هەواڵ

-

هەڵبژاردن‌و تیۆری پیلانگێڕیی!

عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌
5/25/2014 3:48:49 AM 456 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئاساییە لەگەڵ كۆتاییهاتنی هەر هەڵبژاردنێكدا، حاڵەتی تانە لەدەرەنجامەكان ببینین. ئەم رێكارییە، ئەگەر پشتی بە بەڵگەش نەبەستبێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ناچار دەكات بۆ قۆناغەكانی داهاتوو تانەو گومانەكان كەمتر بكاتەوە، لەمەشدا، مەسەلەكە پاراستنی نێوبانگیی خۆیەتی. ئەوەی سەرنجی لەئەزموونی كۆمسیۆنیش دابێت، درك بەوە دەكات كە لەژێر كاریگەریی ئەو تانەو رەخنانەی دێنەسەری، لەهەڵبژاردنێكەوە بۆ یەكێكی دی، لەڕێگەی هێنانی تەكنۆلۆژیای نوێوە، توانای هونەریی پاراستنی نەزاهەتی هەڵبژاردنەكە بەرزتر دەكاتەوە، ئەوەی زۆرجار وەك كێشە دەمێنێتەوە زیاتر هێزە مرۆییەكەیە كە لەسەرتاسەری وڵاتدا پشتی پێدەبەسترێت بۆ سەرپەرشتیكردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدان.
لەم رووەوە، گرفتەكە لەوەدایە كە ئەو هێزە مرۆییە مرۆڤگەلێك نین بتوانرێت لەئەستێرەیەكی دیكەوە بهێنرێن!، ئەوان بەگشتی خەڵكی ئەم وڵاتەن‌و بەسەر گرووپە سیاسییەكاندا دابەشبوون، كاریگەریی سیاسەت‌و ململانێی حزبایەتیشیان لەسەرە، بۆیە گەرەنتیی تەواو نییە بۆ ئەوەی پیشەییانە لەئەركەكانیان بڕوانن كە پاراستنی ئیرادەی گشتییە لەهەڵبژاردنەكاندا. كۆمسیۆن نە لەڕابردوو و نە لەداهاتووشدا ناتوانێت ئەم واقیعە مرۆییە كۆنترۆڵ بكات، هەتا ئێستاش هیچ سیستمێكی كارای سزادانی نییە بۆ ئەوەی كارمەندەكانی پێش ئەوەی بكەرێكی سیاسی بن‌و بەلای پارتی دڵخوازی خۆیاندا دایبشكێنن، كەسانێكی پیشەیی بن‌و لەجیاكردنەوەو ژماردنی دەنگی هاووڵاتیاندا بێلایەنیی خۆیان بپارێزن. یەكێك لەگەورەترین گومانەكانی هەڵبژاردنی ئەمجارەش لەسنووری پارێزگاكانی ناوەڕاست‌و باشووری عیراقدا گومانكردنی كۆمەڵێك قەوارەی سیاسییە لەكارمەندانی كۆمسیۆن كە بێگومان گومانی رەواو بابەتین.
لەسەر ئاستی هەرێم، دۆخەكە جیاوازە!، چونكە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەجۆرێكی ترە. لێرە لەهەرێم، بەپێی وێستگەی ژمارە سفری تایبەت بەدەنگی كارمەندانی كۆمسیۆن لەهەڵبژاردنەكانی 30/4و پێشووتریش 21/9، كارمەندان بەڕێژەی 80% دەنگیان بەو هێزانە داوە كە ئێستا تانە لەهەڵبژاردنەكان دەدەن!. لەسلێمانی‌و هەولێرو دهۆك، بەشی هەرەزۆری كارمەندانی كۆمسیۆن، هەواداری پارتی دیموكرات‌و بزووتنەوەی گۆڕانن، واتە لەكاتێكدا كە زۆربەی كارمەندانی كۆمسیۆن لایەنگیری ئەو دوو حزبەن‌و دەنگی خۆیشیان پێداون، ئەم دوو هێزە لەو سێ پارێزگایە، بەتایبەتیش لەسلێمانی‌و هەولێر، گومانیان لەوەیە كۆمسیۆن بۆ بەرژەوەندیی هێزە ركابەرەكەیان كاری كردبێت كە یەكێتییەو دەنگەكانی لەو سێ پارێزگایە زیادیانكردووە!.
گومانكردن لەكۆمسیۆن بەشێوە دیموكراتییەكەی، دەبێ بگۆڕدرێتە سەر تانە، تانەش لەڕووی یاساییەوە پشت ئەستوور بێت بە بەڵگە، بەڵگەش توانای سەلماندنی هەبێت. تا ئێرە، بابەتەكە ئاساییە. ئەگەر ئەو دوو حزبە توانیان گومان‌و تانەكان ببەنەوە، ئەوا خزمەت بەپڕۆسەی دیموكراسیی وڵات دەكەن‌و كۆمسیۆن‌و هەر هێزێكیش كە زیانی لەنەزاهەتی هەڵبژاردن دابێت زیانی گەورە بەر خۆی دەكەوێت، خۆ ئەگەریش ئەم هەڵوێستەیان گوزارشتێكی نائاگایانە بێت لەو شۆكە سیاسییەی كە بەهۆی خەمڵاندنی هەڵەی توانای گەشەو تەكتیكی هەڵبژاردنی ركابەرەكەیان دووچاری هاتبن‌و ئەنجامەكانیان پێ هەرس ناكرێت، ئەوا بێسوودە!.
ئێستا یارییەكی ناشیرینتر لەم بیانووگێڕانە بەئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەڕێوەدەچێت!. ئەو دوو پارتە، دوای ئەوەی دەزانن لەڕێی تانەی نەسەلمێنراوەوە توانای كەمكردنەوەیان نییە لەو متمانەیەی كە دەنگدەران بەڕكابەرەكەیان داوە، هاتوون پەنایان بۆ وتی وتییەكی (شائعە) سیاسیی بردووە كە بریتییە لەگرێدانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەدەستێوەردانی دەرەكییەوە!. سادەترین مانای ئەم وتی وتییە ئەوە دەگەیەنێت كە وڵاتێكی دیاریكراو چووبێتە سەر ئیرادەی ئازادانەی دەنگدەران‌و یەك بەیەك بەسەریدا سەپاندبن كە دەنگیان بۆ كێ بێت‌و بەكێی نەدەن!، بەوەش نزیكەی 900 هەزار دەنگی بۆ ركابەرەكەیان چنیبێتەوە كە یەكێتییە!!. ئەم شائیعەیە بەڕادەیەك ساویلكانەیە كە ئەوەی كەمترین شارەزایی لەكاری موخابەراتیشدا هەبێت تێدەگات كە كاری نەكردەیە. دەوڵەتانی بەهێز دەشێت كاریگەرییان لەسەر ناوەندە سیاسییەكان هەبێت، بەڵام ناتوانن یەك بەیەكی هاووڵاتیانی وڵاتێكی دی ناچار بكەن متمانە بەكێ بدەن‌و لەكێی وەربگرنەوە. ئەمە هیچ نییە جگە لەتیۆری نەخۆش-ی پیلانگێڕی، موفارەقەی گەورەش لەوەدایە كە ئەم تیۆرە زۆرجار دەرەنجامی پێچەوانەی هەیە!، واتە ئەوەی باوەڕی پێدەهێنێت هەموو وزەیەكی لێكدانەوەی زانستییانەی خۆی بۆ رووداوەكان لەكاردەخات، هاوكات سەرلەبەری كورتهێنانەكانی خۆی دەخاتە ئەستۆی دەرەوە، بەم عەقڵییەتەش، لەجیاتی جارێك دووجار خزمەتی بێبەرامبەری ركابەر دەكات، لەلایەكەوە ناتوانێت لەنهێنیی نەخشەو گەشەی ركابەرەكەی بگات، لەلایەكی دیكەشەوە كەموكوڕییەكانی خۆی پێ نابینرێت‌و چاكسازیی لەخۆیدا ناكات!، ئەمڕۆ سەیر لەوەدایە بەشێكی بنكەی جەماوەریی ئەو هێزانە، زۆر لەسەركردەو میدیاكانیان عاقڵترن!، ئەوان دەزانن كە تەسویقكردنی ئەم تیۆرە لەلایەن حزبەكانیانەوە، تەنها داپۆشینی شكستی بڕیار بەدەستەكانیانەو هیچیتر، بۆیە هەر لەئێستاوە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە داوای گۆڕینی بەرپرسانیان دەكەن.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure