هەواڵ

-

پرته‌قاڵییش سوور ده‌چێته‌وه‌!

ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌
2/22/2014 11:09:16 AM 525 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

وێنه‌ی سه‌ره‌كی لاپه‌ڕه‌ یه‌كی ژماره‌ی دوێنێی كورستانی نوێ (ژماره‌ 6311 له‌ڕۆژی 20/2) له‌سه‌ر قه‌ومانی ئه‌م دواییه‌ی ئۆكرانیایه‌، رووداوێك كه‌ له‌یه‌ك رۆژدا (26) كه‌س بوونه‌ قوربانی پێكدادانی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت و خۆپیشانده‌رانی ئۆپۆزسیۆن و ئه‌مڕۆش هه‌مان گرفت به‌رده‌وامه‌و كاردانه‌وه‌ی نێوده‌وڵەتیشی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌. وێنه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ به‌ڕێكه‌وت بێت یان به‌گوێره‌ی سه‌لیقه‌ی فۆتۆگرافه‌ره‌كه‌ له‌ هه‌مان تابلۆی ناوداری شۆڕشی فه‌ره‌نسا ده‌چێت و هه‌مان تۆن و دابه‌شكاری ره‌نگ و فه‌زای قه‌ره‌باڵه‌غی تابلۆكانی شۆڕشه‌ كلاسیكییه‌كانی ئه‌وروپای به‌سه‌ردا زاڵه‌، ئایا ئه‌مه‌ شۆڕشێكه‌ له‌بواری فۆتۆی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ گرته‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی خۆپیشاندانێك تابلۆیه‌كی هونه‌ری دانسقه‌ به‌رجه‌سته‌ بكاته‌وه‌، یان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ نۆستالیجیای شۆڕشه‌ رۆمانسییه‌كانی ئه‌وروپا؟
هێشتا قسه‌ی كۆتایی له‌سه‌ر شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی نه‌كراوه‌، په‌تای شۆڕشه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ مه‌فته‌نی راسته‌قینه‌ی خۆی كه‌ وڵاتانی پێشووی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاته‌. نازناوی شۆڕشی به‌هاری له‌چه‌ند ده‌ورانێك له‌ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاتدا خۆی نمایان كرد پێش ئه‌وه‌ی بێته‌ رۆژهه‌ڵاته‌ راسته‌قینه‌كه‌، واتا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی عه‌ره‌بی. ساڵی 1956 له‌هه‌نگاریا به‌خونچه‌یه‌ك به‌هار هات و چوو، ساڵی 1968 سه‌ری له‌ پراگ دا، ساڵی 1990 كه‌ به‌فری زستانی پریسترۆیكا له‌ روسیا توایه‌وه‌، هه‌موو پایته‌خته‌ سوور و په‌مه‌ییه‌كانی ئه‌وروپای شه‌رقی به‌هاری سه‌ربه‌خۆییان راگه‌یاند. چونكه‌ ئه‌م به‌هاره‌ هه‌ر سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی هێنا بێ دیموكراسی و لیبڕالی، بۆیه‌ له‌ 2004 -2005یشدا هاته‌وه‌ سه‌ر خه‌ت و شۆڕشی پرته‌قاڵی و ئه‌رخه‌وانی و په‌مه‌یی به‌رپاكرد. گوایه‌ ئه‌م په‌لكه‌ زێرینانه‌ ئیتر ئه‌ركی دیموكراسی و چاكسازی و ریفۆرمیان ته‌واو كردووه‌. كه‌چی وا ئۆكرانیا بۆته‌وه‌ شانۆی شۆڕشێكی تر و تابلۆیه‌كی تر ده‌نه‌خشێنرێت.
مه‌علومه‌ نه‌ك شۆڕش به‌ڵكو خودی ره‌نگی پرته‌قاڵیش كه‌ شۆڕشه‌كانی به‌ناوه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر چه‌ند جارێك گوشراو به‌كار هات دوا ده‌ركه‌وتی تۆخی ره‌نگی سوور ده‌گرێت و ده‌بێته‌ خوێناوی، ئه‌وی ئێستا ده‌قه‌ومێت و خوێنی (26) كه‌سی كردۆته‌ به‌رات ئیتر له‌ به‌هار ترازاوه‌و رووی له‌شۆڕشێكی سووره‌ ئه‌گه‌رچی شۆڕشگێڕه‌كانی ده‌خوازن له‌ رۆژئاوا نزیك بن و له‌ مۆسكۆ دوور بكه‌ونه‌وه‌ كه‌ جاران سووری خوێنین پاماڵی ئه‌و بوو.
باعیسی ئه‌م رووداوانه‌ی ئێستا به‌ زاهیر ململانێیه‌ له‌ نێوان لایه‌نگرانی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌وروپاو لایه‌نگرانی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ مۆسكۆ، به‌ڵام پێم وایه‌ ره‌نگی ئه‌م ته‌نگژه‌ سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌خاكی كییف-دایه‌ كه‌ به‌ سێ شۆڕشی به‌هاری (1990-2005- 2013) هێشتا نه‌یتوانیووه‌ له‌سه‌ر ناسنامه‌و سیستمێك بگیرسێته‌وه‌. ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure