هەواڵ

-

سەردەمی سەپاندنی دیفاكتۆ! ‌

عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌
7/13/2014 7:09:31 AM 444 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

چارەنووسی تونس-ی بن عەلی، میسری موبارەك، لیبیای قەزافی، یەمەنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سوریای ئێستا، عیراقی 10 ساڵی رابردوو تائەمڕۆ، هەموو پێكەوە پێماندەڵێن كە لەسەردەمێكدا دەژین لۆژیكی هێز حوكمی دەكات. بنەمایەك لەبنەماكانی لۆژیكی هێزیش، بریتییە لەسەپاندنی ئەمری واقع «» De Facto، واتە ئەو دۆخە دڵخوازەی كە خاوەن هێز دەیسەپێنێت، ئیتر بەبێ رەچاوكردنی رێسای گەمەكان‌و یاسای دیاردەكان، یان سڵەمینەوە لەوەی ئەم سەپاندنە، دەبێتە مایەی زیاندان لەبەرژەوەندیی كێ؟ یان كێی لەگەڵدایەو كێ-یش لەدژی دەوەستێتەوە.
بەفەرەنسییەكان بوایە، بن عەلی نەكەوتایە، چونكە دەسەڵاتی ئەو لەدیدی پاریسدا، سیمبولێكی سیكۆلاریزمی عەرەبی بوو. بەئەمریكییەكان بوایە هەر موبارەك حوكمی میسری بكردبایە، ئەوان بەپێی هەموو بەڵگەنامەكان، تا دواساتیش پەیوەندیی دیپلۆماسیی چڕوپڕیان لەگەڵ رژێمی موبارەكدا هەبوو!. بە خۆرئاوا بوایە، ساڵح-یش وەك سەرۆكی یەمەن لانەبرایە، ئەم پیاوە بەلایانەوە، هیچ نەبێ، باشتر بوو لەوەی ئەو وڵاتە بكەوێتە بن هەڕەشەیەكی بەردەوامی رێكخراوی قاعیدەو چەكدارە حوسییەكان. بەئەوروپاو ئەمریكاو قەتەرو سعودیەش بووایە، دەبوایە هەرزوو رژێمی ئەسەد بڕووخایە، خۆ ئەگەر بەگوێرەی هەر ئیرادەی ئەمریكاو لەگەڵیدا ئێرانیش بوایە، ئەوا دەبوایە تیرۆریزم لەعیراقدا درێژەی نەكێشایەو مەترسیش لەسەر یەكپارچەیی خاكی عیراق دروست نەبوایە.
بەمانایەكی روونتر، ئەگەر بەپێی سیناریۆكان‌و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی ئەوانیتر بوویە، نەك ئەوانەی دیفاكتۆی خۆیان دەسەپێنن، ئەوا هیچ یەكێك لەم رووداوانە روویان نەدەدا، مەسەلەكەش لێرەدا تەنها شكستی چاوەڕوانی‌و پلانە پێشوەخت داڕێژراوەكانی زلهێزە جیهانی‌و هەرێمایەتییەكان نییە بۆ نەخشەی سیاسیی ناوچەكە، یان رێكەوتی (صدفە) سیاسی، یان دەرچوونی هەلومەرجەكان لەژێر كۆنترۆڵدا، بەڵكو مەسەلە بریتییە لەو بەها تەقلیدییەی كە سەرلەنوێ سیاسەتی «دیفاكتۆ» لەمۆدێلی ئەمڕۆی سیاسەتی نێودەوڵەتیداو لەخۆسەپاندنی بەسەر رووداوە سیاسییەكاندا، بەدەستی هێناوەتەوە.
ئەمڕۆ هەر ئەم بەهای دیفاكتۆیەیە كە دەتوانێت چەند رووداوێكی ترمان بۆ شیبكاتەوە، لەوانە، ئەو كودەتایەی كە» عەبدولفەتاح سیسی» بەڕۆژی نیوەڕۆ بەسەر حوكمی مورسیدا (30/6/2012- 3/7/2013ز) كردی تادەگاتە قۆناغی قەدەغەكردنی ئیخوان، ئەو سەركوتكردنانەی كە دەسەڵاتدارانی بەحرەین لەدژی خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەیان ئەنجامیاندا، ئەو دۆزەخەی كە داعش لەسوریاو عیراقدا بەرپایكردووە، بەدیوەكەی تریشدا ئەوەی كە توركەكان بەئاشكرا لەكڕین‌و فرۆشتنی نەوتی كوردستاندا بەدەستیانهێناوە، ئەوەی كە كوردی رۆژئاوا لەڕاگەیاندنی كانتۆن‌و دەسەڵاتە خۆماڵییەكاندا بەدییهێناوە، هەروا ئەوەی كە خۆیشمان لەباشوور لەناوچە كوردستانییەكاندا كردومانەو پێشمەرگەمان تێدا جێگیركردووە. واتە هەموو ئەم رووداوانە، لەكۆتاییدا، ئاماژەگەلێكن بۆ گوزارشتكردن لەبەهای سیاسەتی سەپاندنی دیفاكتۆ، ئەوەشی كە زۆر گرەوی لەسەر دەكرێت بۆ شوێنكەوتنی ئەم سیاسەتە، بریتییە لەلۆژیكی هێز، واتە ئامادەیی بۆ رووبەڕووبوونەوە، بۆ ململانێ.
بێگومان وەك چۆن لەململانێدا هەر لایەو خۆی لەسەر رێگەی راست‌و ئەوانی دیكە لەسەر خراپە لەقەڵەمدەدات، ئاواش لۆژیكی سەپاندنی دیفاكتۆ، دیوی رەواو ناڕەواشی هەیە. دیفاكتۆ بۆ هێزگەلێك بەدەستهێنانەوەی مافە، بۆ هێزگەلێكی تریش هەژموونە بەسەر ئەوانی تردا، بۆ هەندێ هێز قۆستنەوەی بارودۆخەكانە، بۆ هیی تریش یاسای دارستان‌و قەڵەوبوونە لەسەر حسابی بێهێزەكان، لەهەموو دۆخێكیشدا ئەم سیاسەتە وابەستەی بیرۆكەی خۆسەپاندن‌و خۆسەلماندنە، جا رەوابێت یان ناڕەوا.
لەگەڵ هەموو ئەو بەڵگەنەویستانەدا، دەبێ دوو راستیی ئاڵۆز هەن فەرامۆش نەكرێن بۆئەوەی بیرۆكەی سەپاندنی دیفاكتۆ، وەك پڕۆژەیەكی ئاسان وێنانەكرێت، راستی یەكەم ئەوەیە كە: دیفاكتۆ تەنها بەلۆژیكێكی میلیتاری دروستناكرێت، بەڵكو پەیوەستە بەدیراسەكردنی هەلومەرجەكان‌و خوێندنەوەی هەڵوێستەكانیشەوە، واتە هێزێكی تری لەپشتە كە بریتییە لەهێزی زانیاریی‌و مەعریفە، دووەمیشیان: دیفاكتۆ، زۆرجار، لەقۆناغەكانی داهاتوودا رووبەڕووی پەرچەكرداری ئەوانیتر دەبێتەوە، واتە سەپێنراوێكی سەقامگیر نییە.
لەپەیوەندیدا بەو دیفاكتۆیەی كە كورد لەباشوورو لەناوچە كوردستانییەكاندا دروستیكردووە، دیفاكتۆیەكمان هەیە كە پشتئەستوورە بەمافی نەتەوەیی‌و بەڵگەنامەی مێژوویی، واتە دیفاكتۆیەكە رەوا، بەڵام لەپەیوەندیدا بەدەستوورو هەڵوێستی حكومەتی مالیكی‌و عەرەبی عیراق بەگشتی، دیفاكتۆیەكی رەتكراوە (مرفوچ). بۆ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستانیش، مومكینە بتوانین دیفاكتۆی خۆمان بهێنینەدی، بەڵام ئەوانیتر ئەگەر توانای پەكخستنیشیان نەبێت، لەئاستیدا بێدەنگ نابن!. كەواتە دەبێ هەم سوود لەسەپاندنی دیفاكتۆ وەربگرین، هەم لەئێستاوە ئامادەكارییمان بۆ ململانێ‌و رووبەڕووبوونەوە كردبێت كە بریتییە لەگەڕانەوە بۆ لۆژیكی هێز، هێز تەنها بەمانا میلیتارییەكەی نا، بەڵكو بەهەنگاوی دیبلۆماسی، سیاسی، ئابووری، دیراسەكردنی هەلومەرجەكان، پێش ئەوانەش كۆدەنگیی نەتەوەیی. ئێمە كاتێك لەهەموو ئەم ئاستانەدا جووڵاین‌و شوێنپێی خۆمان كردەوە، ئەوسا ئیدی ئەوانیتریش ناچاردەبن مل بۆ دیفاكتۆكانمان بدەن!.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure