هەواڵ

-

پێویسته‌ هاو هه‌ڵوێستی‌ سه‌رۆك بین

سه‌مه‌د زه‌نگه‌نه‌
7/1/2014 5:40:42 AM 432 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

به‌ ده‌ر له‌ ئینتیمای‌ حزبی‌ ، به‌ ده‌ر له‌ پاڵنه‌ره‌كانی‌ ئایدۆلۆژی‌ و ئاینی‌ و مه‌زهه‌بی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ ، به‌ ده‌ر له‌ دورنمای‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ پاوانخوازی‌ و بالاَده‌ستی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ ، به‌ ده‌ر له‌ په‌یوه‌ندیه‌ دوقۆڵی‌ و به‌رژه‌وه‌ندیخوازییه‌كان و گوماناوی‌ و ته‌مومژاوییه‌كان ، به‌ ده‌ر له‌ جامانه‌ی‌ سورو سپی‌ و كه‌تافی‌ و مرادخانی‌ و مه‌سعودی‌ و نێچیری‌ و ڕانكوچۆغه‌ ،به‌ ده‌ر له‌ ئاخافتن و فۆنه‌تیك و دیالێكتیكی‌ كرمانجی‌ و سۆرانی‌ و هه‌ورامی‌ و لوڕی‌ و ....هتد ، به‌ ده‌ر له‌وه‌ی‌ من یه‌كێتیه‌كی‌ پشتگوێخراوی‌ په‌راوێزخراوی‌ بڕیارم و تۆش پارتیه‌كی‌ ئاگاداری‌ نه‌خشه‌ نوێیه‌ سیاسیه‌كان و دابه‌شكردنه‌ نادیاره‌كانی‌ ( ڕۆڵ ) ه‌كانی‌ ، به‌ ده‌ر له‌وه‌ی‌ ئه‌و وه‌زیرێكی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ بێئاگای‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ و ژماره‌و جۆری‌ چه‌كه‌كان و بێخه‌به‌ر له‌وه‌ی‌ ئایا هه‌تا ئێستاش جه‌نگاوه‌ره‌كانی‌ له‌ هێرشدان یاخود یه‌رگری‌ و پارێزگاری‌ ؟ ئه‌ویتریش به‌ قه‌ناسه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بێته‌ وه‌زیرو ژه‌نه‌راڵی‌ گۆڕه‌پان و جه‌نگ ، به‌ ده‌ر له‌وه‌ی‌ كۆتایی‌ ئه‌م تاكتیكه‌ نامۆیه‌ به‌ دونیای‌ سیاسه‌ت و خوێندنه‌وه‌ی‌ هاوكێشه‌ ئیقلیمی‌ و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ، ڕاگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی به‌ دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێ‌ ، یاخود كۆتایی‌ ئه‌و جه‌نگه‌ ماڵوێرانی‌ كورد و سوتماكی‌ خاكه‌كه‌ی‌ و هه‌ڵبزڕكانی‌ خه‌ونه‌كه‌یه‌تی‌ ؟ به‌ ده‌ر له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌و ده‌یانی‌ تریش من له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی‌ و هه‌نگاو و ده‌ره‌نجامی‌ سیاسه‌ته‌كانیدام !چونكه‌ ؟

1-ئه‌و ( سه‌رۆك بارزانی‌ ) به‌ گوێره‌ی‌ یاساكانی‌ هه‌رێم و شه‌رعیه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن و ڕێككه‌وتنه‌ ستراتیژی‌ و دوو قۆڵی‌ و چه‌ند قۆڵیه‌كان سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ و پێویسته‌ هه‌موو تاكێكی‌ كورد گوێڕایه‌ڵی‌ بڕیاره‌كانی‌ بێت .


2- به‌ گوێره‌ی‌ هه‌مان یاساو هه‌مان ڕێكه‌وتنه‌كان و عورفی‌ په‌یڕه‌وكراوی‌ سیسته‌می‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌رێمیمان ( سه‌رۆك بارزانی‌ ) سه‌ركرده‌ی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان و بڕیارده‌ری‌ جه‌نگ و ئاشتی‌ و جولاَندنی‌ هێزو ...تاد .

3-مێژوی‌ خه‌باتی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ له‌ شێخ عه‌بدوالسه‌لامه‌وه‌ هه‌تا ئێستا ، ئه‌گه‌رچی‌ هه‌ندێكجار هه‌ڵدێرو نوشوست و نوچدان و هه‌ڵه‌شی‌ تێكه‌وتوه‌ و جارجاره‌ش له‌ پێناو مانه‌وه‌ودا ده‌سبردن بووه‌ بۆ ئاگر ، به‌لاَم له‌سه‌ر مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان سازشیان نه‌كردوه‌ و قوربانیشیان داوه‌ ،تۆ بڵێی‌ له‌م ساته‌وه‌خته‌ ناسك و مێژوییه‌شدا كه‌سێك هه‌بێت باوه‌ڕ بكات هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ مێژوییانه‌ به‌ فیڕۆ بده‌ن و خۆیان بخه‌نه‌ به‌ر نه‌عره‌ته‌ی‌ له‌عنه‌تی‌ مێژویی‌ گه‌لێكی‌ سته‌مدیده‌ ؟

لێگه‌ڕێن،با سه‌رۆك بارزانی‌ پێشه‌وای‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ بێت ، با هه‌مومان متمانه‌ی‌ مێژویی‌ پێببه‌خشین ، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتو بوو ،ده‌یكه‌ینه‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان و ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوش نه‌بوو ، با یه‌كه‌مین كه‌س من بكه‌ومه‌ به‌ر نه‌عله‌تی‌ مێژوییی‌ متمانه‌كه‌م

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure