هەواڵ

-

بۆئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌شدا به‌سه‌ركه‌وتوویی بپه‌ڕینه‌وه‌

حاکم قادر حەمەجان
3/19/2014 2:52:19 AM 587 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئه‌مڕۆ به‌رپرسیارێتییه‌كی زۆر گه‌وره‌مان كه‌وتۆته‌ سه‌رشان، به‌رپرسیارێتییه‌كی زۆر هه‌ستیارو جیاواز له‌وانه‌ی به‌درێژایی قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی یه‌كێتی‌و حكومه‌ته‌كه‌مان تێیكه‌وتووین، بۆیه‌ هه‌قی خۆیه‌تی هه‌موو لایه‌كمان پێكه‌وه‌ قۆڵی هاوسه‌نگه‌ریی‌و هاوكاریی لێهه‌ڵماڵین‌و وه‌كو براو هه‌ڤاڵ له‌یه‌ك گرووپ‌و ده‌سته‌دا هه‌موو ناكۆكی‌و جیاوازیی بیروڕاكانمان وه‌لانێین‌و ده‌ست به‌بانگه‌شه‌یه‌كی دروست‌و كاریگه‌ر بكه‌ین:
-دروست به‌و مانایه‌ی بتوانین به‌پاكی‌و شایسته‌یی به‌ڕێی بكه‌ین.
-كاریگه‌رییش به‌و مانایه‌ی بتوانین وه‌ڵامی دروست‌و موقنیعی ناڕه‌زاییه‌كان بده‌ینه‌وه‌.
هه‌ڵبژاردن‌و ئه‌نجامه‌كانی كاریگه‌ریی خۆیان ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌موومان، جابۆیه‌ پێویسته‌ به‌و گیانه‌وه‌ بێینه‌وه‌ مه‌یدان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویستمان به‌به‌رنامه‌یه‌كی زۆر جیاواز له‌وانه‌ی پێشوو هه‌یه‌.
ده‌با هه‌موو لایه‌كمان مێشكمان بۆ گێژه‌نی پرسیارو وه‌ڵامه‌كانی واقیع بخه‌ینه‌ سه‌رپشت.
به‌رنامه‌ی سیاسیمان چی بێـت بۆ بانگه‌شه‌؟
ده‌بێت به‌رنامه‌ی بانگه‌شه‌مان جیاوازبێت‌و په‌یاممان روون‌و ئاشكرابێت بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌مان، به‌تایبه‌تی له‌كۆتایی نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردندا، چونكه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌بێـت چاوه‌ڕوانی ئاڵوگۆڕو وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ ببین. جا به‌و حوكمه‌ی ئێمه‌ خۆمان له‌ده‌سه‌ڵاتدا بووین‌و به‌رپرسین له‌و ده‌سه‌ڵاته‌، به‌رامبه‌ره‌كانیشمان به‌گشتی‌و به‌تایبه‌تی نه‌یاره‌كانمان له‌سه‌ر لایه‌نه‌ سه‌لبییه‌كانی ئه‌دائی حكومه‌ت كارده‌كه‌ن‌و خه‌ڵكیش بۆ ئه‌م بواره‌ ئاماده‌یه‌ گوێیان لێبگرێت، بۆیه‌ پێشنیازده‌كه‌م له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م دوو دروشمه‌دا كاری نه‌وعی له‌و چه‌ند رۆژه‌ی كۆتایی بانگه‌شه‌دا بكه‌ین:
ره‌سمی تۆكمه‌كردنه‌وه‌‌و نه‌خشه‌ی به‌خه‌ڵكی كردنه‌وه‌ی حكومه‌ت
ئێمه‌ین ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌مان بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌ڕێوه‌بردووه‌، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌خوێنی شه‌هیده‌كانمان‌و كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌رو خه‌باتی جوامێری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، نه‌خشێنراون. هه‌ر ئێمه‌ش كه‌سانێكین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكورتییه‌كانی. بۆیه‌ پێشنیازده‌كه‌ین كه‌ له‌چوارچێوه‌ی هه‌ر ته‌وه‌رێكدا له‌و دوو ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌وه‌دا كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی كادران‌و خه‌ڵك ئه‌نجام بدرێت، به‌جۆرێك كه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ی لای خواره‌وه‌ لێی ده‌دوێین وه‌ك به‌یانی ره‌سمی بۆ شیكردنه‌وه‌ی چۆنێتی گورجكردنه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ی خۆمان‌و حكومه‌ت به‌گرنگییه‌وه‌ باسبكرێن.
به‌كارهێنانی هه‌ردوو زاراوه‌ی سه‌روه‌وه‌ (تۆكمه‌كردنه‌وه‌، به‌خه‌ڵككردنه‌وه‌)، ده‌بێته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی كاریگه‌ر بۆ نوێبوونه‌وه‌، نا بۆ گه‌نده‌ڵی‌و به‌ڵێ بۆ چاكسازیی‌و..هتد، به‌جۆرێك كه‌ عادیلانه‌و مه‌وزوعیانه‌و واقیعیانه‌ بێت، چونكه‌:
*په‌كخستنی گه‌نده‌ڵی‌و ده‌ستكردن به‌پڕۆسه‌ی نوێبونه‌وه‌ قووڵه‌و ئه‌رك‌و كارێكی زه‌حمه‌ته‌و به‌شێك لێی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
*چاكسازیش زیاتر سیستمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ییه‌و قووڵ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام تۆكمه‌كردنه‌وه‌ دانپێدانانه‌ به‌و شێوازه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه‌و كاركردنه‌ به‌پلانێكی گونجاودا بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی‌و رێكخستنه‌وه‌ی‌و بژاركردن‌و ئاڕاسته‌كردنی. كه‌ له‌مه‌دا زۆرینه‌ فێرده‌بن‌و به‌هۆش دێنه‌وه‌و ئاراسته‌ده‌كرێن، نه‌ك بگۆڕدرێن.
كێ به‌رپرسیاره‌؟
له‌ڕاستیدا به‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌ست پێ ناكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌مه‌ ده‌كه‌ینه‌ خاڵی سه‌ره‌تا بۆ ده‌ستپێكی پلانی تۆكمه‌كردنه‌وه‌، كه‌ گومانی تێدا نییه‌ ده‌بێت بۆ ئه‌مه‌ش بڕیار بده‌ین، ئێمه‌ین خاوه‌نی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌، له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌كانی تری سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستان، هه‌رلایه‌ك به‌پێی تواناو هێزو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی، هه‌ر ئێمه‌شین كه‌موكورتیمان هه‌بووه‌و هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌موكورتییانه‌ پێویسته‌ له‌هێڵێكی گشتیدا روونبكرێنه‌وه‌و پاساوه‌كانیش به‌ڕه‌سمی باسبكرێن‌و پلان‌و جۆری چاره‌سه‌ره‌كانیشی بڵاوبكرێته‌وه‌، چونكه‌ دواجار داننان به‌هه‌ڵه‌كانماندا، باشترین ده‌ستكه‌وت‌و راستگۆییشه‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ره‌ ده‌نگده‌ره‌كه‌مان، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ڕێگای ی.ن.ك-ه‌وه‌ خه‌بات بۆ ئامانجه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین.
كێ‌و كه‌ی‌و له‌كوێوه‌ ده‌ست پێیبكه‌ین‌و چۆن بچینه‌ ناو ئه‌م پڕۆسه‌یه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌گشتی لێی بڕوانین؟
ئایا:
-گۆڕانكاریی‌و نوێبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ین، یاخود گۆشه‌كانی چوارچێوه‌كه‌ تۆكمه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌؟
-ئێستا ده‌ستپێبكه‌ین یاخود بۆ دوای پێكهێنانی حكومه‌ت‌و كۆنگره‌ی دابنێین؟
-ده‌بێت له‌خواره‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، یاخود له‌سه‌ره‌وه‌؟
-په‌له‌ بكه‌ین له‌به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی، یاخود له‌سه‌رخۆبین؟
-به‌كامه‌ ستاف‌و گرووپ‌و كه‌ره‌سته‌وه‌ ده‌چینه‌ پڕۆسه‌كه‌وه‌؟
له‌ڕاستیدا لیستی ی.ن.ك پێویستی به‌ڕه‌سمێكی كاریگه‌رو فراوان هه‌یه‌، بۆ تۆكمه‌كردن‌و به‌خه‌ڵككردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت.
لێره‌دا دوو لایه‌نی گرنگ ده‌خه‌ینه‌ به‌رچاومان:
یه‌كه‌م: خه‌ڵك له‌چ جۆره‌ حوكمڕانییه‌ك نزیكده‌بێته‌وه‌و لێی رازی ده‌بێت؟
دووه‌م: فه‌رمانگه‌كان ده‌بێت كار رایی بكه‌ن، یاخود شێوازی كار گه‌شه‌پێبده‌ن؟
ئێستا گرفته‌كانمان، له‌وه‌ ده‌رچوون كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌تاكه‌كه‌س یان تاكه‌ فه‌رمانگه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌بێت، مه‌سه‌له‌كه‌ قووڵبۆته‌وه‌و ئێستا شۆڕبۆته‌وه‌ بۆ هه‌یكه‌لی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ربۆیه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌شی ئاسان نییه‌، هێنده‌ی له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا چاره‌سه‌ربكرێن، بۆیه‌ پێویستمان به‌هه‌ڵمه‌تێكی سه‌راپاگیری تۆكمه‌كردنه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ مافی خه‌ڵكه‌ ناڕازیی بێت‌و گله‌یی بكات‌و مافی خه‌ڵكیشه‌ داوای زیاترمان لێبكات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیانێكی زۆر گه‌وره‌یه‌ ئه‌و یه‌كێتییه‌ی خاوه‌نی دروشم‌و كرداری نوێ‌و دامه‌زراوه‌ی بیری سیاسیی هاوچه‌رخ‌و گه‌شه‌پێدانی ژیانی خه‌ڵك بووه‌، ئێستا به‌م قه‌یرانانه‌وه‌ بناڵێنێت. بۆیه‌ ته‌نیا به‌تۆكمه‌كردنه‌وه‌ ده‌توانین بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش سه‌ربكه‌وین‌و لێی بپه‌ڕینه‌وه‌.
ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ پلانێكی دوورو درێژه‌
ورده‌؛ چونكه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی ژیرانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئاڵۆزییه‌كان‌و درێژه‌؛ چونكه‌ ماوه‌و سنوورێكی گه‌وره‌و فراوانی هه‌یه‌. هه‌ردوولایه‌نه‌كه‌ش ده‌گرێته‌وه‌:
یه‌كه‌میان له‌ستراتیژو مامه‌ڵه‌و شێوازی كارو خزمه‌تگوزارییه‌كاندا. دووه‌میش له‌به‌رپرسانی پۆست‌و پایه‌ ئیدارییه‌كاندا.
تۆكمه‌كردنه‌وه‌ بۆچی؟
له‌ڕاستیدا تۆكمه‌كردنه‌وه‌ هه‌وێنی بووژانه‌وه‌ی هه‌ر چوارچێوه‌یه‌كه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت:
-چاكی بكه‌ین، واته‌ خراپه‌و پێویستی به‌چاككردنه‌وه‌ هه‌یه‌.
-كه‌موكورتییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكه‌ین، واته‌ چه‌ند كه‌موكورتییه‌كی هه‌یه‌.
-رێكی بخه‌ینه‌وه‌، واته‌ جۆرێك له‌شێواوی رووی تێكردووه‌.
-بیخه‌ینه‌وه‌ سه‌ر رێگه‌ی راست، واته‌ سیستمه‌كه‌ كارده‌كات به‌ڵام به‌ئامانجێكی راست نا، یاخود به‌ڕێبازێكی نادروستدا هه‌نگاوده‌نێت.
-بیگونجێنین له‌گه‌ڵ واقیعی نوێ‌و گۆڕانكارییه‌كاندا، واته‌ سیستمه‌كه‌ پێویستی به‌گونجاندن هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نوێگه‌ریی‌و ته‌كنۆلۆژیادا.
-دواڕۆژێكی روونی بۆ دابنێین، واته‌ پلانی فراوانبوون‌و ئاسانكاریی بۆ دابنرێت.
ئامانج له‌م تۆكمه‌كردنه‌وه‌یه‌ چییه‌؟
ئامانجی سه‌ره‌كی له‌م تۆكمه‌كردنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌:
1-نوێكردنه‌وه‌ی گیانی حوكمڕانی‌و خزمه‌تكردنی زیاتر به‌كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك.
2-رێگه‌نه‌دان به‌قۆرخكردن‌و ئیحتیكاركردنی كورسی‌و پایه‌كان.
3-گونجاندن‌و پێشخستنی مۆدێله‌كانی كاری ده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌پێی سه‌رده‌مه‌كه‌.
4-تۆكمه‌كردنه‌وه‌، پێشكه‌وتن به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
5-پێداویستی خواستی خه‌ڵك بۆ حكومه‌تێكی كارا، ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌هێزه‌ش به‌به‌رنامه‌و رووی نوێوه‌ ده‌توانێت ببێته‌ به‌دیهێنه‌ری خه‌ونه‌كانی مرۆڤی كورد.
كامانه‌ن بنه‌ماكانی گۆڕین‌و تۆكمه‌كردنه‌وه‌؟
سێ بنه‌ما هه‌ن بۆ تۆكمه‌كردنه‌وه‌، كه‌ وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه‌:
1-هێنانی كه‌سی باشتر بۆئه‌وه‌ی كاره‌كان راست ببنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان دزێوترینیانه‌، واته‌ كه‌سێكی خراپ هه‌یه‌ له‌سیستمه‌كه‌دا بڕیار ده‌دات‌و لایداوه‌، پێویستمان به‌كه‌سێكی تره‌، بێت ئه‌م كاره‌ راست بكاته‌وه‌، خراپی ئه‌مه‌ش له‌وه‌دایه‌ كه‌ سیستمه‌كه‌ شێواوه‌و پێویستی به‌چاكسازیی خێرا هه‌یه‌.
2-نه‌گونجان‌و نه‌كه‌وتنه‌ سه‌ر ره‌وتی كاركردن، كه‌ ئه‌مه‌یان له‌ئاساییه‌وه‌ دوورنییه‌. واته‌ سیستمه‌كه‌ ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌، به‌ڵام وه‌ك پێویست نییه‌. بۆیه‌ ده‌بێت تۆكمه‌ بكرێته‌وه‌، تا له‌و سه‌هۆڵبه‌ندانه‌ تێبپه‌ڕێت‌و به‌ڕێكه‌وتن، ئه‌مه‌ بۆیه‌ خراپ نییه‌، چونكه‌ په‌كی نه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵكو راوه‌ستێنراوه‌و ته‌نیا پێویستی به‌به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ هه‌یه‌.
3-به‌كارهێنانی تواناكانه‌ له‌هه‌موو بواره‌كاندا. كه‌ ئه‌مه‌یان سروشتێكی واقعیی‌و سه‌ركه‌وتووه‌. واته‌ كێشه‌مان هه‌یه‌، ته‌نیا پێویستمان به‌داچه‌قاندنی به‌رپرس‌و به‌ڕێوه‌به‌رو وه‌زیره‌كان نییه‌ له‌شوێنێكدا‌و ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر كادرێكی سه‌ركه‌وتوومان هه‌بێت له‌شوێنێك، پاش ته‌واوكردنی ماوه‌یه‌كی یاسایی گونجاو به‌سه‌ركه‌وتوویی، بیبه‌ینه‌ شوێنێكیتر بۆئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی له‌وێش ره‌نگبداته‌وه‌.
كه‌ڵك‌و خاسیه‌ته‌كانی تۆكمه‌كردنه‌وه‌؟
*هیچ كه‌س‌و به‌رپرسێك قۆرخی ده‌سه‌ڵات ناكات‌و كورسییه‌كه‌ی بۆ كاری شه‌خسی ناقۆزێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت بگۆڕدرێت تا سیستمه‌كه‌ تۆكمه‌ ببێته‌وه‌.
*هه‌موو به‌رپرسێك هه‌وڵده‌دات ته‌واوی توانای خۆی به‌كاربهێنێت بۆ سه‌ركه‌وتنی، تا گۆڕینه‌كه‌ به‌ره‌و باشتری ببات، نه‌ك نزمی بكاته‌وه‌.
*كه‌سانی نه‌شیاوو لاوازو بێتواناو هه‌لپه‌رست، ناتوانن به‌رده‌وام بن له‌سه‌رۆكاریكردن‌و به‌رپرسیارێتیدا.
ده‌ستكردن به‌تۆكمه‌كردنه‌وه‌
-ئه‌زموونی حوكمڕانی كوردستان، پێویستی به‌وه‌رچه‌رخان هه‌یه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئه‌م په‌یامه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت ده‌یه‌وێت بگۆڕدرێت، بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ كه‌ هه‌موو كه‌سێكی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌.
-ده‌بێت بوێریی‌و ئازایه‌تی له‌بڕیارداندا هه‌بێت‌و زاڵ بێت به‌سه‌ر پرس‌و بیركردنه‌وه‌ی چه‌وت‌و هه‌ڵه‌ی به‌رپرساندا، له‌سه‌ر دۆسێكان بڕیار بدرێت، نه‌ك له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كانی.
-ده‌ره‌نجامه‌كانی تۆكمه‌كردنه‌وه‌ حاڵه‌تێكی ته‌ندروست بێت، دوور له‌گوشاری كاریگه‌ر، نه‌خشی دیسپلین‌و سیستم بكات، نه‌ك هه‌مان جۆر له‌مامه‌ڵه‌ی پێشوو دابڕێژرێته‌وه‌.
یه‌كه‌م-ستراتیژو مامه‌ڵه‌‌و شێوازی كارو خزمه‌تگوزارییه‌كان
پێویسته‌ حكومه‌ت پلانی كورتخایه‌ن‌و درێژخایه‌نی هه‌بێت. كه‌ پشتیان به‌ئامار به‌ستبێت‌و پێكه‌وه‌ گرێدرابن.
ده‌بێت مامه‌ڵه‌كان بگۆڕدرێن، فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت له‌ڕووی رێژه‌وه‌ زۆر زیاترن، به‌ڵام له‌ڕووی مامه‌ڵه‌ی گونجاوه‌وه‌ له‌ئاستێكی نزمدان.
-كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌خه‌ڵك بڵێین عه‌ریزه‌ مه‌نووسه‌، به‌ڵكو داواو خواسته‌كانیان به‌پێی یاسا بۆ جێبه‌جێ بكرێت.
-كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ فۆڕمی داواكاری له‌ئینته‌رنێت وه‌ربگیرێت، یاخود له‌فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت وه‌ربگیرێت‌و پڕبكرێته‌وه‌.
-كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ پشت به‌پۆسته‌ ببه‌ستین بۆ مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵك‌و حكومه‌ت.
-رێز له‌كات بگیرێت‌و كاری خه‌ڵك دوانه‌خرێت.
ده‌بێت پڕۆژه‌كان له‌شوێنی تایبه‌تمه‌ندی خۆیانه‌وه‌ پێشنیازبكرێن.
-خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ی لێ ئاگاداربكرێته‌وه‌و په‌سه‌ندی بكه‌ن.
-مه‌ركه‌زییه‌ت هه‌بێت له‌بڕیارداندا له‌پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كاندا كه‌ چوونه‌ته‌ چوارچێوه‌ی یاساوه‌.
-پڕۆژه‌كان یه‌ك یه‌كتری ته‌واو بكه‌ن، نه‌ك یه‌ك یه‌كتری هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.
-پڕۆژه‌كان موته‌كامیل بن، نه‌ك بڕگه‌ بڕگه‌.
دووه‌م- به‌رپرسیارانی پۆست‌و پایه‌ ئیدارییه‌كان
پۆست‌و پایه‌ ئیدارییه‌كان بۆماوه‌ی دیاریكراو ده‌گۆڕدرێن‌و ده‌ستكارییان ده‌كرێت، ئه‌ویش به‌جێگۆڕكێ یاخود لابردن، یاخود خانه‌نشینكردنیان یان گواستنه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ش ده‌بێت:
-مه‌رجمان هه‌بێت بۆ به‌رپرسیارێتی له‌پۆست‌و پایه‌ ئیدارییه‌كان.
-هه‌موو كه‌سێك قابیلی گۆڕین‌و جێگۆڕكێ پێكردنه‌، نه‌ك مانه‌وه‌و ره‌گداكوتان له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی.
كاركردن به‌پڕه‌نسیپه‌ یاساییه‌كان له‌وانه‌ «یاسای دیسپلینی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت» له‌فه‌رمانگه‌كاندا زۆر پێویسته‌، كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی باشكردنی ئه‌دای فه‌رمانبه‌ران.
له‌بنه‌مادا ده‌بێت سه‌رۆكاریی‌و به‌ڕێوه‌بردن لێك جیابكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ دوو مه‌سه‌له‌ی جیاوازن، بۆیه‌ ده‌بێت سه‌رۆكار له‌به‌ڕێوه‌به‌ر جیابكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌:
سه‌رۆكار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیاسه‌تی كاره‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆدایه‌و ره‌نگڕێژیی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا ده‌كات.
به‌ڕێوه‌به‌ر: ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندن‌و كاربه‌ڕێبردن دانراوه‌و سیاسه‌ت‌و په‌یوه‌ندییه‌كان لێی دووره‌. ته‌نیا بیری لای ئه‌داو ئه‌نجام‌و گه‌شه‌پێدانه‌.
له‌ڕاستیدا تائێستا به‌باشی پۆسته‌كانی حكومه‌ت رووننه‌كراونه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت بدرێن به‌چ جۆره‌ كه‌سانێك، واته‌ هه‌ڵبژاردنی كه‌سانی شیاوو شاره‌زاو لێهاتوو به‌توانا بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كان له‌پۆسته‌كانیاندا.
ئه‌م سیفه‌تانه‌ی لای خواره‌وه‌ زۆر گرنگن بۆ كه‌سایه‌تییه‌ حكومییه‌كان، كه‌ ته‌نیا له‌كاتی گفتوگۆو چاوپێكه‌وتنیدا ده‌رده‌كه‌ون:
1-به‌هێزو راستگۆو ئه‌مین‌و بێ منه‌ت بێت.
2-خوێندنه‌وه‌ی بۆ ئاینده‌ هه‌بێت‌و به‌ڕوونی لێی بڕوانێت.
3-داواكارییه‌ ئاڵۆزه‌كان خێرا وه‌رگێڕێته‌ سه‌ر واقیع‌و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌.
زۆرگرنگه‌ ئه‌م دوو جۆره‌ له‌كارو فه‌رمانی ده‌وڵه‌تدا به‌دووربگرین له‌(مه‌حسوبیه‌ت‌و مه‌نسوبیه‌ت‌و واسیته‌كاری) چونكه‌ ئه‌زموونی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو نیشانیداین كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه‌ خه‌ڵك بۆ پۆسته‌كان ده‌ستنیشان نه‌كراون، بۆیه‌ بۆته‌ مایه‌ی خراپبوونی ئه‌دای كاركردن‌و ئاستی به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كان‌و شێواندنی رێژه‌ی به‌رهه‌م‌و ده‌ستكه‌وته‌كان. دواجاریش ناڕازیبوونی خه‌ڵك‌و پێنه‌گه‌یشتنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت، كه‌ بوێربن‌و جێبه‌جێكاری یاسابن‌و رێگربن له‌به‌رده‌م سه‌رپێچی‌و كاره‌ نایاساییه‌كاندا.
چاره‌سه‌ره‌كان
1-ئاسانكردنی كاروباری هاووڵاتیان‌و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی كاروباری رۆژانه‌ی خه‌ڵك‌و دیاریكردنی ماوه‌ی رێگه‌پێدراوی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان. به‌مه‌ش خه‌ڵك سوودمه‌ند ده‌بێت له‌كات‌و مه‌سره‌ف‌و حكومه‌تیش سوودی لێ ده‌بینێت.
2-گواستنه‌وه‌و جێگۆڕكێ پێكردنی به‌ڕێوه‌به‌رو فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت به‌به‌رده‌وامی ئه‌گه‌ر گونجا.
3-لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆ دانانی به‌رنامه‌و سیستمی هه‌ر فه‌رمانگه‌و وه‌زاره‌تێك دابنرێت تا به‌رده‌وام له‌به‌دواداچووندابێت‌و كه‌موكورتییه‌كان‌و پێشنیازه‌كانی بۆ سه‌روو خۆی بۆ چاره‌سه‌ری كه‌لێن‌و شێواوی‌و خراپیی ئه‌دای كار به‌رزبكاته‌وه‌.
4-سیستمێكی چاودرێریی كارا دابنرێت كه‌ كاره‌كه‌ی بریتیبێت له‌چاودێریكردنی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت.
5-به‌هێزكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌دیاریكردن‌و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و جۆری كاره‌كانیان، دانانی كه‌سی شیاو بۆ به‌ڕێوه‌بردنیان، دانانی شێوازێكی تازه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان، گۆڕینی هۆكاره‌كانی كاركردن.
6-به‌رده‌وام كاركردن بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی پێویست بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كه‌لێن‌و شێواوی‌و ده‌رده‌كانی خراپبوونی ئه‌دای كاری حكومی.
مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵك
ده‌بێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا بگۆڕێین، چۆنێتی گوێ لێگرتنیان‌و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونیان چاك بكه‌ین، نابێت خه‌ڵك په‌راوێزبخرێت، ده‌بێت به‌رده‌وام گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا بكرێت‌و هه‌ر كێشه‌و گرفت یاداواكارییه‌كیان هه‌بوو، وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌. ده‌بێت به‌رپرسانی حكومیمان راسته‌وخۆ وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌، نه‌ك كێشه‌كه‌ گه‌وره‌ ببێت‌و بۆ سه‌رووتر بگوێزرێته‌وه‌، خه‌ڵكیش له‌چاوه‌ڕوانیدا بمێنێته‌وه‌.
مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ی رۆژنامه‌نووسان
ده‌بێت له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان بگۆڕدرێین، سكاڵا یان ریپۆرتاژێك یاخود داواكارییه‌ك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، پێویسته‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار روونكردنه‌وه‌ی بداتێ، به‌مپێیه‌ ئه‌ركی رۆژنامه‌ی ئازاد ده‌بێته‌ ئه‌ركی سندوقی سكاڵا‌و نابێت بێ وه‌ڵام كێشه‌كانی خه‌ڵك تێبپه‌ڕێنرێن. ئه‌گه‌ر راسته‌ با داوای لێبوردن بكرێت‌و چاكبكرێت، ئه‌گه‌رنا با راستییه‌كان روون بكرێنه‌وه‌ بۆ رای گشتی.
ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ماوه‌یه‌كی ده‌وێت تا ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هێڵی خۆی‌و ئه‌وانه‌ی به‌مایه‌ی كه‌لێن‌و شێواویی تۆمه‌تبار ده‌كرێن، پاش ساغبوونه‌وه‌یان له‌سه‌ری (هه‌ردوو جۆره‌كه‌ی كه‌لێن‌و شێواویی ئه‌خلاقی‌و ماددی)، ده‌بێت له‌پلانی نوێدا دووربخرێنه‌وه‌و كاری یاساییان به‌رامبه‌ر بكرێت.
-ده‌بێت ئه‌و خاڵانه‌ی خه‌ڵك لێی ناڕازییه‌، روون بكرێنه‌وه‌‌و به‌شێوازێكی زانستییانه‌ شیته‌ڵ بكرێن‌و لێی تێبگه‌ین تا به‌باشترین به‌رنامه‌ چاره‌سه‌ریان بكه‌ین.
دواجار
ململانێكان، جیاوازییه‌كان، رۆژ به‌ڕۆژ له‌زیادبوواندان، ئه‌مه‌ش راستییه‌كه‌ له‌چاره‌نووسی سیاسیماندا ره‌نگده‌داته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ سبه‌ی ئاكام‌و ئه‌نجامه‌كان ده‌رده‌كه‌ون، كه‌ چه‌نده‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌تۆكمه‌كردنه‌وه‌ی حوكمڕانییه‌كه‌مان هه‌یه‌و چه‌نده‌ گرنگه‌ سه‌ره‌قه‌ڵه‌می ئه‌م په‌یامه‌ بكه‌ینه‌ پڕۆژه‌ تا له‌م قۆناغه‌شدا بتوانین هه‌نگاوی باش بنێین‌و بپه‌ڕینه‌وه‌، به‌ره‌و گۆرانكاریی‌و نوێبوونه‌وه‌و چاكسازیی سه‌رتاسه‌ری.
به‌هیوای سه‌كه‌وتنمان له‌به‌ڕێوه‌بردنێكی زۆر باش‌و كاریگه‌ریی بانگه‌شه‌كردندا، بۆئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌و له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا دۆخی ی.ن.ك باش بكه‌ین‌و وه‌ك مژده‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی هێزی ی.ن.ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین.

*ئه‌ندامی ده‌سته‌ی
كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure