هەواڵ

-

لیستی‌ تیرۆر! ‌

گۆران فه‌تحی‌
2/11/2014 3:57:19 AM 517 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

هه‌واڵێكی سه‌یر له‌م دواییانه‌دا، كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، به‌تایبه‌ت راگه‌یاندنه‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌، ئه‌ویش بوونی ناوی هه‌ردوو حزبی فه‌رمانڕه‌وا له‌هه‌رێمی كوردستان بوو، له‌لیستی‌ تیرۆری ئه‌مریكادا.
هه‌واڵه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا بڵاوبۆوه‌ كه‌تێیدا ئاماژه‌ به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ سه‌ردانێكی‌ بارزانی بۆ واشنتۆن كرابوو، به‌هۆی‌ بوونی‌ ناوی هه‌ردوو پارتی سه‌ره‌كیی‌ هه‌رێم، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ناو لیستی‌ تیرۆردا له‌و وڵاته‌.
هه‌واڵه‌كه‌ هه‌م جێگه‌ی‌ سه‌رسوڕمان‌و هه‌م جێگه‌ی‌ نیگه‌رانی بوو، هاووڵاتیی ئاسایی هه‌رێمیشی تووشی شۆككرد، چونكه‌ كه‌س له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوو، دوای ئه‌و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ی‌ نێوان هه‌رێم‌و واشنتۆن‌و به‌تایبه‌ت یه‌كێتی‌‌و پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ چڕتر، دوای هاوپه‌یمانییان هات له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا بۆ رووخاندنی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسێن له‌ساڵی‌ 2003دا، دواجار ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مریكا هه‌ردوو حزبی له‌لیستی‌ تیرۆری خۆیدا جێكردۆته‌وه‌.
تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت، هۆكاری ئه‌و كاره‌ نازانرێت‌و نه‌ هه‌رێم‌و نه‌واشنتۆنیش هیچ وه‌ڵامێكی‌ تێروته‌سه‌لیان له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌، واشنتۆنیش روونی نه‌كردۆته‌وه‌، چۆناهی دوو حزبی سه‌ره‌كی كه‌ ده‌یان ساڵه‌ خه‌باتیان كردووه‌ بۆ رزگاركردنی‌ گه‌له‌كه‌یان، دژ به‌ڕژێمی زۆرداری به‌عس، هاوتاكراون، له‌گه‌ڵ ده‌یان رێكخراوی تیرۆریستی‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و جیهاندا، وه‌كو قاعیده‌و داعش.
هه‌رچه‌ند حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌م دواییه‌ رایگه‌یاندووه‌، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌و كۆنگرێسی ئه‌مریكا، ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، كه‌ ناوهێنانی كورد له‌لیستی‌ ره‌شی ئه‌مریكادا، به‌هه‌ڵه‌ رۆیشتووه‌و ئه‌وان كورد به‌هاوپه‌یمانی خۆیان دژ به‌تیرۆر ده‌ناسن».
به‌پێی‌ هه‌مان به‌یاننامه‌، بریت ماك كیورك جێگری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا بۆ كاروباری‌ عیراق‌و ئێران، به‌پێویستی ده‌زانێت به‌زووترین كات ئه‌و دوو حزبه‌ له‌لیستی‌ تیرۆر ده‌ربهێنرێن، به‌ڵام ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ ئه‌و كاره‌ پێویستی‌ به‌پڕۆژه‌ یاسایه‌ك هه‌یه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ گومان دروست ده‌كات، ئاخۆ چۆن ئه‌مریكا به‌و هه‌موو توانای ئیداره‌دان‌و سستماتیكییه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌، هه‌ڵه‌ له‌جێكردنه‌وه‌ی‌ ناوی دوو حزبی گه‌وره‌ی‌ كوردستاندا ده‌كات له‌ناو ئه‌و لیسته‌دا. ئه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ به‌چ مه‌به‌ستێك كردووه‌؟
چ جای ئه‌مانه‌و ئه‌وه‌ی‌ زیاتر جێگه‌ی‌ پرسیاره‌، ئه‌وه‌یه‌، حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا ئه‌م بڕیاره‌ی‌ پێش 13ساڵ له‌مه‌وبه‌رو به‌تایبه‌ت دوای هێرشه‌كانی 11ی‌ سێپته‌مبه‌ر داوه‌، كه‌ رێك ئه‌و ماوه‌یه‌یه‌، كه‌ كورد وه‌كو هاوپه‌یمانێكی‌ ناوچه‌یی ئه‌مریكا، دژی‌ تیرۆر جه‌نگاوه‌و رۆڵی گه‌وره‌شی بینی له‌هاوپه‌یمانێـتی رووخاندنی رژێمی به‌عسدا له‌پڕۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ عیراقدا.
له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێم، هه‌ڵوێستێكی‌ جددی‌ به‌رامبه‌ر به‌و حاڵه‌ته‌ وه‌ربگرن‌و داوای لابردنی‌ به‌په‌له‌ی‌ ئه‌و دوو حزبه‌ له‌لیستی‌ تیرۆردا بكه‌ن‌و داوای هۆكاره‌ راسته‌قینه‌كه‌ش له‌وشنتۆن بكه‌ن، له‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌و دوو حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌ی كوردستانی عیراقی له‌ناو لیستی‌ رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كاندا ریزبه‌ندكردووه‌.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure