هەواڵ

-

یاساكان ‌

كامه‌ران قازی-سوید‌
2/22/2014 11:12:17 AM 590 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

نزیكه‌ی هه‌موو وڵاتان ده‌ستوور یان هه‌یه‌، به‌ڵام ته‌نیا چه‌ند دانه‌یه‌كیان، حكومه‌تی ده‌ستووریان هه‌یه‌ (Constitutional government)، به‌و مانایه‌ كه‌ حكومه‌تی ده‌ستووریی بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی له‌وڵاتدا له‌ژێر یان له‌دووتوێی یاساكانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ده‌ستوور شێوه‌ی حكومه‌ت‌و داموده‌زگاكانی دیاریی ده‌كات‌و پێناسه‌ی هاوتایی له‌نێوان ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات‌و ئاسته‌كانی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا رێكده‌خات. هه‌روه‌ها ده‌ستوور سنوور بۆ ده‌سه‌ڵات داده‌نێت‌و مافه‌كانی تاك (individual rights) دێنێته‌ پیێشه‌وه‌و ئه‌و بواره‌ ده‌ڕه‌خسێنێت كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات، سنووری خۆی به‌زاند، رابگیرێت‌و راستبكرێته‌وه‌.
شێوه‌ی ئاسایی حكومه‌ته‌كانی خۆرئاوا، حكومه‌تی ده‌ستوورین، به‌پێچه‌وانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست‌و وڵاتانی جیهانی سێیه‌مه‌وه‌ به‌گشتی.
به‌نزیكی، له‌هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ده‌ستووریان هه‌یه‌، ده‌زگایه‌كیشیان هه‌یه‌ بۆ به‌دواداچوونی یاساكانی ئێستاو یاسا نوێكان، ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك دژ به‌ده‌ستوور بێت، ده‌بێت وه‌لابنرێت.
ئه‌م ده‌زگای به‌دواداچوونانه‌ش دوو مۆدێلی هه‌یه‌:
1-لێكدانه‌وه‌ی یاساكان، واتا دادگا ئاساییه‌كان لێكدانه‌وه‌یه‌كی ره‌سمییان
بۆ یاساكه‌ هه‌یه‌ كه‌ یان یاساكه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌، یاخود ره‌تی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م دادگایانه‌ش سێ ئه‌ركیان هه‌یه‌:
*له‌یاساكه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی بزانێت ده‌ستوورییه‌ یان نا.
*ناكۆكی نێوان ده‌سه‌ڵات‌و هاووڵاتیان چاره‌سه‌رده‌كات، سه‌باره‌ت به‌ئازادییه‌ بنچینه‌ییه‌كان.
*هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكیی له‌نێوان ئاسته‌ جیاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا.
2-مۆدێله‌كه‌ی دیكه‌ بۆ به‌دواداچوون، بریتییه‌ له‌دادگای ده‌ستووری (Constitutional Court). ئه‌م دادگایانه‌ دادگای تایبه‌تین، كه‌ ناچنه‌ ناو پرۆسێسه‌ یاساییه‌ ئاساییه‌كانه‌وه‌. ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌باره‌ت به‌پرسه‌ ده‌ستوورییه‌كان قسه‌ده‌كه‌ن، ئه‌م دادگایانه‌ زیاتر سیاسین وه‌ك له‌وه‌ی كه‌ یاسایی بن، وه‌ك دادگای باڵای ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌لوتكه‌ی هه‌ره‌می دادگاكاندایه‌. هه‌رچی له‌ئه‌وروپاشه‌ دادگا ده‌ستورییه‌كان ئه‌و رۆڵه‌ ده‌بینن‌و ئه‌و دادگایانه‌ زیاتر باویان هه‌یه‌.
ئه‌زموونی وڵاتی سوید:
به‌ڵام سوید نه‌به‌دواداچوونی یاسایی هه‌یه‌‌و نه‌دادگایه‌كی تایبه‌ت بۆ به‌دواداچوون، كه‌ ده‌كرێت بڵێین له‌م باره‌یه‌وه‌ سوید تاقانه‌یه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ له‌سوید ئه‌نجومه‌نی یاسادانان Lagrådet) (Council on Legislation) هه‌یه‌ كه‌ سیاسییه‌كان ده‌توانن یاسا نوێیه‌كان بنێرن بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌، تا سه‌رنج‌و راكانی ئه‌وان بزانن، به‌ڵام سه‌رنج‌و رای ئه‌نجومه‌ن (ئه‌بێیه‌ك) نییه‌ كه‌ مه‌رجه‌ جێبه‌جێبكرێت.
له‌شێوه‌ی حكومه‌تی ده‌ستووری سویددا چوار (4 ) یاسای بنچینه‌یی هه‌یه‌:
1-شێوه‌ی حكومه‌ت.
2-یاسای ئازادیی چاپه‌مه‌نی.
3-یاسای ئازادیی راده‌ربڕین.
4-مه‌سه‌له‌ی جێنشینی*.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو سیاسییه‌كانی عیراق‌و ئه‌م ناوچه‌یه‌ قسه‌ له‌سه‌ر یاساكان‌و ده‌ستوور ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی ئاماده‌یی له‌رێكخستنی ژیانی ئه‌و وڵاتانه‌دا نییه‌‌و ده‌زگایه‌ك نییه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كایه‌ جیاجیاكانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ك‌و هاووڵاتی‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئیداری‌و سیاسیه‌كاندا رێكبخات، دادگایه‌ك یان ده‌زگایه‌كی دادوه‌ریی باڵاده‌سته‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو كاروباره‌كاندا بشكێت‌و سنووری ده‌سه‌ڵاتی هه‌مووان دیاری بكات‌و شیكردنه‌وه‌ بۆ ده‌قه‌ یاساییه‌كان بكات.
سه‌رچاوه‌كان:
1- Sveriges Lag, Studentlitteratur AB
2- Svensklag, Lustus Förlag AB.
3-Sveriges Lagar Karnov Group ( 1977-2011)
*كۆنترین یاسای بنچینه‌یی سویده‌ كه‌ تائێستا كاری پێده‌كرێت‌و مه‌سه‌له‌ی جێنشینی پاشایه‌تی سوید رێكده‌خات، په‌رله‌مانی سوید ساڵی 1810 بڕیاری له‌سه‌رداوه‌.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure