هەواڵ

-

بۆچی گۆڕان رێز لەڕای جیاوازی هەڵسوڕاوەکانی ناگرێ؟

محەمەد تاهیر
5/22/2014 3:21:11 AM 482 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

پەیتا پەیتا هەڵسوڕاوەكانی گۆڕان دێنە قسەو رەخنەو سەرنج و گلەییەكانیان لەبزووتنەوەكە دەخەڕوو، هەندێ لەناو بزووتنەوەكە دەمێننەوەو رەخنە دەگرن، هەندێكی تریش گۆڕان جێدەهێڵن، بەڵام لەهەردوو حاڵەتەكەداو تائێستاش بەهۆی ئەو ئیرهابە فیكرییە، بەهۆی ئەو هەڵمەتە‌و قسە ناشیرینانەی لەفەیسبووك‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پێیان دەوترێت هێشتا وەك پێویست ناتوانن گوزارشت لەڕای خۆیان بكەن، چونكە دوای ئەوە رووبەڕووی كەمپین‌و هەڵمەتی ناوزڕاندن‌و ناشیرینكردن‌و تەنانەت تەكفیركردنیش دەبنەوە.
ئێستا لەهەر كاتێكی تر زیاتر ئەو بزووتنەوەیەی لەسەرەتاوە زۆر خۆی بەڕای جیاوازەوە هەڵدەكێشاو لەمیدیا حزبییەكانی خۆیەوە جەختی لێدەكردەوە، ئەو دروشمە بكاتە كردار، ئەوەش بەوە دەبێ ئەو كەس یان بەقەولی خۆیان، ئەو هەڵسوڕاوانەی رەخنە‌و سەرنج لەبزووتنەوەكە دەگرن بەسنگێكی فراوانەوە وەربگیرێ، قسەی سووك‌و ناشیرینیان پێ نەوترێ. چەندین نموونەی زیندوومان هەیە بۆ سەلماندنی راستیی ئەم قسانە، بەڵام لەم دەرفەتەدا تەنها باسی دوو نموونە دەكەین:
یەكەم: عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەچەند رۆژی رابردوودا پیرۆزبایی لەد.نەجمەدین كەریم سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەپارێزگای كەركوك كرد.
بەڵام بەو هۆیەوە رووبەڕووی هێرشێكی توندی هەڕەشە‌و قسەی ناشیرین‌و ناوزڕاندن دەبێتەوە بەتایبەتی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك‌و ئەوەی نەشیاوەو نەكردەیە بەو پەرلەمانتارەی دەكەن. باشە پیرۆزبایی لەكاندیدێكی سەركەوتوو، جا هی هەر لایەنێ بێ ئەوە دەهێنێ بەو جۆرە كەسی لەسەر ناشیرین بكەی؟ پەرلەمانتارێكی پێشووی پێ نیگەران بكەیت؟
دووەم: كاتێ پەرلەمانی كوردستان دەنگیدا لەسەر ناونانی سەرۆك‌و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، وەك هەڵوێست‌و بڕیاری رەسمی‌و مەركەزی گۆڕان بڕیاری دابوو دەنگ بەنێچیرڤان بارزانی، كاندیدی پارتی بدا، بەڵام دەنگ بەكاندیدەكەی یەكێتی نەدات كە قوباد تاڵەبانی بوو.
بەڵام عومەر عینایەت پەرلەمانتاری گۆڕان بۆ یەكەمجار لەناو پەرلەمانتارانی گۆڕاندا، پابەندی ئەو بڕیارە نەبوو و وەك ئەوانی تر رۆبۆت ئاسا هەڵوێستی وەرنەگرت، بەڵكو دەنگی بەقوباد تاڵەبانی دا. كەچی ئەم را ئازادانەیەی عومەر عینایەت چونكە پێچەوانەی رای مەركەزی‌و رەسمی گۆڕان بوو، بووە ئەو مێشەی كرایە گامێش، لەو كاتەوەی عومەر عینایەت دەنگی بەقوباد تاڵەبانی داوە، هەڵمەتێكی چڕوپڕ لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەستپێكراوە كە رەنگە هیچ هەڵمەتێكی تری گۆڕان لەفەیسبووك بەو چڕی‌و رێكخراوییە ئەنجام نەدرابێ!
رەنگە گۆڕان‌و هەندێ لەهەڵسوڕاوەكانیان بڵێن ئەوەی لەفەیسبووك روودەدات، رای گۆڕان نییەو تەعبیر لەگۆڕان ناكا، بەڵام چونكە هەموومان دەزانین گۆڕان چۆن كاردەكاو ناوە خوازراوەكانی فەیسبووكی چین‌و پەیج و گروپەكانیان ناویان چییە، ئەو قسانەیان بەتاڵ دەبێتەوە.
چۆن دەزانین لەكوردستاندا كێ‌و لەکوێ حزبی تەزویرو ساختەكارییە، ئەوهاش دەزانین گۆڕان حزبی ناوی خوازراوی فەیسبووكە.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure