هەواڵ

-

جێبەجێكردنی دەستوور یان ڕاپرسی بۆ قۆناغی دوای داعشیش دەست دەدات ‌

ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌
7/3/2014 6:27:15 AM 563 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

لە ڕارەوەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و لە سەكۆكانی میدیاشەوە باسی ئەگەری دەوڵەتی كوردستان، بە قبوڵكردن و رەتكردنەوە، دەكرێت. هەر نێوەندێكی جیهان خۆی بۆ هەڵوێست وەرگرتن لە بەردەم ئەم ئەگەرە وەرگرتووەو سیناریۆی جیاجیای مامەڵە لەگەڵ عیراقی دابەشكراو بۆ سێ دەوڵەت، كە یەكیان هی كوردستان دەبێت، تاوتوێ دەكەن. لە پەنا ئەم ئەندێشەیەشدا كە سیناریۆی قبوڵكردن و رەتكردنەوەی بۆ گەڵاڵە دەكرێ هەموو ئەم ناوەندانە چاویان بڕیووەتە سەر پرۆسەی سیاسیی بەغدا كە داخۆ دوا چانسی مانەوەی عیراق چۆن تاقیدەكرێتەوە؟ هیچ كام لەوانەی ئەگەرو نەگەرەكانی دابەشكردنی وڵات تاوتوێ دەكەن، ئیشی خۆیان لەگەڵ ئەم عیراقەی ئێستا هەیە، لەسەر ئەوی دەشێ بۆی بڕوا، پەك ناخەن. كوردیش كە پەیوەندیدارە بە ئەگەری دەوڵەتی كوردستان و لایەنێكیشە لە ململانێكانی عیراق ئیشی خۆی لە بەغدا لەسەر داهاتوو پەك ناخات. شەرع شەرمی نییە، زەمینەی دەوڵەت كە هات كوردستان ئاوی لێ ناخواتەوە، تا چۆڕێك لە سیاسەتی عیراق ماوە دەبێ بەشی ئێمەی تێدابێت و ئەو بەشە هەر دەشێ فیدڕاڵی و دەستووری و ساغبوونەوەی سنووری كوردستانی دابڕێنراو بێت.
لەسەر ئەم بنچینەیە چوونە بەغدای كوردستانییان (لە لیستەكانی یەكێتی، پارتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوو) بۆ كۆبوونەوەی كراوەی نوێنەران كارێكی راستەو بەشداری لە تەگبیرەكانی حكومەتی داهاتوو رێگایەكە لە سیاسەت و بێ ئەوە ئاگاداری كەینوبەینەكانی بەغدا نابین.
پێش داعش و پەرەسەندنەكانی گرمۆڵەبوونی سوپای مالكی لە شریتی ناوچەی سوننیدا، ئەم بژاردەیەش ڕاست بوو، پێش بەرواری (9/6) كە داعش موسڵی گرت، بەرواری هەڵبژاردنی گشتی هەبوو لەعیراق (30/4) كە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئەم هەڵبژاردنەی لەژێر دروشمی (جێبەجێكردنی دەستوور یان راپرسی گەل) تاودا. ئەم دروشمە بۆ ئەم قۆناغە هەستیارەش دەست دەدات كە باسی دابەشكردنی عیراق دەكرێ و لە هەمان كاتیشدا لە بەغدا ناكۆكەكانی شیعە و سوننەو كورد خەریكن بەرگی حكومەتی تازەو پۆستەكانی دەدورن.
ئەم دروشمە لەگەڵ ویستی مێژوویی مافی چارەنووسیشدا دەگونجێت كە یەكێتی لە شۆڕشی نوێدا هەڵیگرت و لە هەڵبژاردنی 1992 تا راپرسی دەستوور لە 2005 لە چێوەی فیدڕاڵیدا قۆناغێكی چەسپاندو ئێستاش لە دووریانێكدایە، یان ئەوەیە:
- دەستوور جێبەجێ دەكرێت كە دەسەڵاتی حكومەتی كوردستان دەناسێنێ، سنوورەكانی بەپێی نەخشەرێی 140 دیاری دەكات و شەراكەت لە سامان و دەسەڵات و هێزدا دابین دەكات، یاخود:
راپرسی لەسەر چارەنووس دەكاتە واقیعێكی بەرجەستە.
كات و ساتی هەڵگرتنی ئەم دروشمە كە زەمەنی خۆشی و شادی هەڵبژاردنەكانی نیسانی رابردووە، بەڵگەیە بۆ ئەوەی قسەی كوردستان لەسەر قبوڵنەكردنی رەوشی عیراق، بەو جۆرەی تا ئێستا بەڕێوەبراوە قسەیەكی تازە نییە كە لەئەنجامی قۆستنەوەی دۆخی داعشەوە هاتبێتە ئاراوە، وەك هەندێك لە رەوت و خەڵكی شۆڤێنیست وێنای دەكەن.
ئەمە قۆستنەوەی واقیعی دوای (9/6) نییە، بەڵكو ئەمە پابەندبوونە بە مەسەلەیەكی مەبدەئی كە یان ئەوەیە وانەی رابردوو ببێتە وانەی گەورە بۆ هەمووان كە فەرامۆشی رێی دەستوور درز دەخاتەوەو درزیش ماكی تیرۆری داعش ئاسایە، یاخود ئەوەیە كە دەستوور جێبەجێ نابێت كێشەكان هەو دەكەن و سەد داعشی تر قووت دەبنەوە و سەرەنجام ئەوە دەقەومێت كە نێوەندەكانی كەشناسی سیاسیی لە دونیاو ئیقلیمەكەشماندا پێشبینی دەكەن: دەوڵەتێكی دابەشكراو بۆ سێ دەوڵەت. كورد بۆ ئەمەش دیفاكتۆی نەسەپاندووە، بەڵكو دەڵێ‌ راپرسی كە رێیەكی نەرم و نیانی بڕیاردانە بێ‌ خوێن و فرمێسك و داعش

 

کوردستانى نوێ.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure