داواكانی خه‌ڵك‌و ده‌رفه‌تی ره‌خساندنی ئازادیی راده‌ربڕین فراوان بكه‌ین‌و له‌نێوان میدیای یه‌كێتی‌و سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی حزبی‌و «سه‌ربه‌خۆو ئازاد»دا له‌سه‌ر بنه‌مای كێبڕكێ بنیاتبنێین.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure