هەواڵ

-

سیاسەت وەك مۆندیالە ‌

د.شیركۆ عبدالله‌‌
7/3/2014 6:29:17 AM 579 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

(1)
من ئەردۆغانم خۆش ئەوێ
كابرایەكی رێك‌و پێكەو
بارودۆخەكەی بۆ ئەلوێ
لەگەڵ ئێمەش
هەڵوێستێكی هەیە راستە
ئەڵێ بڕۆن جیا ببنەوە
لەبەرئەوە
حەز ئەكەم ببمە دەروێشی
بەحیمایەی خزم‌و خوێشی
كەچی لەپڕ
دوكەڵەكەی قەندیل ئەڵێ:
وریای خۆت بە
گوریسی تیایە ئەم ماستە

(2)
سەردەمێكی زۆر هیچ‌و پوچ‌و
عادییە
ئەزمەی ماندێلاو غاندییە
سپارتاكۆس
قاچاخچێتی بەنزین ئەكا
كۆنەجاش غاریباڵدییە
پێشڕەویشمان
ئەبوبەكری بەغدادییە

(3)
دنیایەكی سەیرە لالە
وەك زەمانی تەقیانووسە
ئەڵێی خەوێكی ناخۆشی
پڕ كابووسە
سیاسەت وەك مۆندیالە
قارەمانی تیا نەماوە
یەكەم یاریی
ئیسپانیا ئەكرێتە دەرێ
عێراقیش بێ مامجەلالە

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure