هەواڵ

-

عەجایبەکانى سەردەم

ئیبراهیم هەورامانى
2/10/2014 1:41:22 AM 564 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه


لەچاوى بەد بەدوور بێت لەوەتەى عومرى ئەم حکومەتەمان بەرەو سەر هەڵکشاوە ،تادێت ژمارەى خانەى چاپ و بڵاوکردنەوەکانمان زۆر تر دەبن ،بەڵام حەیف خۆزگە بەو خۆزگەى خوایە ئەم ژمارەیە بەچەقبەستووى لەدەورى دوو ..سێ خانە و دەزاگاى چاپ و بڵاوکردنەوە تێپەڕى نەکردایە ، تا خوێنەر لەمەزیاتر بەدەست هەندێک لەو خانە و دەزگاى بەناو چاپ و بڵاوکردنەوانە تووشى سەریەشەو گرفت نەبونایە .موشکلەکە لەوەدایە خانەى واهەیە کە کتێبێک چاپ دەکات خوێنەر بەدەست هەڵە ى چاپى کتێبەکەیەوە گرفتار دەکات ،یان خانەى وایە گرفتى ئەوەى نییە چى چاپ دەکات موهیمەکەى لەوەدایە ژمارەى زنجیرەى چاپەکانى بەرەو سەرەوە ببات ئەوەتا بازاڕى کتێبیان پڕکردووە لە چەندین جۆر ناونیشان کە نەک بەکەڵکى خوێندنەوە نایەن بگرە سەیرکردنیشیان حەوسەڵەى دەوێت .
لەلایەکى ترەوە ئەگەر سەیرى ژمارەى ئەندامانى ناوەند و ڕیکخراوە ئەدەبی و یەکێتى یە ڕۆشنبیرى و هونەریەکان دا بخشێنین موبالەغە نى یە کورد بەهەزارەها ئەندامى هەیە بەڵام کاتێک سیمینارێکى ئەدەبى یان هەر چالاکییەکى ئەدەبى و هونەرى و ڕۆشنبیرى ئەنجام دەدرێت ئامادەبوان ناگەنە نیوەى ژمارەى کورسیەکانى هۆڵەکە بەڵام لەکاتى ناونیسین بۆ کۆمەکى ئەدەبى هەزارەها فۆڕم بەرەو وەزارەتى ڕۆشنبیرى ڕەوانە دەکرێت .
عەجایبەکان زۆرن سەرنج بدە بەم هەموو ڕێکخراوانەى کۆمەڵگەى مەدەنیەوە لەم ووڵاتەدا تا ئێستا نەتوانراوە کار لەسەر ئەم کۆمەڵگا یەبکرێت ڕێز لە ژینگەى ووڵاتەکەى بگرێت ،ڕەنگە ئەمە کارێکى زۆر بەرچاوى ئەم کۆمەڵگایە بێت ،ئەو هەموو ئۆرگانەى وەزارەتى رۆشنبیرى و ڕێکخراوە ئەدەبیەکان ،بزانە بێ لە دروستکردنى ئۆفیسێک و بەهەدەر دانى پارە چ کارێکیان بۆ بزووتنەوەى کلتورى ئەم کۆمەڵگایە ئەنجام داوە ...
عەجایباتەکان زۆرن ،کاتى ئەوە هاتووە ،حکومەتى هەرێم بیر لەو ڕێکخراو و ناوەندانە بکاتەوە کە کارى خۆبەخشى ئەنجام دەدەن و هەوڵى ئەوە بدات پێویستە ڕێکخراوەکان زیاتر وەک خۆبەخش کارەکانیان جێبەجێ بکەن نەک بۆ هەموو کارێکیان لەدەرگاى وەزارەتى دارایى بدەن و پارەش تەخشان و پەخشان بکەن .

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure