هەواڵ

-

به‌هار؛ ماته‌م‌و كه‌رنه‌ڤاڵ پێكه‌وه‌ن! ‌

دلسۆز حمه‌‌
3/19/2014 2:53:37 AM 616 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ره‌نگه‌ رێكه‌وتێكی ناوازه‌و مێژوویی بێت كه‌ زۆربه‌ی رووداوه‌ گرنگ‌و كاره‌ساته‌ دڵته‌زێن‌و سه‌ركه‌وتن‌و نسكۆو حیكایه‌ته‌ مێژووییه‌كان له‌مێژووی هاوچه‌رخی ئێمه‌دا كه‌وتۆته‌ وه‌رزی به‌هاره‌وه‌، نسكۆی شۆڕش، به‌یاننامه‌ی ١١ی ئازار، راپه‌ڕینی شاره‌كان، كۆڕه‌و، هه‌ندێك له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نفال، كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و خاپوركردنی هه‌زاران گوندو رووبه‌ری سه‌وزو به‌پیتی كوردستان له‌سه‌وزترین‌و ته‌ڕترین رۆژه‌كانی به‌هاردا‌و...هتد.
هه‌ر له‌گه‌ڵ پێمان خسته‌ مانگی مارته‌وه‌ یاده‌وه‌ریی گشتیمان ده‌كه‌وێته‌ ئاماده‌باشییه‌كی خۆڕسكانه‌وه‌، له‌یادكردنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی یه‌ك به‌یه‌كی شاره‌كان ته‌واو نابین، ٨ی مارس (هه‌رچه‌نده‌ بۆنه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنانه‌و تایبه‌ت نییه‌ به‌كورد به‌ته‌نها) ده‌ست پێده‌كات، له‌وێوه‌ بۆ ١١ی ئازار، پاشان هێشتا پیاهه‌ڵدان‌و شایی‌و كه‌رنه‌ڤاڵی راپه‌ڕین له‌هه‌ولێرو بادینانه‌‌و نه‌گه‌یشتۆته‌ كه‌ركوك، یاده‌وه‌ریی كاره‌ساته‌ جه‌گبڕه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ دێته‌ ناو فه‌زای گشتییه‌وه‌، ویژدانه‌كان ده‌هێنێته‌ گریان، برینه‌كان ده‌كولێنێته‌وه‌، ماڵ‌و شه‌قام‌و دڵ‌و چاوو بینایی ده‌روونمان پڕده‌كاته‌وه‌ له‌دووكه‌ڵی ئه‌و كاره‌ساته‌ نامرۆڤانه‌یه‌، ئه‌و ئازاره‌ هێجگار قووڵه‌ی سایكۆلۆژی‌و ویژدانی ناوه‌كیی ئینسانی كورد كوناوده‌ر كردووه‌و بۆ هه‌میشه‌، ئه‌خلاقی سیاسی‌و عه‌داله‌تی نێوده‌وڵه‌تی خستۆته‌ ژێر پرسیارو گومانی چڕه‌وه‌، به‌ده‌م گریان‌و دڵشكاویی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ سه‌ر ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر سه‌رین هه‌تا به‌سه‌ر كه‌رنه‌ڤاڵی راپه‌ڕینه‌كانه‌وه‌ خه‌به‌رمان ده‌بێته‌وه‌، هێشتا فه‌زای گشتی سه‌رمه‌ستی نه‌ورۆزو ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵی كوردی‌و كه‌رنه‌ڤاڵی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزه‌، كه‌ ده‌بێت دواتر فه‌زاكه‌ بگۆڕێت بۆ شین‌و ماته‌می داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك، كۆڕه‌وه‌كه‌و كاره‌ساتی ئاواره‌بوونی چوار ملیۆن ئینسان‌و گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌ ئازاراوییه‌كانی ئه‌و هیجره‌ته‌ ملیۆنییه‌، له‌كۆڵانه‌كانی ئه‌م حیكایه‌ته‌ ده‌رناچین كه‌ ده‌چینه‌وه‌ سه‌ر كاره‌ساتی ئه‌نفاله‌كان، ئه‌نفالی قه‌ره‌داغ‌و ئینجا گه‌رمیان‌و پاشان به‌ره‌و قووڵایی كوردستان به‌ره‌و ئه‌نفالی ده‌شتی هه‌ولێر‌و بادینان. هه‌تا وه‌رزی به‌هار تێده‌په‌ڕێت ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال هه‌تا ئه‌یلول درێژه‌ ده‌كێشێت)، فه‌زای گشتی له‌كوردستاندا زنجیره‌یه‌كه‌ له‌شین‌و شایی، گریان‌و كه‌رنه‌ڤاڵ، پێكه‌نینی سه‌ركه‌وتن‌و ئازاری له‌ده‌ستچوون، ڕووداوه‌كان ئه‌وه‌نده‌ له‌ناو یه‌كتردان كه‌ ئه‌گه‌ر هۆشیاریی سیاسی‌و ئه‌خلاقی نیشتمانیی به‌رپرسیاریمان نه‌بێت، ڕه‌نگه‌ بكه‌وینه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی وه‌كو گێڕانی ئاهه‌نگ‌و بانگهێشتی هونه‌رمه‌ندی بازرگان له‌سه‌روبه‌ندی یادكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا كه‌ به‌هه‌موو پێوه‌ره‌ ئه‌خلاقییه‌كان كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ربه‌ریترین‌و نامرۆڤانه‌ترین‌و شه‌رمه‌زارترین رووداوه‌ له‌مێژووی هاوچه‌رخی دنیادا نه‌ك له‌كوردستان به‌ته‌نها !!
مێژووی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان لێوانلێوه‌ له‌ڕۆژانی گه‌ش‌و رۆژانی ره‌ش، له‌و رۆژانه‌ی له‌یاده‌وه‌ریی گشتیدا ماته‌می بۆ ده‌گێڕن‌و له‌رۆژانێكیش كه‌ شایی‌و كه‌رنه‌ڤاڵ‌و شانازیی به‌سه‌ركه‌وتن‌و ده‌ستكه‌وته‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
هه‌قی وایه‌ ئێمه‌ی كورد ئه‌م بۆنه‌و یاده‌وه‌رییه‌ مێژوویانه‌ی خۆمان، سه‌ركه‌وتن‌و نشوستیمان، كه‌رنه‌ڤاڵی سه‌ركه‌وتن‌و ماته‌می جینۆسایدكردنمان به‌شێوه‌یه‌كی شارستانییانه‌تر‌و شایسته‌تر ڕێكبخه‌ین، هه‌قه‌ حكومه‌تی هه‌رێم‌و داموده‌زگا به‌رپرسه‌كان، داموده‌زگاكانی راگه‌یاندن، ره‌هه‌ندێكی نیشتمانی‌و ئینسانی‌و سیاسی بده‌ن به‌م بۆنه‌ گه‌وره‌و گرنگانه‌، نه‌ك ره‌هه‌ندی پۆپۆلیستی‌و كه‌رنه‌ڤاڵی‌و حزبی.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure