هەواڵ

-

داعش و ده‌وڵه‌تی‌ كوردیی

بـه‌هـرۆز جـه‌عـفـه‌ر
6/11/2014 3:42:09 AM 471 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ ڕابردوودا،چه‌ند زنجیره‌ وتارو توێژینه‌وه‌یه‌كمان،له‌ سایتی‌ خه‌ندان و پێگه‌كانی‌ تر،بلاَوبۆته‌وه‌ به‌م ناونیشانانه‌:
یه‌كه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ قاعیده‌ بۆ ناوه‌ڕاستی‌ عێراق و كاریگه‌رییه‌كانی‌ له‌سه‌ركه‌ركوك و ناوچه‌ داگیركراوه‌كان .دووه‌م: ڕه‌هه‌نده‌ مه‌ترسیداره‌كانی‌ داعش .


سێهه‌م: تیرۆریزم و جیهانگیریی (داعش وه‌ك باسی‌ ئه‌مڕۆ)
چواره‌م: كورد موسڵیشی‌ بردۆته‌وه‌ ( كه‌تیایدا گرنگی‌ پێگه‌ی‌ جوگرافی‌ و مێژوویی موسڵ و كاریگه‌رییه‌كانی‌ له‌سه‌رئاسایشی‌ ناوچه‌كه‌ و،داتاو به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ كوردستانی‌ بونی‌ موسڵ خرابونه‌ ڕوو ).


له‌ماوه‌ی‌ (48) كاتژمێری‌ ڕابردوودا،دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ داعش توانی‌ ده‌ست بگرێت، به‌سه‌ر گرنگترین و دووه‌م شاری‌ عێراق كه‌ موسڵه‌،دوای‌ په‌یوه‌ندیی و گفتۆگۆم له‌گه‌ڵ (19) كاتیگۆری‌ جیا له‌ پرۆفیسۆری‌ ئه‌مریكی‌ و ڕۆژنامه‌وانی‌ تورك و كه‌سایه‌تی‌ عه‌ره‌بی‌ و كوردیی له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌،سه‌باره‌ت به‌داعش و دۆزی‌ كورد له‌ناوچه‌كه‌دا،هه‌ندێك له‌ بۆچونه‌كان پێشوتر له‌و ناونیشانانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌دا باسم كردون.


ته‌وه‌ری‌ یه‌كه‌م : كێ پاڵپشتی‌ داعش ئه‌كا ؟.

مالیكی‌ یان نوجێفییه‌كی‌ ڕاكردوو ؟.ئێران یان توركیا ؟.له‌واقیعدا ئه‌م ناوانه‌ بێ ئاگانین له‌ڕه‌فتاره‌كانی‌ ئه‌م هێزه‌ په‌ڕگیره‌،به‌لاَم هیچیان له‌پشت داعشه‌وه‌ نین (موتڵه‌قه‌ن داعش هیچ په‌یوه‌ندیی به‌ئێرانه‌وه‌ نییه‌)..


داعش هێزێكی‌ ئیسلامی‌ - عه‌ره‌بی‌-شۆڤێنی توندڕه‌وه‌ . سووننه‌كانیش بۆخۆیان له‌م ناوچه‌یه‌ دووبه‌شن،به‌شێك له‌مانه‌ عیلمانیی و چه‌پن .ئه‌وه‌ی‌ له‌پشت داعشه‌وه‌یه‌،به‌پله‌ی‌ ئیمتیاز (ڕه‌غدی‌ كچی‌ سه‌دام حوسه‌ین و عه‌زه‌دورین ) ئه‌وجا (قه‌ته‌ر) ئه‌وسا گه‌وره‌ بازرگان (خه‌میس خه‌نجه‌ر) كه‌بره‌و به‌پاره‌كانی‌ ڕه‌غد ئه‌دات ،له‌ئه‌سته‌مبوڵ دائه‌نیشێت .له‌سه‌ره‌تای‌ (2014) هه‌موو كوتله‌ سونییه‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ كه‌ركوكی‌ بۆ توركیا داوه‌تكرد،كردنی‌ به‌یه‌ك لیست و ناردنییه‌وه‌.ده‌یان پێگه‌ی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ و ڕایه‌ڵه‌ی‌ جوداجودای‌ له‌عێراقدا هه‌یه‌.له‌ئێستادا ئاڕاسته‌ی‌ داعش به‌ره‌و به‌غداده‌،ئه‌گه‌ر به‌ریان پێ نه‌گیرێت (داعش) له‌ماوه‌ی‌ (10) ڕۆژی‌ تردا به‌غداد ئه‌گرن .له‌ په‌یوه‌ست به‌ بابه‌تی‌ داعش و كورده‌وه‌ (3) خاڵی‌ گرنگ هه‌ن :


• پێش ئه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌عێراق و شام وه‌ك لێكچویه‌كی‌ قاعیده‌،به‌فۆڕمێكی‌ توندتر دابمه‌زرێ‌،ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ كوردیی،دامه‌زرا،كه‌ئێستاش بونی‌ هه‌یه‌و،لقێكه‌ له‌ داعش .
• داعش ماوه‌یه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردوستان و،خۆشی‌ خزانۆته‌ ناو مه‌كاتیبه‌ سیاسیی و دامه‌زراوه‌ییه‌كانییه‌وه‌ .!.
• دوای‌ داگیركردنی‌ موسڵ و نیوه‌ی‌ ئه‌م عێراقه‌،داعش سه‌هۆڵبه‌ندانی‌ به‌رده‌م كوردیی توانده‌وه‌،ترسی‌ كوردیی شكاند .ئه‌و بیانوه‌ كلاسیكییه‌ی‌ نه‌هێشت،بۆ هه‌رشتێك ئه‌مریكامان له‌گه‌ڵ نییه‌و،ئێران و توركیا قبوڵی‌ ناكه‌ن .چی‌ شتێك له‌موسڵ به‌به‌هاتره‌ بۆ توركیا،كه‌ویلایه‌تێكی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانی‌ بوه‌و،ئێستاش وایده‌بینێت .داعش گرتی‌ و،نه‌ ئێران قسه‌ی‌ كرد،نه‌ توركیا،نه‌ئه‌مریكاش هیچی‌ ووت .گوایه‌ كورد له‌وه‌ته‌ی‌ مێژووی‌ هه‌یه‌ به‌رخۆدان ده‌كا،به‌قه‌د داعش ئیراده‌ی‌ نییه‌،سیاسه‌ت و پلانی‌ نییه‌ ؟.

ته‌وه‌ری‌ دووه‌م : ڕێككه‌وتنی‌ مالكی‌ و ئه‌مریكا- پارتی‌ و توركیا .
مالیكی‌ توانی‌ سه‌ربكه‌وێت،له‌ئیمزاكردنی‌ گرێبه‌ست بۆ كڕینی‌ (36) فڕۆكه‌ی‌ (F16) له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.كوردیش (واته‌ پارتی‌ له‌باشور) گرێبه‌ستی‌ نه‌وتی‌ بۆ ماوه‌ی‌ (50) ساڵ له‌گه‌ڵ توركیا ئیمزاكردووه‌ .ئه‌مه‌ بوخچه‌یه‌كه‌ دنه‌دانی‌ هێنده‌ ئاسان نییه‌ .توركیایه‌ك كه‌به‌رهه‌ڵستكاریی مێژووییان له‌گه‌ڵ ڕووسیا هه‌یه‌،دووه‌م هێزه‌ له‌ناتۆ،چواره‌م هێزی‌ زه‌مینی‌ هه‌یه‌.هاوپه‌یمانی‌ ئه‌مریكایه‌ .ئه‌مریكایه‌ك كه‌لافوگه‌زافی‌ دونیای‌ چنیبو،تیرۆر له‌ (11ی‌ سێبته‌مبه‌ر) وایلێكرد،به‌پێش چاوی‌ جیهانه‌وه‌ خوێن له‌ناوگه‌ڵی‌ بچۆڕێ،له‌م مێژووه‌ به‌دواوه‌، وانه‌ی‌ (تیرۆریزم) له‌هه‌موو ئه‌كادیمییاكانی‌ خۆرئاوا،ده‌بنه‌ تۆپیكێكی‌ سه‌ره‌كی‌ ناو (په‌یوه‌ندییه‌ نێو-ده‌وڵه‌تییه‌كان)..ئه‌م هێزه‌ سه‌رقاڵی‌ خۆسازدانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ (100) ساڵی‌ دیكه‌ش گه‌وره‌ی‌ گه‌ردون بێت (ووشكانی‌-ئاسمانی‌-ڕێره‌وه‌ ئاوییه‌كان).ده‌بێت ئه‌م دوو هێزه‌ كامیان شتێك بۆ كورد بكه‌ن ؟.ئێمه‌ ده‌توانین سۆراغی‌ (2) دیارده‌ بكه‌ین :


یه‌كه‌میان : هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ به‌رپرسی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ (فه‌لاح موسته‌فا) بۆ ئه‌مریكا..ئه‌وه‌ ئه‌سه‌لمێنێ كورد نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك مالكی‌ ببێته‌ جێی تموحی‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكا،ئایا له‌ماوه‌ی‌ (8) ساڵی‌ ڕابردوودا كورده‌كان پرسیویانه‌،بۆچی‌ ئێران و ئه‌مریكا له‌خواپه‌رستنیشدا جیاوازن،كه‌چی‌ له‌مالیكیدا هاوبه‌شن ؟.


دووه‌م: له‌ستراتیژیی نه‌گۆڕی‌ ئه‌مریكادا: هیچ كاتێك له‌ گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی‌ دیموكراسییه‌ت نییه‌،له‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوه‌ڕاستدا.هه‌رێمی‌ كوردوستانیش به‌به‌راورد به‌هه‌موو ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ (توركیاو ئیسرائیل) نه‌بێت،هه‌نگاوی‌ به‌ئاڕاسته‌ی‌ گۆڕانكاریی له‌بالاَنسی‌ هێزو،قازانجی‌ دیموكراسییه‌ت هاویشتووه‌،گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ری‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی ئه‌مریكی‌ (مایڵز كوبلاند) ساڵی‌ (1970) كتێبی‌ (لعبه‌ الاَمم) ی‌ نوسی‌،به‌ڕوونی‌ باس له‌ئیختراقی‌ شه‌رق ده‌كات له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو ئینگلیزه‌كانه‌وه‌،كه‌به‌رنامه‌كه‌ له‌ ساڵی‌ (1948) ه‌وه‌،ده‌ست پێده‌كا،به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ (هاری‌ ترومان) (په‌یمانی‌ ترومان) له‌هه‌مان ساڵ (پرۆژه‌ی‌ مارشاڵ) بۆ بیناكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌وروپا،هه‌رله‌هه‌مان ساڵی‌ (1948) دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیل،ئه‌وسا قۆناغی‌ ده‌ستوه‌ردان و پشتگیریی كوده‌تا ده‌ست پێ ئه‌كا،له‌ "موحه‌مه‌د موسه‌ده‌قی‌ " ئێرانه‌وه‌ (1952) كه‌ به‌ده‌نگی‌ خه‌ڵكیش هاتبو،بۆ كوده‌تا له‌یه‌مه‌ن ،بۆ عێراق (1958) ...هتد ...ئێستا نه‌ك ئه‌مریكا،كه‌سێكی‌ ئاسایی له‌م هه‌ر ولاَتێكی‌ شه‌رقی‌،یان كوردوستان،ده‌توانێت ته‌نها دیدارێك ئه‌نجام بدا،به‌ پێدانی‌ بڕێك پاره‌ی‌ زۆر بۆ به‌رپرسێكی‌ ئه‌مریكی‌ یان ئه‌ندامێكی‌ كۆنگرێس،له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا،ڕۆڵێكی‌ به‌رچاو ئه‌درێته‌ ئه‌و كه‌سه‌ شه‌رقییه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا..تۆ پێتوایه‌ سه‌دان سیاسیی و بازرگانی‌ خه‌لیجی‌ عه‌ره‌بی‌ وناوچه‌كه‌ به‌گشتی‌ ،كێ پاڵپشتی‌ یان ده‌كات ؟.حیكمه‌ت چییه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌س ده‌ست ناخاته‌ به‌ر كاریان ؟.ده‌بوو مالكی‌ (40) ملیار دۆلاری‌ دابا،كورد (400) ملیاری‌ بدابایه‌ ئه‌مریكا،هه‌رپاره‌ی‌ ئه‌و نه‌وته‌بوو،كه‌سه‌دام دای‌ به‌چه‌ك و كۆمه‌ڵكوژیی كردن .

ته‌وه‌ری‌ سێهه‌م : كورد چی‌ بكات ..؟.

یه‌كه‌م: دابه‌شبونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ (نه‌گبه‌تیه‌ گه‌وره‌كه‌).


پێش هه‌رشتێك،ڕای‌ گشتی‌ له‌بری‌ داعش،ده‌بێت ئاگاداریی مه‌ترسییه‌كانی‌ دابه‌شبونی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ بكه‌ن،له‌پرسی‌ داعشدا. هیچ كاتێك له‌مێژووی‌ ئه‌م (2) حزبه‌دا ناكۆكییه‌كانیان وه‌ك ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ نه‌بووه‌،(ی،ن،ك) زیاتر له‌ (10000) چه‌كداری‌ (له‌ دژه‌ تیرۆر-ئاسایش-پێشمه‌رگه‌ی‌ كۆن و نوێ‌) ئاڕاسته‌ی‌ كه‌ركوك و خانه‌قین كردووه‌ .هه‌رچی‌ پیشمه‌رگه‌دێرینه‌كانی‌ ناوگۆڕانیشه‌،سه‌رله‌نوێ تێكه‌ڵكراونه‌ته‌وه‌و،له‌به‌ره‌ی‌ جه‌نگدان،(پ،د،ك) جوڵه‌ی‌ به‌هێز نه‌كردووه‌ .هۆكاره‌كه‌شی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه‌ كه‌پارتی‌ له‌زۆنی‌ سووننی‌ دا،ده‌ستی‌ پێوه‌گرتووه‌،له‌وماوه‌یه‌دا قسه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرا كه‌ عه‌زه‌ دووری‌ له‌هه‌ولێر بوبێت .!.وه‌ك په‌یوه‌ندیی (پارتی‌ و سوننه‌كان).

دووه‌م: كورد،سیاسه‌ته‌كه‌شی‌،كوردانه‌یه‌،عاتفییانه‌یه‌،به‌حه‌ماسه‌ته‌وه‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌ن،قسه‌ده‌كه‌ن،ده‌نوسن،جێی حه‌په‌سانه‌ له‌شوێنه‌ گشتییه‌كان،یاخود ڕێگه‌وبانه‌كان ئه‌وه‌نده‌ خێراو به‌سورعه‌تن،بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ كامیان مه‌هامێكی‌ هه‌بێت،تاپێی بگات .گرفتی‌ ئه‌وه‌ڵ و ئاخری‌ ئه‌م میلله‌ته‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ گه‌لانی‌ دونیاوه‌ ئه‌وه‌یه‌: قوربانی‌ ئه‌دات،به‌لاَم ناگاته‌ ئامانج !..


له‌پرۆسه‌ی‌ ئازادیی،یه‌ك جوندیی عێراقی له‌سه‌ر شه‌قامێكی‌ عێراق نه‌بوو،ئه‌مان چوون ده‌وڵه‌تیان دروستكرد،سوپایان پێكهێنا،دیجله‌و فوراتیان له‌ته‌قینه‌وه‌ پاراست .ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ ئه‌وهه‌ڵه‌ مێژینه‌یه‌،كه‌قه‌د عاری‌ پێناگرن .ئێستا (3) به‌شی‌ سووننه‌ به‌ره‌و كوردوستان دێن،ئه‌سیل نوجه‌یفی‌ هه‌ڵهاتووه‌ له‌كوردوستانه‌،ئه‌ندامه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا خۆیان هاتوون یه‌خه‌ی‌ كورد ئه‌گرن،كه‌پێشمه‌رگه‌ بیانپارێزێت،كورد ئه‌قڵی‌ پێ ناشكێ‌ ئیمزا و په‌نجه‌ مۆر به‌یه‌ك به‌یه‌كیان بكات،تا بیكاته‌ په‌ڵه‌و به‌ڵگه‌یه‌كی‌ مێژوویی به‌ناوچه‌وانیانه‌وه‌ .ده‌ستكه‌وته‌كه‌ی‌ خۆشی‌ پێ مسۆگه‌ربكات،ئه‌و هێڵه‌ جوگرافیه‌ی‌ سووننه‌ (80) ساڵه‌ شه‌ڕی‌ له‌سه‌رده‌كات،ئێستا كورد ده‌توانێت به‌ئیمزای‌ سووننه‌كان،خاكی‌ خۆی‌ وه‌ربگرێته‌وه‌ .كێ ده‌نگ ئه‌كا ؟. كێ ده‌ستی‌ گرتون ؟ له‌كێ ئه‌ترسن ؟.


داعش،پێش ئه‌وه‌ ی‌ دژی‌ مالیكی‌ بێت،بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌ڕه‌ له‌ژێر پێی كورد ده‌ربهێنێت .یه‌په‌گه‌ پێش پارتی‌ و یه‌كێتی‌ له‌مه‌ تێگه‌یشت،هه‌ر زوو پاڵپشتی‌ خۆی‌ بۆ باشوری‌ كوردوستان ده‌ربڕی‌ .باشور شیرده‌ره‌،خۆراكده‌ری‌ پارچه‌كانی‌ تره‌،له‌ڕووی‌ ئابورییه‌وه‌ نه‌وته‌كه‌ لێره‌یه‌،له‌ڕووی‌ شارستانییه‌ت و مێژووه‌وه‌ ،كلتوره‌وه‌، ئه‌وله‌ویه‌ت له‌باشوره‌ .ئه‌مری‌ واقیع،سیمڕ له‌باشوره‌وه‌ با ده‌رپه‌ڕێت .ڕاستییه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ كورد ئه‌م فرسه‌ته‌ له‌ده‌ست بدات،هه‌قه‌ به‌توێكڵه‌ شووتی‌ ئه‌وانه‌ی‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌ن له‌و ده‌ڤه‌ره‌ ڕاوبنرێن .

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure