هەواڵ

-

بەڵای خۆمانە!

ئامانج شاکه‌لی
6/24/2014 3:06:43 AM 532 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوێنێ شه‌و تا دوای نوێژی عیشا، کوڕه ‌مارده‌مه‌که‌ی قاله‌ پێ پان، باسی برایه‌تی کورد و عاره‌بی بۆ ده‌کردین و ئه‌یفه‌رموو: ئه‌شێ له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا ئه‌رکی میوانپه‌رێزی کوردانه‌مان به‌رامبه‌ر ئه‌و برا عاره‌بانه‌ی له‌به‌ر خراپی باری ئه‌منی ناوچه‌کانی خۆیان ڕوویان له‌کوردستان کردووه‌، بخه‌ینه‌گه‌ڕ! ئه‌هلی مزگه‌وتیش کردبوویان به‌گڵه‌زه‌نگێک ئه‌و سه‌ری نه‌بێته‌وه‌. سۆفی فڵامه‌رز نه‌بێ له‌گۆشه‌یه‌کدا کزۆڵه‌ی کردبوو و جگه‌ره‌ی به‌جگه‌ره ‌داده‌گیرسان و سه‌ری باده‌دا. تاکو ئه‌م به‌یانییه ‌هێشتا ده‌مم له‌دووعای پاش نوێژ به‌تاڵ نه‌بوو بوو، سۆفی فڵامه‌رز وه‌ک ڕه‌شه‌با خۆی کرد به‌ژوورا.

 

 

-ئه‌حه‌گیان تا زووه‌چاییه ‌ڕه‌ش تاڵم بۆ تێکه ‌با بیکه‌م وه‌سه‌ر خه‌فه‌ته‌که‌ما. وه ‌ڕاس سه‌لامو عه‌له‌یکوم!

+ عه‌له‌یکه‌سه‌لام سۆفی، ئه‌وه ‌خێره ‌وا ئاڵۆزکاوی؟ خۆ خوانه‌خواسته ‌شتی خراپ نه‌قه‌وماوه‌؟

-جا له‌وه‌خراو تر؟ وه‌که‌لام خوا له‌به‌ر عه‌یبه‌و قسه‌ی خه‌ڵکی نه‌وایه،‌ هه‌ر ئه‌لعانه‌كێ به‌زمێکم ئه‌نیاوه ‌تۆفانی نووح له‌چاویا جۆگه‌که‌ی کانیی ژنان وێ!

+ نه‌، به‌قوربانی ڕیشه‌که‌ت بم سۆفی گیان! به‌م ده‌مه‌و پایزه‌تاقه‌تی کۆڕه‌و و شڵپ وهوڕی ناو ئاوم نییه‌. جا نه‌تفه‌رموو چی بووه‌؟

-ده‌ تۆ جارێ پیاڵه‌چاییه‌که‌م بۆ تێکه‌

+ فه‌رموو سۆفی، به‌ڵام ده‌بێ بمبووری شه‌کری كڵۆمان نه‌ماوه‌

-قه‌یناکا خۆم نوقڵم واپێ

+ به‌ڵێ، ده‌ی فه‌رموو دڵم له‌لاته ‌سۆفی

-به‌ڵێ و باقیی وێ یاخوا، خۆ تۆ دوێ شه‌و گوێت له‌کوڕه‌که‌ی قاله‌و چی فڵته‌فڵتێکی ئه‌فه‌رموو؟

+ به‌ڵی قوربان! ده‌رسی برایه‌تی کورد و عاره‌بی پێ ڕه‌وان ده‌کردین! ئه‌مما سۆفی تۆ بۆ وا بێده‌نگ بووی؟

-ئاها جا با عه‌رزت که‌م ئه‌حه‌گیان، دوێ ئێواره‌ چووم وه ‌سه‌ر پێیه‌کۆ سه‌ری له ‌فه‌ته‌ی خوارزام بده‌م، وتم یه‌کجاری له‌وێ نوێژه‌که‌یچم ئه‌که‌م. که‌چووم تێفکریم وا حه‌وشه ‌ئاوڕشێن کریاگه‌و جێ و بانیان داخستگه‌، کاورایێ ره‌شتاڵه‌ی دزداشه ‌له‌به‌ری عه‌گال وه‌سه‌ر شانی دادگه‌سه‌ بان دوو سه‌رینی کوردیا، پیاڵه‌یه‌چای دیشله‌مه‌ی وا له‌به‌رده‌ما و کیف و هوڕ جگه‌ره‌ ئه‌کیشێ و به‌ین نا به‌ینێکیش وه‌فیزیکۆ قمێ ئه‌دا له‌چاییه‌که‌ی. فه‌تەی خۆیزام و پیزه‌ی ژنیشی وه‌دیار کتلی و قورییه‌که‌وه ‌دووژه‌نگه‌یان داداگه.‌ سه‌لامێکم کرد له‌حازری و...

+ عه‌له‌یکومه‌سه‌لام

-خوا سه‌لامه‌تت کا، جا فه‌ته‌و پیزه‌عه‌له‌یکیان وت و کاورای ڕه‌شتاڵه‌یش له‌و لاوه‌ وه‌ک بزنمژه‌ک سه‌ری هه‌ڵوڕی و وتی " ئه‌ڵلابلخێر". ئه‌رێ وتم فه‌ته‌هه‌واڵه ‌وه‌حه‌یوولقه‌یووم وی، ئه‌م کۆڵه‌وه‌سه‌ کێس؟ فه‌ته‌یش وتی: سۆفی ئه‌وه ‌ئه‌بوخزه‌یری ئامۆزامه‌! وتم کوڕە فه‌ته ‌من شه‌جه‌ره‌ی تۆ تا باوکه ‌ئاده‌م ئه‌ناسم، باوک و باوه‌گه‌وره‌کانت هه‌تا ئه‌ڕوا هه‌ر فه‌ته‌ و خوله ‌و عه‌له‌یان ناو و؛ بێ له‌وه‌یچه ‌تۆ له‌م ئاواییه ‌ده‌رچی ئه‌شێ ته‌رجومانت لێلا وێ ئه‌ینا که‌س له ‌کوردیکه‌یشت حاڵیی ناوێ. ئه‌مجاره‌ تۆ ‌فوو و لێکه‌ن با ئه‌توا، ئه‌م کاورا بێ چاوێنی بێ، یه‌ژی گامێشی عاره‌وسانه ‌هه‌ر لاقێکی وه ‌قه‌ده‌ر چواری وه‌ک تۆ ئه‌وێ، ئیتر پێم نایه‌ژی ‌ئه‌م زرته‌بوزه ‌عەگال وە سەرەت له‌کوێ هاوردگه‌!

 

 

فه‌ته‌ وتی: سۆفی دوور له ‌تۆ نه‌تزانیگه‌، ئه‌م باشه‌، ته‌نیا داوای به‌شه ‌خوری و ڕۆنم لێ ئه‌کا. وا له‌وێ ئه‌بوو ئیسماعیلێ خۆی کردگه ‌وه برای باوک و دایکیی حه‌مه‌ی ژوور ئاوایی و وه‌نیازه‌ زه‌وییه‌کانی لێلا به‌شکا!

+ گاڵته‌ ئه‌که‌ی سۆفی، ئه‌گیان شتی وا چۆن ئه‌بێ؟

-خیلافت عه‌رز ناکه‌م ئیشه‌ڵلا! وه‌گیانه‌که‌ی هه‌ردکمان نوێژ و موێژم له‌بیر چوو، وه‌په‌له‌ڕامکردۆ بۆ ماڵ وتم نه‌وه‌کا ئه‌بوو جاسمێ خۆی له‌خاته‌ی ژنم کردووێ وه‌ من!

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure