هەواڵ

-

بۆچی بردمانه‌وه‌...؟! ‌

ئه‌نوه‌ر حسێن‌
5/5/2014 9:02:26 AM 499 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

(1)
ده‌نگدان به‌یه‌كێتی وه‌ڵامێك بوو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانوت «سلێمانی بێ ساحێبه‌»، كه‌ ده‌ركه‌وت بۆچوونه‌كانیان بێ مانایه‌، ده‌نگدان به‌یه‌كێتی وه‌ڵامێك بوو بۆ ئه‌وانه‌ی وتیان «سلێمانی ئه‌تك كراوه‌»، ده‌نگدان به‌یه‌كێتی وه‌ڵامێك بوو بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانوت «خه‌نده‌ق لێدان ئاساییه‌»، ده‌یانوت «یه‌كێتیی پاشكۆیه‌»، ده‌یانوت «یه‌كێتی ماوه‌...؟!»، ده‌بێت هێزه‌كانی تر ئه‌وه‌ بزانن، كه‌ یه‌كێتی هێزی په‌رجووخولقێنه‌، چونكه‌ هێزێكه‌ نوێنه‌رایه‌تی دوو ره‌هه‌ندو ره‌وتی سه‌ره‌كی ده‌كات:-
یه‌كه‌م: یه‌كێتی نوێنه‌رایه‌تی گوتاری نیشتمانیی‌و نه‌ته‌وه‌یی كوردی ده‌كات.
دووه‌م: نوێنه‌رایه‌تی به‌رگری له‌چه‌مك‌و فه‌لسه‌فه‌ی دیموكراسی‌و ئازادی ده‌كات.
ئه‌وه‌ی روویدا له‌ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، گرنگترین خاڵی ئه‌وه‌ بوو كه‌ سیناریۆ‌و تێڕوانینه‌كانی نه‌یارانی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی به‌ته‌واوه‌تی لێكهه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و ده‌ریخست كه‌ بیركردنه‌وه‌كانیان زۆر كورتبینانه‌و ناسیاسیانه‌یه‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ خۆیان له‌بۆسه‌ نابوو، دوای، دوایین شكستی یه‌كێتی، دوایین قسه‌ی خۆیان بكه‌ن، ئێستا تووشی شۆك بوون‌و هیچ قسه‌یه‌كیان نییه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌دا.
بێگومان زۆر كه‌س‌و لایه‌ن، گره‌ویان له‌سه‌ر مه‌رگی ئه‌م هێزه‌ كردبوو، به‌ڵام به‌ده‌یان‌و هه‌زار دڵسۆزی ئه‌م وڵاته‌و كادرانی خه‌مخۆر، بۆ پارێزگاری له‌بوون‌و وجودی ئه‌م هێزه‌، كه‌ ده‌زانن، به‌بێ ئه‌و، ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ هه‌موو شتێك كه‌ به‌ده‌ستیهێناوه‌، له‌ده‌ستیده‌دات، كه‌ ساده‌ترینن، ئازادی‌و مافه‌كانیه‌تی.
ئه‌گه‌ر دیقه‌تی ده‌نگه‌كان بده‌ین، ئاڵوگۆڕێكی گه‌وره‌ ده‌بینین، به‌تایبه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ پێشتر یه‌كێتیان سزادا، یان زیزبوون لێی‌و ده‌نگیان پێ نه‌دا، به‌ڵام هه‌رزوو ئه‌وان له‌هه‌ر لایه‌ك باشتر زانیان كه‌ پیلانگێڕییه‌ك‌و سیناریۆیه‌ك هه‌یه‌ بۆ شكستپێهێنانی یه‌كێتی، بۆیه‌ به‌شداری چالاكی ئه‌وان ده‌ریخست كه‌ ده‌نگده‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان، به‌ته‌نها ده‌نگ به‌حزب‌و ئایدۆلۆژیایه‌ك نادات، به‌ڵكو دونیابین‌و روئیایه‌كی فراوانتری هه‌یه‌، بۆ حزب‌و هه‌ڵوێسته‌كانی.
ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌هۆشیاری تاكی كۆمه‌ڵگه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی ده‌یانه‌وێت ده‌نگده‌ر، ته‌نها بیر له‌یه‌ك حزب‌و ئایدۆلۆژیا بكاته‌وه‌، یان دۆگمایانه‌ بڕیاربدات.
ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ی یه‌كێتی، هه‌روه‌كو پێشووتری پاشه‌كشه‌ی، ئه‌زموونێكه‌ له‌زۆر وڵاتانی دونیاو كۆمه‌ڵگاكانی تردا روویداوه‌، كه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانی هه‌یه‌ بۆ رووداوه‌كان.
به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانه‌، چه‌ند ئه‌ركێك ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی یه‌كێتی، كه‌ له‌ساده‌ترین حاڵه‌تدا رێز له‌ده‌نگدانی ده‌نگده‌رانی‌و دۆست‌و دڵسۆزانی بگرێت، ئه‌مه‌ش جیا له‌وه‌ی كه‌ مافی هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ چییه‌ وه‌ك تاك له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، كه‌ ساده‌ترین مافی خۆیانه‌ ده‌بێت له‌به‌رچاو بگیرێت، به‌ڵام له‌وانه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵه‌كانی پێشوو هه‌رگیز نابێت دووباره‌بكاته‌وه‌، نابێت هه‌نگاوه‌ سیاسییه‌كانی ناڕۆشن بێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌به‌رچاوگرتنی راوبۆچوونی ئه‌وان به‌هه‌ند وه‌ربگرێت.
ده‌بێت دوو كێشه‌ی سه‌ره‌كی كه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌هه‌موو راپرسییه‌كاندا خاڵی یه‌كه‌مینی وه‌رگرتووه‌و زۆرترین ناڕه‌زایی‌و گله‌یی لای به‌شداربووان دروستكردووه‌، ئه‌وانیش (گه‌نده‌ڵی‌و بێكاری)ـه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.
ساده‌بوونه‌وه‌ی یه‌كێتی‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك‌و ده‌ركه‌وتنی له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا، چه‌نده‌ ساده‌و خاكی بێت، خه‌ڵك له‌ده‌وری كۆده‌بێته‌وه‌، پێچه‌وانه‌كه‌شی رێك راسته‌، كه‌ خه‌ڵك لێی دوورده‌كه‌وێته‌وه‌.
مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی دڵسۆز له‌م وڵاته‌دا به‌گشتی‌و له‌ناو حزبدا به‌تایبه‌تی، واتا چه‌مكی سزاو پاداشت كه‌ وه‌ك پێویست كاری پێناكرێت.
واتا ئاڵوگۆڕه‌ گه‌وره‌كانی ناو هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌تی بۆ یه‌كێتی زۆر زیاتر له‌وه‌ ده‌هێنێت به‌ته‌نها وه‌كو سه‌ركه‌وتن سه‌یری بكات‌و ته‌واو، نه‌خێر، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌سه‌ر یه‌ك به‌یه‌كی هۆكاره‌كانی بوه‌ستێت‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی بۆ بكرێت، ببێته‌ ئه‌زموونێكی به‌سوود بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، چونكه‌، چۆن ئه‌م دواهه‌مین هه‌ڵبژاردن نییه‌، بێگومان دواهه‌مین پیلانگێڕیش نییه‌ به‌دژی ئه‌م هێزه‌.
به‌ڵام ره‌نگه‌ دواهه‌مین چانس بێت بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌كاره‌ هه‌ڵه‌كانی رابردوو و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌جێندایه‌كی روون له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو سێكته‌رو رووداوه‌كان‌و ئاڵوگۆڕه‌كاندا، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ بكات، ئه‌وا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا، یه‌كه‌مه‌و بێ ركابه‌ره‌.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure