هەواڵ

-

موشكیلەكەمان ‌

د.شیركۆ عبدالله‌‌
3/25/2014 3:09:39 AM 643 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

+ دە فەرموو دەی. ئەوە نەورۆز هاتیش‌و ئۆغریشی كرد كەچی ئێمە ماڵەكەمان پاك نەكردەوە.
-ئینجا ماڵ بۆچی پاك بكەینەوە برا!
+ چۆن بۆچی؟ ئەوە قانونی نەورۆزە. مەسەلەكە خۆ هەر یاپراخ‌و هەڵپەڕكێ نییە. هەموو كوردێك‌و ئارییەكی بەشەرەف پێویستە بۆ نەورۆز ماڵەكەی بكات بەئاوێنە.
-كوردی هەموو شوێنێك؟
+ بەڵێ.. هەر لەشێخەباسەوە تاكو داڵاس، ئەبێ دەرەلنگی تراكسوتەكەی هەڵ بكات‌و بەسۆندە بەرببێتە حەوشەو ماڵەكە.
-یەكسەر بیشوا؟
+ نەخێر، نا.. ئەوەڵ جار ئەبێ چی شڕكەو پڕكەی هەیە هەمووی كۆمپلێت دەربداتە دەرەوە. چونكە ئەزانی بۆ؟ عادەتەن تۆزو خۆڵ‌و پیسی‌و شتەكە لەژێر دۆڵاب‌و قەنەفەكاندا كۆ ئەبنەوە.
-بەخوا راست ئەكەی مەنسەب‌و كورسی دایمەی خوا شتی پیسیان لێ‌ كۆ ئەبێتەوە.
+ نا.. هەر شتی پیس نییە.. جاری وا هەیە شتی زۆر موهیمیش دیار نامێنێ. دوایی تەماشا ئەكەی كەوتۆتە ژێر كورسییەكەوە.
-شتی موهیمی چۆن یەعنی؟
+ چوزانم. ئەنواع‌و ئەشكاڵ گرێبەست‌و رێكەوتننامەو وەعدی ئیمزا كراو گوم بوون. گرەو ئەكەم ئەگەر باش بگەڕێین لەو ژێرو مێرەدا ئەیاندۆزینەوە.
-بیلامانا ژێری چی؟
+ حەو.. ئەی گوایە من سەعاتێكە هەقایەتی چیت بۆ ئەكەم؟! ژێر كورسییەكان.
-كەواتە ئێمە تائێستا غەڵەت لەسیاسەت حاڵی بووین..
+ بۆچی غەڵەت حاڵی بووین؟
+ چونكە موشكیلەكەمان ژێرەوەیە نەك سەرەوە.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure