هەواڵ

-

تكایە با ئەمڕۆشمان لەدوێنێمان نەچێت ‌

نه‌وزادى موهه‌ندیس‌
5/25/2014 3:46:41 AM 482 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ مێژووی نزیكمان لەشۆڕشی نوێی گەلەكەماندا كە یەكێتی 38 ساڵ لەمەوبەرو لە 1/5/1975دا بەیاننامەی دامەزراندنی بڵاوكردەوەو لە 1/6/1976دا شۆڕشی چەكداری هەڵایسانەوە، ئیدی لەو رۆژگارەوە یەكێتی قۆناغ بەقۆناغ گەشەی كردو گەورە بوو و باڵای كردو بووە ژمارەیەك كە دۆست‌و دوژمنان حسابیان بۆ دەكرد لەڕووی سیاسی‌و پێشمەرگایەتی‌و جەماوەرییەوە توانی لەسەردەمی شاخدا ببێتە تاكە هێزی باڵادەست بەسەر زۆرینەی خاكی رزگاركراوی كوردستانداو لەسایەی دەسەڵاتی یەكێتیشدا لەشاخ زۆربەی حزب‌و سەركردەكانی ئێستا كە زۆربەیان هەر لەناو یەكێتییەوە دەستیان پێكردو دواتر جیابوونەوەو بوونە سەركردەو خاوەنی حزبی خۆیان، بەڵام بەداخەوە لەدوێنێ‌و ئەمڕۆشدا ئەو سەركردانە راستەوخۆ دوای جیابوونەوەیان یەكسەر سەری نێزەی دژایەتییان دەكردە یەكێتی‌و سەركردەكانی‌و ئیدی رابردوو و مێژووی هاوبەشیان لەگۆڕدەناو چییان پێكرابێت كردویانە بۆ دژایەتی یەكێتی دایك.
لەئێستاشداو لەم زەمەنی ئازادی‌و دیموكراسییەی كە یەكێتی لەزۆنی سەوزدا چەسپاندوویەتی‌و كار بۆ گەشەپێدانی دەكات‌و ئەم زۆنەی كردۆتە مێرگێكی پڕ ئاو و هەوای سازگار بۆ گەشەكردنی هەمووانیان بەهەمان شێوەی دوێنێ هەمووانیان بەربوونەتە وێزەی یەكێتی كە خاوەنی چاكەو پیاوەتی زۆرە بەسەر هەمووانیانەوەو گەلێكیانی لەنەمان‌و بچووكبوونەوەو فەوتان پاراستووە، كەچی ئەوان تەنها بوێریان بەرامبەر یەكێتی دەجوڵێت‌و ئەوپەڕی رەخنەی توندو بەیاننامەی ناڕەزایی‌و خۆپیشاندان‌و تەنانەت توندوتیژیش دەنوێنن، بەڵام یەكێتی بەپشوو درێژییەكی شۆڕشگێڕانەی رەسەنەوە وەڵام‌و مامەڵەیان لەتەكدا دەكات.
بەڕاستی دونیایەكی سەیرە، كە ئەمڕۆشمان بەداخەوە لەدوێنێیەكی تاریك‌و خوێناوی دەچێت‌و هەمان هەڵەی سیاسی دووپات دەكرێتەوە دژ بەیەكێتی‌و گەلەكۆمەكی ناڕەوای لێدەكرێت. ئەوەتا لە 16/5/2014دا هەر چوار لایەنی «پارتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو ‌و كۆمەڵی ئیسلامی» بەیانێكی توند دەردەكەن دژی لایەنێك «كە خۆشبەختانە بوێرییان نەبووە ناوی بهنێن»و لەگەڵ كۆمسیۆندا تۆمەتی ساختەكاری دەنگدەرانیان دەخەنەپاڵ‌و هەڕەشەش دەكەن كەوا ئەنجامەكانیان قبووڵ نییەو بەرپرسیاریش نین كە لەئایندەدا چی روودەدات. ئەم هەڵوێستەی ئەم سەردەم‌و رۆژگارەمان بەتەواوەتی لەو رووداوە دەچێت كە لەساڵی 1980دا روویداوە بەدامەزراندنی بەرەیەكی چوار قۆڵی بەناوی «بەرەی جود» كە لە 28/11/1980 لەبەیاننامەیەكدا لەڕاژان دژ بەیەكێتی راگەیەنرا، ئەوكاتیش تەنها لەبەر ئەوەی یەكێتی پاڵەوانی گۆڕەپانی سیاسی‌و سەربازی‌و جەماوەری بوو لەكوردستانداو گەرەكیان بوو كە هەر ئەوكاتە یەكێتی وەدەربنێن‌و پەراوێزی بخەن لەجیاتی ئەوەی هەموویان دژ بەڕژێمی بەعسی ئەوكات بجەنگانایە.
ئەم دوو هەڵوێستە كۆن‌و نوێیەی دژ بەیەكێتی جێگەی تێڕامانە، چونكە سەیرە ژمارەیەك حزب‌و سەركردەو لایەنی سیاسی لەدوێنی‌و ئەمڕۆدا هەمان هەڵوێستی دژیان هەبێت دژ بەیەكێتی‌و مێژوو بەخوێناویترین‌و مەترسیدارترین شێوە دووپات بكەنەوە، ئەمە لەلایەك ئەو راستییە دووپات دەكاتەوە كە ئەوان لەو كاتەوەو لەئێستاشدا «بەجیاوازی ناوەكانیان» هەمان بەرنامەی شەڕی ناوخۆ و تێكدانی شۆڕش‌و خەبات‌و دەسكەوتەكانیان هەیەو بەكۆنە قین سیاسەت دەكەن‌و لەلایەكی تریشەوە راست‌و دروستی بەرنامەو سیاسەتەكانی یەكێتی دەردەخات كە تەنها لەپێناو خزمەتكردنی میللەت‌و نەتەوەدایەو هەمیشە پارێزەری ئاشتی‌و ئازادی‌و دیموكراسییە چ لەشاخ‌و چ لەشاردا، ئەم راستییەش لەوەدا دەردەكەوێت كە دوای راپەڕین دامەزراندنی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو هەر لەسلێمانیدا بووەو پارتیش لەسایەی ئازادییەكانی یەكێتییەوە وەك خۆیان دەڵێن بەرەو گەشەكردن دەچن‌و هەمووان بارەگای سەرەكییان هەر لەسلێمانییەو لەكاتی تەنگانەو لێقەومانەكانیشیاندا هەر پەنا بۆ یەكێتی‌و سلێمانی دەهێننەوەو هەموو ئەوانەی دوای راپەڕین جیابوونەتەوەو دروستبوون‌و گەورەبوون‌و گەشەكردنیان هەر لەسلێمانی‌و لەسایەی حوكمی یەكێتیدا بووە. كەچی بوێرییان ئەوەندە هەیە تەنها بەیاننامەو ناڕەزایی‌و گەلەكۆمی لەیەكێتی دەكەن‌و هەموویان بەتەنها لەسەر دژایەتیكردنی یەكێتی كۆكن، ئەگینا خۆشبەختانە ئەوەتا بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دوێنێی برا بوونەتە ئاردی ناو دڕك‌و هەریەكەیان بەجیا لەكێبڕكێی یەكتردان بۆ چوونە ناو حكومەت‌و كەس حساب بۆ ئەویتریان ناكات، چونكە تازە چێژی كێكی دەسەڵاتیان كردووە بێگوێدانە لەمپەڕو پیرۆزییەكان هەموو مەرجەكانی پارتییان قبووڵە بۆ دژایەتیكردنی یەكێتی لەزۆنی سەوزدا.
لەكۆتاییدا دەڵێم تكایە با كارێك نەكەین ئەمڕۆی رووناك‌و پڕ دەسكەوتمان وەك دوێنێ تاریك‌و خوێناوی لێبكەین‌و نەوەیەكی نوێی داهاتووش گرفتاری شەڕو كۆنە قینی خۆمان نەكەین‌و دواتریش وەكو هەموو شەڕەكان دروشمی ئاشتبوونەوەو برایەتی‌و پێكەوە كاركردن بەرزبكەینەوە، با پەند لەڕابردوو وەربگرین، چونكە هێشتا كاروانی خەبات لەنیوەی رێگادایە، با چیتر ململانێی سیاسی ناڕەوا لەنێو خۆماندا نەكەین‌و بەڕێكەوتن‌و پێكهاتنی سیاسی برایەتی‌و یەكڕیزی سیاسی‌و جەماوەری گەلەكەمان بپارێزین‌و وڵاتیش زیاتر ئاوەدان بكەینەوەو میللەتیش لەخۆمان رازی بكەین بەخۆشگوزەرانكردنیان.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure