هەواڵ

-

داستانی هەستانەوەی یەكێتی ‌

خه‌لیل عه‌بدوڵڵا‌
5/26/2014 4:02:13 AM 508 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

پاشەكشەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەهەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی2013ی پەرلەمانی كوردستان‌و دابەزینی دەنگەكەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو، ئەو وێنایەی لای هەندێک لەلایەنە سیاسییەكان دروستكرد، كە ئیدی یەكێتی گڵۆڵەی لەلێژییە‌و جارێكی تر هەڵناسێتەوە. هەندێكیان نوقڵانەی ئەوەشیان لێئەدا، كە یەكێتی بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێ‌‌و رۆڵی لەسەر نەخشەی سیاسیی كوردستان نامێنێت.
ئەو خوێندنەوەیە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، كە رابەرە مێژووییەكەی یەكێتی لەدوورە وڵاتە‌و دۆخی ناوخۆیی حزبەكەش ناسەقامگیرە، بەبڕوای ئەوان ئەوەش مایەی پاشەكشەی زیاتری یەكێتی‌و تەنانەت پووكانەوەشی دەبێت.
خوێندنەوەی ئەو لایەنانە بۆ یەكێتی هەڵەبوو، چونكە ئەوان بەتەنها خاڵێكی هێزی یەكێتییان لێك دابۆوە، كە ئەویش هێزی هەرەمی سەرەوەی بوو، پێیان وابوو بەهۆی جیاوازی دیدی جەمسەرە باڵاكانی‌و رێكنەكەوتنیانەوە یەكێتی بەرە‌و پووكانەوە‌و هەڵوەشانەوە دەچێت.
راستە ئەو خاڵە خاڵێكی نەرێنی‌و جێگەی نیگەرانی بوو، بەڵام هەموو هێزی یەكێتی بەتەنها لەو خاڵەدا كۆنەبووبۆوە، دەركەوتنی سەرۆك مام جەلال‌و بەشداریكردنی لەپڕۆسەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، كاریگەری گەورەی لەسەر جۆشدانی ئەندامان‌و دەنگدەرانی یەكێتی هەبوو بۆ چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و داپۆشینی خاڵی لاوازی ناكۆكی جەمسەرەكان.
بێجگەلەوە ئەو لایەنانە یەكێتیناس نەبوون‌و پەیان بەخاڵەكانی دیكەی هێزی یەكێتی نەبردبوو، لەوەی كەیەكێتی حزبێكە خاوەنی مێژوویەكی پڕشنگدارە‌و لەو مێژووەدا خەباتێكی سەخت‌و جەسورانەی بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان كردووە‌و لەو دیرۆكەدا هەزاران تێكۆشەری یەكێتی لەمەیدانەكانی نەبەردی شاخ‌و شار‌و زیندانەكانی بەعسدا گیانی خۆیان بەخشیوە، ئێستا كەسوكاری ئەو تێكۆشەرە شەهیدانە قەڵایەكی سەختی پشتیوانیی یەكێتین، ئەگەر هەندێكیان زیزیش بوبن لەیەكێتی لەهەڵبژاردنێكدا دەنگیان پێنەدابێ‌، ئەوە لەكاتی تەنگانە‌و مەترسی لاوازكردنی یەكێتیدا دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و بەدەنگەكانیان دەبنە شورای پاراستن‌و بەهێزكردنەوەی یەكێتی، هەروەك بینیمان لەهەڵبژاردنی30ی نیساندا كەسوكاری شەهیدان بەچ جۆش‌و خرۆش‌و حەماسێكەوە چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و متمانەیان بەیەكێتی بەخشی.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوەنی هەزاران تێكۆشەری دێرینە لەپێشمەرگە‌و رێكخستن‌و زیندانی سیاسی‌و هێزی پشگیری، كە ئەمجارە هەر هەموویان هەستیان بەپیلانی گەمارۆدان‌و دوورخستنەوەی یەكێتی لەگۆڕەپانی سیاسی دەكرد، بۆیە بەهەمان گیانی شۆڕشگێڕانەی جارانەوە خۆیان‌و خانەوادە‌و كەسوكاریان چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و بەدەنگە سەوزەكانیان داستانی سەركەوتنێكی گەورەیان بۆ یەكێتی تۆماركرد.
ئەوە سەرباری ئەوەی یەكێتی هەزاران كادر‌و ئەندام‌و دۆستی لەسەرانسەری عیراق‌و كوردستان‌و دەرەوەی وڵات هەیە، ئەوانەش ئەمجارە هیمەتێكی زۆریان بۆ سەرخستنی حزبەكەیان لەهەڵبژاردنداكرد.
هەزاران هاووڵاتی لەدەرەوەی بازنەی حزبی، یەكێتیان وەك هێزێكی نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و خزمەتگوزار خۆشدەوێ‌‌و بەزامنی پاراستنی ئازادی‌و دیموكراسی‌و سەقامگیری دەزانن، هەر بۆیەش لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی خۆیان پێبەخشی.
هەموو ئەو فاكتەرانە هۆكاری تۆماركردنی داستانی هەستانەوەی یەكێتی‌و بەرزبوونەوەی دەنگەكانی بوون. هەربۆیەش یەكێتی نەناسەكان تووشی شۆك بوون، چونكە بەخەیاڵی ئەوان یەكێتی بەرەو پووكانەوە‌و هەڵوەشانەوە دەچێت.
بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەو راستییەی سەلماندەوە كە یەكێتی حزبێكی مێژوویی‌و جەماوەری گەورەیە‌و چەندین خاڵی بەهێزی مانەوە‌و گەشەكردن‌و بەردەوامی هەیە، كەئەو لایەنەنانە پەیان پێنەبردبوو.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure