هەواڵ

-

هه‌ڤاڵی یه‌كێتی! ‌

دلسۆز حمه‌‌
2/4/2014 11:50:56 AM 658 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

حزبیش وه‌كو هه‌ر دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و مێژوویی، وه‌كو هه‌ر بوونێكی تر له‌ژیاندا قابیلی له‌دایكبوون‌و ژیان‌و گه‌شه‌كردن‌و مردنه‌، قابیلی بچووكبوونه‌وه‌و گه‌وره‌بوونه‌، رۆژانی گه‌ش‌و رۆژانی ره‌شیشی هه‌یه‌، مادام حزب‌و خۆڕێكخستنی خه‌ڵك دیارده‌یه‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌هه‌لومه‌رجی مێژوویی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌مێكی تایبه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، مادام وه‌ڵامی ئه‌و پرسانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ژیانی گشتییه‌وه‌، ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش بین كه‌ دۆخی حزب، قه‌باره‌ی حزب، دنیابینیی حزب، پێگه‌و شوێنی حزب به‌پێی گۆڕانی هه‌لومه‌رجی مێژوویی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیش هه‌موو ئه‌و پێدراوانه‌ گۆڕانیان به‌سه‌ردابێت.
له‌دنیای دیموكراسیدا ره‌نگه‌ ته‌مه‌نی حزبێك له‌ساته‌وه‌ختێكدا په‌یوه‌ست بێت به‌تاقه‌ ئامانجێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌دا حزبه‌كه‌ش كۆتایی به‌خۆی ده‌هێنێت، له‌دونیای دیموكراسیدا هه‌میشه‌ حزب ته‌ماحی ده‌سه‌ڵاتی نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ی ته‌ماحی به‌شداریكردنی هه‌یه‌، ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌و پایانه‌ی كه‌ ده‌بێت له‌بیركردنه‌وه‌ی گشتیی ئێمه‌دا بۆ دیموكراسی بگۆڕێت، بیركردنه‌وه‌مانه‌ له‌حزب وه‌كو بوونێكی ئه‌به‌دی، وه‌كو موقه‌ده‌س‌و ته‌نانه‌ت وه‌كو تاقه‌ رێگه‌یه‌ك بۆ به‌شداریی كۆمه‌ڵایه‌تی.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌نیو سه‌ده‌ی رابردوودا مۆدێلێكی مۆدێرنی حزبی بوو له‌دونیای ئێمه‌دا كه‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی‌و پرسی دیموكراسی كۆبكاته‌وه‌، یه‌كه‌مین مۆدێلی سیاسی بوو له‌مێژوویی هاوچه‌رخی ئێمه‌دا كه‌ سه‌ركرده‌و رابه‌ره‌كانی درێژكراوه‌ی خێڵ‌و پیاوانی ئایینی نه‌بن، ئه‌و دوو چینه‌ی كه‌ به‌رده‌وام رابه‌ریی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی ئێمه‌یان كردووه‌، یه‌كێتی به‌م پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌و به‌دنیابینییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی‌و دیموكراسییه‌وه‌ گۆڕانێكی جۆری بوو له‌مێژوویی سیاسی‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مرۆڤی كورد. به‌دیوێكی تردا هه‌میشه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ناوه‌وه‌ی خۆیدا جێگایه‌ك بووه‌ بۆ ململانێی سیاسی‌و گه‌شه‌كردنی مینبه‌ری جیاواز، جێكردنه‌وه‌ی بۆچوون‌و دنیابینی جیاواز، جگه‌ له‌هه‌موو ململانێكانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌میشه‌ له‌ناوه‌وه‌ی خۆشیدا بێ ململانێ نه‌بووه‌، چه‌ندینجار خه‌ڵك‌و گرووپ‌و باڵی جیاوازی لێ جیابۆته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م جیابوونه‌وه‌و جێهێشتنانه‌ هه‌رگیز ئه‌م هێزه‌ی تووشی نوچدان‌و ته‌نگژه‌و پاشه‌كشه‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا جۆرێكی تره‌، له‌هه‌لومه‌رجێكی جیاوازترداو له‌دۆخێكی زۆر جیاوازتردا رووده‌دات له‌هه‌مووی كاریگه‌رتر غیابی سه‌رۆك تاڵه‌بانییه‌.
جگه‌ له‌هه‌موو ئه‌و كێشه‌ ناوخۆیی‌و دۆسێیانه‌ی ناو هه‌ناوی یه‌كێتی كه‌ تووشی ئه‌م قه‌یرانه‌ی كردووه‌و له‌خه‌ڵكی كوردستان شاراوه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ ده‌روونی‌و سایكۆلۆژییه‌ نابه‌رپرسیارانه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌رچاوه‌و جێگه‌ی جیاوازه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی قاعیده‌ی یه‌كێتی ده‌كرێت، ئاڕاسته‌ی دڵ‌و ده‌روونی هه‌ڤاڵی یه‌كێتی ده‌كرێت، ئه‌م دۆخه‌ ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی خراپی بۆ سه‌ر یه‌كێتی هه‌بێت ئه‌وا له‌دواجاردا كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت بۆ سه‌ر فه‌زای سیاسی كوردستان‌و هاوسه‌نگی سیاسی له‌م وڵاته‌دا.
كه‌م هێز هه‌یه‌ كه‌ سكرتێری گشتییه‌كه‌ی نه‌خۆش بكه‌وێت، لایه‌كی رێكخستن‌و ئه‌ندامه‌كانی لێبێته‌وه‌، جه‌نگی ده‌روونی‌و سیاسی‌و ئه‌منی له‌هه‌مبه‌ر بكرێت، ده‌یان ئه‌ندام‌و خه‌ڵكی نابه‌رپرس‌و هه‌لپه‌رستی له‌ده‌ور كۆبووبێته‌وه‌و به‌و ده‌رده‌ی یه‌كێتی نه‌چێت!
ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ تایبه‌ت‌و هه‌ستیاره‌ هه‌موو ئه‌ندامانی یه‌كێتی هه‌ڤاڵی یه‌كێتین‌و له‌گه‌ڵ خه‌مێكی ئه‌خلاقی‌و نیشتمانی‌و سیاسی گه‌وره‌، خه‌می گێڕانه‌وه‌ی شكۆو پێگه‌ی ئه‌و هێزه‌ی به‌فرمێسك‌و خوێنی هه‌زاران شه‌هیدو قوربانیدانی بێوێنه‌ی پێشمه‌رگه‌و سه‌ركرده‌ خاكی‌و چاونه‌ترس‌و خوێنده‌واره‌كانی ئه‌و هێزه‌یان پێگه‌یاند، ئاخۆ به‌هه‌مان گیانی هه‌ڤاڵی یه‌كێتی ئاسۆیه‌كی نوێ ده‌بێت بۆ ئه‌م هێزه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به‌هه‌ستیارییه‌وه‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ جوڵه‌و داهاتووه‌كه‌ی؟

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure